هێزێکی ئەمنی لە شاری سلێمانی بەمەبەستی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک چوونەتە دۆڵی شاورێ، بەڵام تۆمەتبار چۆتە ماڵی حەمەی کاکە هەمزە، کەسایەتی دۆڵی شاورێ، بەو هۆیەشەوە شەڕ و تەقە دروستبووە. سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆڵی شاورێ بە بواری راگەیاند، ئەمڕۆ هێزێکی ئەمنی لە شاری سلێمانییەوە چوونەتە سنوری دۆڵی شاورێ لە شاری رانیە بەمەبەستی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێک، بەڵام تۆمەتبارەکە خۆی کردووە بە ماڵی (حەمەی کاکە هەمزە ) کەسایەتی دۆڵی شاورێ. هەر بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، دوای هەڵکوتانی ئەو هێزە بۆ سەر ماڵی حەمەی کاکە هەمزە، کوڕانی ناوبراو راستەوخۆ کەسوکاریان ئاگادارکردۆتەوەو ئەوانیش بەهانایانەوە چوون و دوای دروستبوونی شەڕ و تەقە هێزەکە شوێنەکەیان جێهێشتووە. سەرچاوەکە وتی "لەهیچ هێزێکی ئەمنی و حزب و لایەنێک قبوڵ ناکەین جارێکی تر بێ فەرمانی دادگا هەڵبکوتنە سەر هیچ هاوڵاتی و ماڵێکی دۆڵی شاورێ، چونکە ئەم سنورە خاوەن سەروەری خۆیەتی و خاوەنی سەدان شەهیدی سەنگەری پارێزگاری لەخاکی پیرۆزی کوردستانە".