گرنگ

مانگی سێ، جەژنی مووچەخۆران و مانگی ئایاریش رەشترین مانگی مووچەخۆران بوو

2025-07-30

 

مانگی سێی ئەمساڵ، جەژنی مووچەخۆرانی هەرێم بوو لەبەرئەوەی دوو مووچەیان وەرگرت، بەڵام مانگی ئایاریش بووە رەشترین مانگی مووچەخۆران، بەو پێیەی زۆرترین ماوەی دواکەوتنی مووچە بوو بەراورد بە مانگەکانی دیکە. بەپێی خشتەی بڵاوکراوەی مووچەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم، رۆژی ٥ی٢ی ئەمساڵ، یەکەم رۆژی دابەشکردنی مووچەی مانگی ١ی ئەمساڵ بوو، رۆژی ١٠ی ٢ی ٢٠٢٥یش دواڕۆژی دابەشکردنی مووچە بوو. هەروەها رۆژی ١٣ی ٣ یەکەم رۆژی دابەشکردنی مووچەی مانگی ٢ی ئەمساڵ بوو، رۆژی ١٨ی هەمان مانگیش دواڕۆژی دابەشکردنی مانگی شوبات بوو. هەر لە مانگی سێ بۆ یەکەمجار دوای چەندین ساڵ، رۆژی ٢٧ی ئازار، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ٣ کرا و رۆژی ٢٩ی هەمان مانگیش، دابەشکردنی مووچەی مانگی ٣ کۆتایی هات. بەڵام دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان سەرەتای دووبارە دواکەوتنی مووچە بوو، بەجۆرێک رۆژی ١٤ی ئایار دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان کرا و رۆژی ١٨ی ئایاریش کۆتایی بە دابەشکردنی مووچەی ئەو مانگە هات. رەنگە دواکەوتنی مووچەی مانگی ئایار بچێتە نێو مێژووەوە لە هەرێمی کوردستان، لەبەرئەوەی بەهۆی کێش کەڵەکەبووەکانی هەرێم و بەغداد، دوای نزیکەی ٧٠ رۆژ مووچەکە دابەشکرا، بەشێوەیەک رۆژی ٢٥ی ٧ دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی ئایار کرا و رۆژی ٢٧ی ئایار کۆتایی هات. بۆ مووچەی مانگەکانی شەش و حەوتیش، بڕیارە کار لەسەر رێکەوتنی هەولێر و بەغداد بکرێت بەوەی حکومەتی هەرێم رۆژانە ٢٣٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات و مانگانەش ١٢٠ ملیار دینار داهاتی ناوخۆ رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بکات.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color