ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی گۆڕانی گردی زەرگەتە دڵخۆشی خۆی بە داخستنی كەناڵی كەی ئێن ئێن دەردەبڕیت و دەڵێت "دەبوو زووتر دابخرێت، ئێستا رۆحی كاك نەوشیروان مستەفا ئاسوودە دەبێت". كەناڵی كەی ئێن ئێن، زمانحاڵی بزووتنەوەی گۆڕان بوو، لە ساڵی 2021دا بۆ ماوەیەك داخرا و دواتر پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە هاوینی 2021دا كرایەوە، بەڵام سەرەنجام، لە سبەینێ ١ی تەموزەوە داخرایەوە، كەی ئێن ئێن، لەگەڵ دوولەتبوونی بزووتنەوەی گۆڕان لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو لەنێوان باڵی كوردسات و گردی زەرگەتە، بووە لایەنگری باڵی كوردسات. نزار ساڵح، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی (گۆڕانی گردی زەرگەتە) لە فەیسبووكی نووسیویەتی "كەناڵی كەی ئێن ئێن سەرەتا دامەزرا لەسەر دەستی كاك نەوشیراون و سەر بە كۆمپانیای وشە بوو، ئامانجی وشیاركردنەوەی خەڵك و ئاشناكردنیان بوو بە مافەكانیان و كەناڵێكی ڕەخنە گرو ئازاو ئازاد بوو، ئەوەی كەس نەیدەتوانی بیڵێت، ئەو وتی، ئەوەی لەتاریكی بوو، ئەو ئاشكرای كرد، كەناڵی حیزب نەبو كەناڵی شەخس نەبوو، بەڵكو دەنگ و ڕەنگی مافخوراوان بوو". ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "بەڵام دوای كۆچی كاك نەوشیروان و هێنانە دەرەوەی لەكۆمپانیای وشە، بەداخەوە ئەو كەناڵە كە مۆتەكەی دەسەڵاتدارە گەندەڵەكان بوو، دەستەمۆكراو ئەو ئامانجەی بۆی دامەزرا لەدەستی دا". هەروەها وتویەتی "كار گەیشتە ئەوەی ماوەیەك لەبەر خۆدزینەوە لە ڕەخنە لەدەسەڵاتداران داخرا بەبیانوی ئەوەی ناتوانرێت ئیدارەی بدرێت و لەژێر فشارێكی زۆری دڵسۆزان و هەڵسوڕاوان بەناچاری كرایەوە، بەڵام بەخراپتر لە پێشوو، نەك هەر نەیتوانی ببێتە دەنگ و ڕەنگی خەڵك، بەڵكو نەبووە دەنگ و ڕەنگی بزوتنەوەی گۆڕانیش، بەڵكو بووە زمانحاڵی تاقمێكی ناو گۆڕان و زۆر لەئاستی نزمدا دابەزییە ناو ململانێكان، لەلایەكی دیكەشەوە كەوتنە دەركردن و نانبڕین و سزادانی كادیرە دڵسۆزو چالاكەكانی و تەسفیەكردنیان". نزار ساڵح دەڵێت "ئێستاش داخستنەكەی دیارە بۆ چییە و ئەوان مەبەستیان چییە، بەڵام هیچ نەبێت بۆ ماوەیەك ڕۆحی كاك نەوشیروان ئاسوودە دەبێت و گۆڕانخوازانیش دڵخۆش دەبن كە گوێیان لێی نابێت و نایبین كە چۆن و چ شەرمەزارییەكی بۆ گۆڕان و گۆڕانخوازان دروستكردووە".