گرنگ

بوارنیوز هۆکارى نەناردنى 200 ملیار دینارەکەى بەغدا بۆ هەرێم ئاشکرا دەکات


 

بوارنیوز هۆکارى نەناردنى 200 ملیار دینارەکەى بەغدا بۆ هەرێم ئاشکرا دەکات

بوارنیوز، سلێمانى
وابڕیاربو دوێنێ یان ئەمڕۆ بڕى 200 ملیار دینارى دیکە هاوشێوەى مانگى ڕابردو لە بەغداوە بگاتە هەرێمى کوردستان و بەبێ لێبڕین دەستبکرێت بە دابەشکردنى موچە، بەڵام بە وتەى سەرۆکى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لەبەغدا بەهۆى ئەوەى وەزیرى دارایى عێراق لەدەرەوەیەو تەنها ئەویش ماوە واژۆ لەسەر نادنى ئەو پارەیە بکات پێناچێت تا کۆتایى ئەم هەفتەیە ئەو بڕە پارەیە بگاتە هەرێمى کوردستان.
فارس عیسا، سەرۆکى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە بەغدا بەبوار نیوزى ڕاگەیاند: سەرجەم ڕێکارەکانى ناردنى بڕى 200 ملیار دینار بە شێوەى سولفە لە بەغداوە بۆ هەرێمى کوردستان تەواو بون و فەرمانى ئەنجومەنى وەزیرانى لەبارەوە دەرچوەو ئاراستەى وەزارەتى داریى کراوە بۆ جێبەجێکردنى لەوێش ڕێکارە کارگێرى و یاساییەکانى تەواو بون تەنها ماوەتەوە لەسەر ئەوەى وەزیرى دارایى واژۆى ناردنى بکات.

ئاماژەى بەوەشکرد، "بەپێی بەدوادچونەکانى ئێمە لە ئێستادا (عەلى عەلاوى) وەزیرى دارایى عێراق بەسەردانێک لەدەرەوەى عێراقەو جگە لەویش هیچ کەسێکى دیکە دەسەڵاتى واژۆکردنى ناردنى 200 ملیار دینارى نییە بۆ هەرێمى کوردستان، بۆیە پێشبینى دەکەین تا کۆتایى ئەم هەفتەیە وەزیرى دارایى عێراق بگەڕێتەوەو واژۆ لەسەر ناردنى پارەکە بکات و بخرێتە سەر ژمارە حسابى بانکى هەرێم.

بەپێی ئەو زانیاریانەى لەوەزارەتى داراییەوە دەست بوار نیوز کەوتوە ئەوە خراوەتەڕو، "لیستى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم بەبێ لێبڕین ئامادەکراوە لە ڕۆژى چوارشەممە 25/8/2021 دەستدەکرێت بەدابەشکردنى موچە".

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color