د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی دامەزراوەی میزۆپۆتامیا دەڵێت، لێبڕینی ٣٪ ی خانەنشینی داواکاری هەرێمی کوردستانە، نەک عێراق، ئەگەر هی عێراقیش بێت هەڵەیە. دەقی نووسینەکەی.. دوابەدوای سەرکەوتنی داواکەمان لە دادگای باڵای فیدڕاڵی بە ژمارە (212/ فیدڕاڵی/ 2022) و، دەرچونی بڕیاری دادگا سەبارەت بە هاوتاکردنی موچەی سەرجەم خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ خانەنشینانی عێراق و، جێبەجێ کردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتو ژمارە (9)ی ساڵی 2014ی هەموار کراو، دەسەڵاتدارانی هەرێم پاش دەستی دەستییەکی زۆر دواجار لەمانگی 7ی ساڵی رابردوەوە دەستیان کرد بەجێبەجێ کردنی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی. یەکێک لەو کێشانەی لەجێبەجێ کردنی یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2014 هاتۆتەکایەوە، نەبونی سندوقی خانەنشینییە لە هەرێم، هەرچەندە بەم دواییانە بڕیاری دروست کردنی سندوقەکە دراوە، بەڵام بەهۆی نەبونی ئەم سندوقە لە رابردودا، کۆی لێبڕینی خانەنشینیی فەرمانبەرانی هەرێم و بەشداریی دەوڵەت بۆ سندوقی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان دیار نییە و نازانرێ چیی لێکراوە!؟ لەم ڕۆژانە لە میدیاکانەوە بابەتی لێبڕینی خانەنشینی بە بڕی (3%)ی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ هەموو ساڵەکانی دوای (1/ 1/ 2014) وروژێنرا، گوایا لەسەر داوای حکومەتی فیدڕاڵییە، دواتریش «نوسراوێکی وەزارەتی دارایی»ـی هەرێمم بەدەست گەیشت کە رێنمایی ئەم لێبڕینەیە و لەخوارەوە وێنەیەکی دادەنێم. دوای لێکۆڵینەوەی ئەم شێوازە لە لێبڕین و بەو شێوەیەی لەو نوسراوەدا هاتوە، دەردەکەوێت کە ئەو لێبڕینە هیچ پەیوەندییەکی بە حکومەتی فیدڕاڵییەوە نییە، بەڵکو لەسەر خواستی دەسەڵاتدارانی هەرێمە. بەڵام ئەگەر لەسەر خواستی حکومەتی فیدڕاڵیش بێت، ئەوا داواکارییەکی ناڕەوایە و، لە ڕوی یاساییەوە هەڵەیە و لە هەمان کاتیشدا ستەمێکی گەورەیە لەفەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم لەبەر ئەم چەند خاڵەی خوارەوە: 1. ئەوە راستە کە بە جێبەجێ کردنی یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2014، پێویستە بەپێی (مادەی 17/ یەکەم)ـی یاساکە لێبڕینی خانەنشینیی فەرمانبەران لە (7%)ەوە بگۆڕێت بۆ (10%)، بەڵام ئەی (7%)ەکەی کە لە پێشوتر لە موچەی فەرمانبەران بڕدراوە کوا!؟ ئەی باشە هەر بەپێی هەمان مادەو بەند ئەبێت بەشداریی خەزێنەی گشتی لە لێبڕینی خانەنشینی (15%) بێت، ئەی بۆ باس لەمە نەکراوە و ئەمەش نەکراوەتە قەرز لەسەر «حکومەتی هەرێم» و مانگانە (15%)ی موچەی بنەڕەتیی فەرمانبەران وەک قەرز لەسەر خۆیان هەژمار بکەن بۆ هەمو ساڵەکانی دوای (1/ 1/ 2014) و بیدەنەوە!؟ 2. لەو نوسراوەدا ئاماژە بەوە نەدراوە کە ئەم پارەیە لە موچەی مانگەکانی داهاتوی فەرمانبەران و خانەنشینان ئەبڕێت، ئەچێ بۆ کوێ!؟ خۆی لێبڕینی خانەنشینی لە فەرمانبەر و لە دەوڵەت کە ئەکاتە (25%)ی موچەی بنەڕەتیی فەرمانبەر، بەپێی یاسای خانەنشینی ئەبێت بە داهات بۆ سندوقی خانەنشینی. ئایا وەک هەمو لێبڕینی خانەنشینییەکانی پێشوی فەرمانبەرانی هەرێم ون ئەکرێت و کەس نازانێت چیی لێدێت!؟ ئایا چی ئەکەن بۆ بەستنەوەی لێبڕینی خانەنشینیی فەرمانبەرانی هەرێم بە سندوقی خانەنشینیی عێراق!؟ 3. باشە ئێستا کە بە (أثر رجعی) لێبڕینی خانەنشینیی فەرمانبەران بەپێی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوی ئاماژەپێدراو وەک قەرز ئەبڕن، ئەی ئایا ئەو هەمو فەرمانبەرەی لە (1/ 1/ 2014)ەوە خانەنشین بوون و شایستەی خانەنشینییەکی زیاتر بون بەپێی ئەو یاسایە، یان ئەوانەی پێش 2014 خانەنشین بون و بەپێی یاساکە دەبو لە 1/ 1/ / 2014ەوە موچەکەیان هەموار بکرێتەوە، ئایا قەرەبوی هەمو ئەو ماوەیەیان بۆ ئەکەنەوە و موچەکانی ئەو ماوەیەیان هاوتا ئەکەنەوە لەگەڵ یاساکە!؟ 4. لە ڕوی یاساییەوە و بەپێی مادەی (37/ یەکەم)ی پەیڕەوی ناوخۆی دادگای باڵای فیدڕاڵی ژمارە (1)ی ساڵی 2022، بڕیارەکانی ئەو دادگایە لە رۆژی دەرچونیانەوە ئەچنە بواری جێبەجێ کردنەوە. بڕیاری (212/ فیدڕاڵی/ 2022) سەبارەت بە خانەنشینانی هەرێم و پابەند کردنی دەسەڵاتدارانی هەرێم بە جێبەجێ کردنی یاسای ژمارە (9)ی ساڵی 2014ی هەموارکراو، لە رۆژی (23/ 11/ 2022) دەرچوە. واتە لەو بەروارەوە ئەو یاسایە بەرکارە بۆ پرسی خانەنشینی بە لێبڕینی خانەنشینی و بە موچەشەوە. واتە لەو بەروارەوە پێویستە لێبڕینی خانەنشینیی فەرمانبەر و دەوڵەت وەک یاسا بەرکارەکەی لێبکرێ و، بە هەمان شێوە لەو بەروارەوە موچەی سەرجەم خانەنشینانی هەرێم هاوتا بکرێت، نەک لێبڕینی خانەنشینی هەموار بکرێ بەڵام موچەی خانەنشینی هاوتا نەکرێت! ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەیانەوێت یاسای خانەنشینیی بەرکار لە 2014ەوە بە (أثر رجعی) جێبەجێ بکەن ئەوا پێویستە هەموی جێبەجێ بکەن نەک تەنها لێبڕینی خانەنشینی!