بەوتەی سكرتێری كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان، لە ئێستادا زیاتر لە 460 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون لەهەرێمی كوردستان چۆڵن، ئەمەش سێ هێندەی ژمارەی كرێنشینانە،بەڵام هێشتا ڕێژەی كرێنشینان هەر بەرزی ماوەتەوە. بەرهەم قەرەداغی، سكرتێری كۆمەڵەی كرێنشینان ڕایگەیاند: لەهەرێمی كوردستان زیاتر لە 200 هەزار كرێنشین هەن، ئەمە ڕێژە زۆرەش وایكردووە كە نرخی خانووی كرێش چەند هێندە زیاد بكات، هاوكات زیاتر لە 460 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون چۆڵن، چونكە ئێستا كەمتر خاوەن موڵكەكان بەكرێی دەدەن، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەی خانوو و شوقەی چۆڵ زیاترە لە ڕێژەی كرێنشین. ئاماژەی بەوەشكردووە، هەموار نەكردنەوەی یاسای ژمارە 7ـی ساڵی 2008، هۆكارە بۆ زیادبوونی نرخی كرێی خانوو، لەكاتێكدا 253 هەزار یەكەی نیشتەجێبوونی نوێ لەلایەن وەبەرهێنانەوە مۆڵەتی پێدراوە، بەڵام ڕێژەی خانووی بەتاڵیش سێ هێندەی كرێنشینانە.