حکومەتی عێراق ڕەشنوسێکی بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ حکومەتی هەرێم پێشکەشکردووە و بوار دەقی ڕەشنوسەکە بڵاو دەکاتەوە کە چەند تەوەرێک لەخۆ دەگرێت یەکەم ڕادەست کردنی نەوت قۆناغی یەکەم ۱-ڕادەستکردنی هەموو نەوتی بەرهەمهێنراوی ئێستا و هەر زیادکردنێک لەداهاتوو هەبێت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکرێت و لە ئێستادا ۲٨۲ هەزار بەرمیلە و ۲۳٦ هەزار بەرمیلی هەناردە بکرێت و ٤٦ هەزار بەرمیلی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ بێت لەژێر سەرپەرشتی حکومەتی عێراق و هەژمارکردنی ۱٦ دۆلار وەک تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت . ۲- خەمڵاندنی پێداویستی بەکارهێنانی ناوخۆی هەرێم لە نەوت و سوتەمەنی لەماوەی ۳۰ ڕۆژدا لەلایەن لیژنەیەکی هاوبەشی وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتیەکان. دووەم ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆی مانگانە کەمتر نەبێت لە ۲۰۰ ملیار دینار بەپێی تەرازووی پێداچوونەوە کە داهاتی نانەوتی ساڵانەی هەرێم گەیشتوەتە چوار تریلیۆن و ۷۰۰ ملیار دینار . سێیەم دروستکردنی لیژنەیەک لەنێوان هەرێم و بەغدا بۆ تەواوکردنی بابەتی تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لەماوەی ۹۰ ڕۆژ . چوارەم دروستکردنی لیژنەیەک لەنێوان هەرێم و بەغدا بۆ پێداچوونەوە بە پشکی هەرێم بە پێی یاسای بودجە بەپێی خەرجی ڕاستەقینە و لیژنەکە لەماوەی دوو هەفتەدا ڕاپۆرتی خۆی دەداتە ئەنجومەنی وەزیران . پێنجەم وەزارەتی دارای عێراق مووچەی فەرمانبەران دەنێرێت دوای ڕێکەوتن و دەسپێکردنی جێبەجێکردنی خاڵەکانی یەکەم و دووەم و سێیەم و چوارەم .