ئەندامی سەركردایەتیی پارتی ئاماژە بەوەدەكات هەرلە كۆنەوە پلانی حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق برتی بووە لە لێدان لە قەوارەی هەرێمی كوردستان، چونكە لە هیچ شوێنێكی دنیا نییە دەوڵەتێك مووچەی فەرمانبەرانی خۆی ببڕێت، بەلام ئەوە عەقڵیەتی بەغدایە بەو جۆرە مامەڵە دەكات. د.ئەشواق جاف، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی ڕایگەیاند: ئەم بڕیارانەی بەغدا، پەیوەندیی بە عەقڵیەتی ئیدارەی دەوڵەتی عێراقەوە هەیە، كە بەهیچ شێوەیەك قبووڵی نییە كورد هاووڵاتیی ژمارە یەك بێت، ئەمە پلانی بۆ داڕێژراوە، هەرلە كۆنەوە پلانی حكومەتی یەك لەدوای یەكەكانی عێراق بووە هەموو پلانەكەیان لێدانە لە قەوارەی هەرێمی كوردستان. ئاماژەی بەوەشكرد، بەغدا وێنەیەكی زۆر ناشیرنیان نیشانی جیهان دا سەبارەت بە بەڕێوەبەردنی دەوڵەت، چونكە لە هیچ شوێنێكی دونیا نییە كە دەوڵەتێك مووچەی فەرمانبەرانی خۆی ببڕێت، هاوكات بڕیارەكانی عێراق تەواو هی ناوخۆ نین بەڵكوو هەندێك وڵات دەستیان لە پشت ئەو بڕیارانەوە هەیە. ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەندێك هێزی سیاسیی لەناوخۆی عێراق كە لە دژی ڕێكخستنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدان، دەستیان لە بڕیارەكاندا هەیە، ئەو هێزانە سۆزیان بۆ عێراق نییە بەڵكوو بۆ وڵاتانی دیكەیە، بۆیە یەكڕێزیی ماڵی كورد لە هەموو شتێك گرنگترە بۆ دۆخی ئێستا.