سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، پابەندن بە جێبەجێ كردنی یاسای بودجە و بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی و دەشڵێت تاوتوێی دوو ڕەشنووسی فیدڕاڵ و هەرێم كراوە و دراوە بە لیژنە بۆ بڕیاردان لێیی و دواتر پەسەند كردنی. نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە پابەندبوونی حکومەت بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە پابەندبوونە داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێی دوو ڕەشنووسی كردووە. یەکەمیان: لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی فیدراڵیەوە پێشکەشکرا. دووەمیان: لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشکەشکرا. ڕاشیگەیاندووە، ڕەشنووسەكان تایبەت بوون بە گواستنەوەی داهاتی نەوت و نانەوتی هەرێم و هەروەها مووچە و یەکلاکردنەوەی فەرمانبەران. ئاشكراشی كردووە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕێنمایی دا بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری پلاندانان و لەخۆگرتنی وەزیرانی ئاوەدانكردنەوە و خوێندنی باڵا و داد و تەندروستی، بۆ تاوتوێکردنی ئەو دوو ڕەشنووسە لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان. جەختیشی كردۆتەوە، لیژنەکە ڕاسپاردەکانی پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران دەکات بۆ ئەوەی بە زووترین کات بڕیارێکی گونجاو بدرێت.