شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئازاد ناکرێت و لەزیندان دەمێنێتەوە تا سزاکەی تەواو دەکات. بڕیارە لەسەر چەند سکاڵایەکی دیكەش سزای تر بدرێت. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەکی باڵای یەكێتی دەست بوار كەوتووە، یەکێتی و حکومەت لە سلێمانی بڕیاریانداوە وەکو پێشووتر چاوپۆشی لە شاسوار عەبدولواحید نەکرێت. ڕێگە بە هیچ دەستوەردانێك نەدەن لە بەرژەوەندی شاسوار عەبدولواحید. دەبێت بە هەر جۆرێک بێت لایەنی كەم سزاکەی لە زیندان تەواو بکات كە بە شەش مانگ زیندانیكردن حوكمدراوە لە لایەن دادگای سلێمانییەوە. بەپێی وتەی سەرچاوە باڵاكەی بوار، دەیان سکاڵای تر کە پێشتر لەسەر ناوبراو تۆمار کراون و بەهۆی دەستوەردانی سیاسیەوە نەجوڵێنراون، لە ئێستادا دەجوڵێنرێن و لە ماوەی بەسەربردنی حوکمی شەش مانگی لە زیندان، بڕیاری نوێ دەدرێت و سزای تر لەسەر ئەو سکاڵایانە بەسەر شاسوار عەبدولواحید دەسەپێندرێت. ڕۆژی ۳ی ئەم مانگە دادگای سلێمانی بەغیابی سزای شەش مانگ زیندانیكردنی بەسەر شاسوار عەبدولواحید سەپاند. لە ئێوارەی ۱۲ی ئەم مانگەشەوە لەلایەن پۆلیسی سلێمانیەوە دەستگیرکرا.