هەرێم و بەغدا لەسەر رادەستكردنی نەوتی هەرێم و چارەسەركردنی كێشەی موچە بۆ ماوەی دوو مانگ ڕێككەوتوون. بەپێی زانیارییەكانی بوار، بەپێی ناوەڕۆكی رەشنوسی ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا دەبێت هەرێمی كوردستان تەواوی نەوتەكەی ڕادەستی عێراق بكات و عێراقیش 52 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێداویستی ناوخۆی هەرێم دابین دەكات. بەپێی زانیارییەكان، هەرێم دەبێت بەردەوام لە بەرهەمهێنانی نەوت و بەرهەمە زیادەكەشی ڕادەستی عێراق بكات. لە ماوەی دوو مانگدا پێداچوونەوە بە رێژەی پێداویستی ناوخۆی هەرێم دەكرێت و ئەگەر زانرا ئەو بڕەی بۆی دەست نیشان كراوە بەشی بەرهەمی ناوخۆیی ناكات. ئەوا مانگانە لە نەوتی كەركوك، عێراق رۆژانە 15 هەزار بەمیلی دیكە رادەستی هەرێم دەكات بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی. بەپێی زانیارییەكان، دەبێت هەرێم مانگانە وەك داهاتی ناوخۆ 120 ملیار دینار رادەستی بەغدا بكات. واتە بۆ ماوەی مانگەكانی پێنج و شەش 240 ملیار دینار رادەست بكات. دواتر لێژنەیەك لە دیوانی چاودێری دارایی عێراق دیتە هەرێم و وردبینی بۆ داهاتی فعلی هەرێم دەكات و دەبێت هەرێم نیوەی داهاتی فیعلی هەرێم ڕادەست بکات. بەپێی زانیارییەكان، دەبێت هەرێم بەردەوام بێت لە بەبانكیكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و عێراقیش تەمویلی موچەی مانگی پێنج و شەش دەكات. بەپێی ناوەرۆكی ئەو رەشنوسە، هەرێم و بەغدا بەردەوام دەبن لە گفتوگۆكردن لەسەر پرسی نەوت و داهاتی ناوخۆ پاشان بەپێی ناوەرۆكی گفتوگۆكان ڕێككەوتنێكی نوێ لە نێوان هەرێم و بەغدا دەكرێت بۆ شەش موچەكەی دیكەی ساڵی 2025.