كەناڵی 12 ئیسرائیلی ناوەڕۆكی لێكتێگەیشتنی نێوان ئیسرائیل و دەسەڵاتی كاتی سوریای بڵاوكردەوە كە بەگوێرەی لێكتێگەیشتنەكە نابێت سوپای سووریا لەلایەن توركیاوە بوونیادبنرێتەوە، هاوكات نابێت سوریا ببێتە خاوەن چەكی قورس و دژە ئاسمانی. لە ڕاپۆرتێكی كەناڵ 12ی ئیسرائیلی ئەوە هاتووە، دەسەڵاتی دیمەشق دەبێت ناوچەكانی نزیك لە بەرزاییەكانی جولان لە چەك داماڵێت، هەروەها ڕێرەوێكی مرۆییش لە نێوان پارێزگای سوەیدا و ئیسرائیلدا بكرێتەوە كە بە بەرزاییەكانی جولانەوە بەسترابێتەوە. ئاماژەبەوەشكراوە، لایەنی ئیسرائیلی جەختیان لەوە كردووەتەوە كە نابێت توركیا سووپای نوێی سووریا دابمەزرێنێتەوە و پڕچەكی بكات،كە ئەوە بۆ ئەوان مەرجێكی بنەڕەتیی ڕێكەوتنەكەیەدەبێت، هاوكات دەسەڵاتی ڕاگوزەری دیمەشق دەست لە پرۆژەی پڕچەككردنەوەی سوپای سووریا بەربدات بە چەكی ستراتیژی و بەهێز، بەتایبەتی لە چەكی دژەئاسمانیی دووربكەوێتەوە. هەربەگوێرەی لێكتێگەیشتنەكە، ئیسرائیل بەڵێنی بە سووریا داوە، ڕێگە بدات ژێرخانی ئابووری و كەرتە مەدەنییەكان لەلایەن ئەمریكا و وڵاتانی كەنداوەوە نۆژەنبكرێتەوە و سەرمایەگوزاریی دەرەكی ڕوو لەو وڵاتە بكات، هاوكات وابڕیارە، هەردوو لایەن بە سەرپەرشتی ئەمریكا، لە كۆتایی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ ڕێكەوتننامەكە واژۆبكەن.