میدیای فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاشکرای دەکات، کۆتایی ئەم هەفتەیە نەوتی هەرێم رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت. کەناڵی گەلی کوردستان، میدیای فەرمی یەکێتی بڵاویکردۆتەوە "بەپێی زانیارییەكان لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا پرۆسەی تەسلیمكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەكۆمپانیای سۆمۆ دەستپێدەكات". میدیاکە لە سەرچاوەیەکی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشکردووە "حكومەتی هەرێم هەنگاوە كردەییەكانی بۆ خەرجكردنی مووچەی مانگی شەش و دەستپێكردووە و هەر لەم هەفتەیەشدا نەوت و داهاتی نانەوتی بۆ مانگی شەش و لیستی مووچەی مانگی حەوتیش تەسلیمی بەغدا دەكرێت". ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق وردبینی لیستی مووچەی مانگی ٦ی فەرمانبەرانی هەرێم تەواو کردووە.