گرنگ

سەرچاوەیەك لە حكومەتی هەرێم: بە جێبەجێكردنی داواكارییەكانی عێراق، بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێم دەوەستێت

2025-07-08

 

سەرچاوەیەكی بەرپرس و ئاگادار لە حكومەتی هەرێم، وردەكاری داواكارییەكی عێراق لە هەرێم بۆ بوار دەخاتەڕوو كە بەرهەمھێنانی كارەبا لە هەرێم دەوەستنێت. بەپێی زانیارییەکانی بوار، محەمەد شەیاع سودانی داوای تەواوی دۆسیەی نەوتی هەرێم دەکات و ئەوەی بە بەرپرسانی هەرێم ڕاگەیاندووە کە قبوڵ ناکەن تەنانەت هەرێم دەسەڵاتی بەسەر یەک بەرمیل نەوتیشدا هەبێت. بەپێی زانیارییەكانی بوار، سودانی داواكاری ڕادەستكردنی تەواوی دۆسییەی نەوتی هەرێمی بەستووەتەوە بە جێبەجێكردنی دەستوری عێراق. بەڵام بەرپرسانی هەرێم ئەو داواکارییەی سودانییان ڕەتکردووەتەوە کە تەواوی نەوت ڕادەستی بکەن. هەرێم پێی وابووە كە دەبێت تا یەكلاییكردنەوەی یاسای نەوت و غاز لە عێراق بە پێی ڕێككەوتن مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی نەوت بكرێت. ئەمە جگە لەوەی بەرپرسانی هەرێم ئەوەیان بە سودانی ڕاگەیاندووە كە هەرێم بەشێک لە نەوتەکەی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردەهێنێت لە ناوخۆدا. سەرچاوەیەكی بەرپرس لە حكومەتی هەرێم ئەوە بۆ بوار خستەڕوو كە هەرێم ئەگەر داواكارییەكانی بەغدا جێبەجێ بكات ئەوا دەبێت بەرهەمهێنانی كارەبا بوەستێنێت بەمەش قەیرانێكی گەورە لە هەرێم دروست دەبێت. بەپێی زانیارییەکانی بوار، کۆمپانیای داناغاز لە کێڵگەی کۆرمۆر رۆژانە ٢٠ هەزار بەرمیل کۆندێسەیت بەرهەم دەهێنرێت کە نرخەکەی لە نەوت گرانترەو بۆ بەرهەمهێنانی بەنزینی کوالێتی بەرز سوودی لێدەبینرێت. ڕۆژانە ئەو بیست هەزار بەرمیل كۆندێسەیتە بە کۆمپانیای قەیوان دەفرۆشێت و پارەکەی دەخرێتە بەرامبەر شایستەی دارایی ئەو کۆمپانیایە لە بەرامبەر بەرهەمهێنانی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبای هەرێمی کوردستان. بەپێی زانیارییەکانی بوار، جگە لەو ٢٠ هەزار بەرمیل کۆندێسەیتە، هەرێم رۆژانە نزیکەی ٢٠ هەزار بەرمیل نەوتی دیکە لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای خەبات و باعەدرێ بەکاردەهێنێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color