ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، دابەزینی نرخی نەوت كاریگەریی لەسەر دابەشكردنی مووچە ناكات لە عێراق، جەختیش دەكاتەوە دواكەوتنی مووچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێم بۆ بێمتمانەیی لەنێوان حكومەتی هەرێم و عێراق دەگەڕێتەوە. دارا سێكانیانی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغداود پێویستی بە رێككەوتن نییە بەڵكو پێویستی بە جێبەجێكردنی یاسا و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵییە”. وتیشی، “حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك پێویست ئامادە نییە ئەو كێشەیە چارەسەربكرێت كە 11 ساڵە بەدەستیەوە دەناڵێنێت كە بەپێی بڕیارێكی دادگای فیدراڵی چارەسەر بووە، بەڵام هەنگاوی جدی بۆنانرێت ئاماژەی بەوەشكردووە، دابەزینی نرخی نەوت حكومەتی عێراق توشی گرفتی دابەشكردنی مووچە ناكات، چونكە عێراق خاوەنی یەدەگێكی باشی دراو و زێڕە، رەنگە دابەزینی نەوت كاریگەریی لەسەر هەندێك پرۆژە درووست بكات، بەڵام كاریگەریی لەسەر مووچەی فەرمانبەران نابێت. ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ئەوەشی وتووە، بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی عێراق، هەر خانەنشینێك بگاتە تەمەنی یاسایی خانەنشینی و 25 ساڵ خزمەتی هەبێت، بە كۆمەڵێك مەرجی دیكەوە ئەوكات ئیكرامیی دەیگرێتەوە و 12 مووچەی بنەڕەتیش وەردەگرێت.