بەرپرسێكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات پرۆسەی وەرگرتنی ناوی كاندیدەكان كۆتایی هاتووە و دەست بە وردبینیی ناوی بەربژێرەكان دەكەین و، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكان لە 15 رۆژدا وەڵامممان بدەنەوە. عیماد جەمیل، سەرۆكی تیمی میدیایی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق راگەیاند: پرۆسەی وەرگرتنی لیستی بەربژێرەكان لە هاوپەیمانێتی و پارتەكان كۆتایی هاتووە و كۆمیسیۆن دەستی بە وردبینیی ناوەكان كردووە، چاوەڕوان دەكرێت لەم هەفتەیەدا قۆناخی یەكەمی وردبینییەكە تەواو بێت. ئاماژەی بەوەشكردووە، دوای تەواوبوونی وردبینی سەرەتایی، كۆمیسیۆن ناوەكان بۆ پشكنینی شایستەیی رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات، كە بریتین لە وەزارەتەكانی بەرگری، ناوخۆ، پەروەردە و خوێندنی باڵا، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، دەستەی دەستپاكی، دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەڵگە و تاوان. ئەو بەرپرسەی كۆمیسیۆن ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێویستە ئەو لایەنە پەیوەندیدارانە لە 15 رۆژدا وەڵامی كۆمیسیۆن بدەنەوە، دواتر ئەنجوومەنی كۆمیسیاران ناوی بەربژێرەكان بە شێوەی كۆتایی پەسند دەكات و كۆی گشتیی پرۆسەی وردبینی لە ناوی بەربژێرەكان، نزیكەی یەك مانگ دەخایێنێت.