لەگەڵ ئەوەی خەرجكردنی هەموو جۆرە پارە و دەرماڵەیەك بۆ خوێندكاران لە زانكۆ حكومی و ئەهلییەكان ڕاگیراوە، بەڵام پێچەوانەی ڕێنماییە داراییەكان وەزارەتی دارایی ڕەزامەندی داوە لەسەر خەرجكردنی بڕی نزیكەی دوو ملیار دینار بۆ كریی خوێندنی كوڕ و كچانی شەهیدان تەنها ئەوانەی لە زانكۆی ئەمەریكی دەخوێنن. بە گوێرەی ئەو نوسراوەی لەبەردەستی بواردایە، وەزارەتی دارایی ڕەزامەندی داوە بە خەرجكردنی بڕی یەك ملیار و 919 ملیۆن و 226هەزار دینار بۆ كرێی خوێندنی كوڕان و كچانی شەهید لە زانكۆی ئەمەریكی بۆ ساڵی خوێندنی چوار ساڵی خوێندنیان لە ساڵی 2020 تا ساڵی 2024. لە نوسراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، ئاماژە بە ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران بە ( 4980 ) لە 27/4/2025 هەروەها نوسراوی ژمارە ( 76 ) لە 29/1/2025 ڕەزامەندی دراوە بە خەرجكردنی بڕی ئەو پارەیەی سەرەوە. بە داشكاندی ڕێژەی لە %25 ، هاوكات ئەو بڕە پارەیەش لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی سلێمانی دەبێت. بە گوێرەی ئەو نوسراوەی كە لەبەردەستی بوارە بە دوو تێبینی ئەوەشهاتووە كە 1. بۆ گۆڕینەوە دۆلار بە دینار ڕەچاوی نرخی وەزارەتتان كراوە بەپێی هەردوو نوسراوی ( 583) لە 20/12/2020 هەروەها نوسراوی ژمارە(108 ) لە 1/3/2023. 2. ئەم ڕەزامەندییە بەدەرە لە رێنمایی دارایی ژمارە ( 23 ).