دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، ئەمڕۆ یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2025ـی تایبەت بەهەمواركردنەوەی یاسای پاسپۆرتی دیپلۆماسی هەمیشەیی بۆ سیاسەتمەداران هەڵوەشاندەوە، چونكە ئەو هەموارە پێچەوانەی دەستوری عێراقە. دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دادگا دانیشتنی خۆی بەسەرۆكایەتی دادوەر مونزر ئیبراهیم حسێن و بەئامادەبونی سەرجەم دادوەرانی ئەندام ئەنجامدا و لێكۆڵینەوەی لەو دۆسیانە كرد كە لەبەرنامەی كارەكەیدا بون. ئاماژەی بەوەشكرد، دادگاكە دو داوای بینی؛ تانەدان لەنادەستوریبونی یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2025 (هەمواری یەكەمی یاسای پاسپۆرتی ژمارە 32ی ساڵی 2015)، یەكەمیان لەلایەن وەزیری دەرەوەو دوەمیان لەلایەن وەزیری ناوخۆوە تۆماركراون. بەگوێرەی ڕاگەیاندراوكە، دادگا بڕیاریدا بەیەكخستنی ئەو دوو داوایە و بەیەكەوە سەیریانبكات، هەروەها بڕیاری دا كەیاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2025 (یاسای هەمواركردنی یەكەمی یاسای پاسپۆرت ژمارە 32ی ساڵی 2015) نادەستورییە، بەو پێیەی ناكۆكە لەگەڵ بڕگەكانی ماددەكانی (14)، (16)، (47) و (80)ی دەستوری كۆماری عێراق.