گرنگ

تیمی كوردستانی عێراقی CPT: مامەڵەی دوژمنكارانەی دەسەڵاتدارانی هەرێم بەرامبەرار بە شێروان شێروانی بەردەوامە.

2025-08-19

 

دوای ئەوەی ئەمڕۆ دادگا بڕیاری زیندانیكردنی زیاتر لە چوار ساڵی دیكەی بەسەر ڕۆژنامەنوس شێروان شێروانیدا سەپاند، تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوی CPTبە یاننامەیەكیان بلاوكردەوە كە بە توندی دژی ئەو بڕیارەی دادگای هەولێر وەستاونەتەوە. لە ڕاگەیەنرداوەكەی CPT ئەوە هاتووە، مامەڵەی دوژمنكارانەی دەسەڵاتدارانی هەرێم بەرامبەرار بە ڕۆژنامەوان شێروان شێروانی و ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی كوردستان بەردەوامەو سەر لەبەیانی ئەمڕۆ، ١٩ی ئابی ٢٠٢٥، دانیشتنی دادگاییكردنی ڕۆژنامەوانی زیندانیكراو، (شێروان شێروانی) لەسەر كەیسێكی نوێ، لە دادگای كەتنی بنەسڵاوە بەڕێوەچوو. دوای دوو كاتژمێر لە دادگاییكردن، شێروان شێروانی، بە گوێرەی ماددەی (٢٢٩) لە یاسای ژمارە (١١١)ی سزادانی عێراقی، بە هەڕەشەكردن لە فەرمابەرێكی ئەمنی ناو زیندانی چاكسازی گەورانی هەولێر تاوانبار كرا و دواتریش بە (٤) ساڵ و پێنج مانگ زیندانیكردن، حوكمدرا. تیمی كوردستانی عێراقی CPT، ئاژانسی نێودەوڵەتی و چەند پەرلەمانتارێك چاودێری پڕۆسەی دادگاییكردنەكەیان كرد. تیمی CPT، چەندین پێشێلكاری زەق و ئاشكرای لە پڕۆسەی بەڕێوەچوونی دادگاییەكە تۆماركرد، كە بریتی بوون لە: ١- پارێزەرەكان مافی بینینی تەواوەتی پەڕاوەكانی لێكۆڵینەوە و پێشكەشكردنی پەڕاو و داواكاریان پێ نەدرابوو. ٢- ناوەوەی دادگا و دەرەوەی باڵەخانەی دادگا، بەسەربازگە كرابوو. هەروەها چەند ئەندامێكی هێزە ئەمنییەكان، بە جلی مەدەنی و بە چەكەوە لە ناو چاودێرانی پڕۆسەكە، خانەوادە و هاوكارانی شێروان بڵاوەیان پێكرابوو. ٣- سكاڵاكار، بانگەشەی هەبوونی دوو گەواهیدەری دەكرد، كە گوایە لەو كاتەی كە شێروان هەڕەشەی لێكردووە ئامادەییان هەبووە. شێروان ڕەتی كردەوە كە هیچ هەڕەشەیەكی كردبێت و داوای هێنانی پێشكەشكردنی بەڵگەی ڤیدیۆیی كرد بۆ ئەم ڕووداوە. بە بیانووی ئەوەی كە لەم ڕۆژەدا، كامێراكانی چاودێری، ڤیدیۆكانی تۆمار نەكردووە، هیچ ڤیدیۆیەك وەكو بەڵگە پێشكەش بە دادگا نەكرا. ٤- كۆمەڵێك پۆستی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وەكو بەڵگە پێشكەش كرابوون، كە سكاڵاكار، ئاماژەی بەوەدا، سوكایەتی پێكراوە و ناوی زڕێندراوە. بەڵام كاتی بڵاو بوونەوەی ڤیدیۆكان كە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەكانی (٢٠٢٢ و ٢٠٢٣)، شێروان شێروان لە زینداندا بووە و هیچ كەسێكیش لە زینداندا ڕێگەپێدانی نیە بۆ بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان. چۆن دەكرێت ڤیدیۆیەك كە ڕۆژنامەوان شێروان شێروانی بڵاوی نەكردبێتەوە و لە كاتی بڵاوكردنەوەشیدا لە زیندان بووبێت، بخرێتە پاڵی و وەكو بەڵگە وەربگیرێت؟!. ٥- بەگوێرەی ئەو ماددە یاساییەی كە شێروان شێروانی پێ تاوانبار كراوە، قورسترین سزا بۆ كەسی تاوانبار (٢) ساڵە كە ئەگەر هەڕەشە یاخود پەلاماری فەرمانبەرێكی حكومی یاخود ئەنجومەنێكی فەرمیدابێت. خۆ ئەگەر هەڕەشە و پەلامارەكە، بەرامبەر بە دادوەرێك، یاخود ئەنجومەنێكی دادوەری بوو، ئەوا قورسترین سزا بۆ تاوانبار (٣) ساڵ دەبێت. بەڵام جێگەی سەرسوڕمانە، كە بەگوێرەی هەمان ماددەی یاسایی، ئەمڕۆ شێروان شێروانی بە قورسترین شێوە، بە (٤) ساڵ و پێنج مانگ زیندانیكردن سزادرا. ٦- بەبیانووی، نەبوونی شوێنی پێویست، زۆرینەی چاودێرانی كۆنسوڵخانەكان، ڕێكخراوەكان، پەرلەمانتاران و تەنانەت خانەوادەی شێروان شێروانی ڕێگریان لێكرا چاودێری پڕۆسەی دادگاییكردنەكە بكەن. ٧- لە دوای تەواوی بوونی پڕۆسەی دادگاییكردنەكە، بەشێك لە ڕۆژنامەوانان، چالاكوانان و خانەوادەی شێروان شێروانی لەبەردەم باڵەخانەی دادگاكە، ناڕەزایەتی مەدەنییان دەربڕی، بەڵام كۆمەڵێك خەڵكی چەكدار، بە جلی مەدەنییەوە هێرشیان كردە سەر بەشدارانی ناڕەزایەتییەكە و بە لێدان و ئەشكەنجەدان بڵاوەیان پێكردن. ئێمە لە تیمی كوردستانی عێراقی CPT، ناڕەزایەتی قوڵی خۆمان بەرامبەر بە بەكارهێنانی سیستەمی دادوەری بۆ سەركوتكردنی ئازادی ڕادەربڕین، ترساندن و تۆڵەكردنەوە لە ڕۆژنامەوانان دەردەبڕین. بەردەوامی مامەڵەی دوژمنكارانە و حوكمی نادادپەروەرانە بەرامبەر بە ڕۆژنامەوانان و چالاكانی مافەكانی مرۆڤ مەوداكانی ئازادی بەرتەسك دەكەنەوە و هەڕەشەی جددی بۆ دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی دیموكراتی دروستدەكەن. داواكارین سەرجەم ناوەندەكانی پەیوەست نە مافەكانی مرۆڤ، كۆنسوڵخانە و نوێنەرایەتی ووڵاتان، ڕێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان، فشاری جددی بكەن، بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوكمی سزادانی شێروان شێروانی لە قۆناغی (تەمیز)دا.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color