گرنگ

وەزارەتی بازرگانی: ناتوانین کۆنتڕۆڵی نرخ بکەین


 

وەزارەتی بازرگانی: ناتوانین کۆنتڕۆڵی نرخ بکەین
"نرخی هەندێک پێداویستی ڕۆژانەی هاوڵاتیان 10% تاوەکو 50% گرانکراوە"

بوار نیوز، تایبەت
بەپێی بەدواداچونی ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان، نرخی هەندێک لە پێداویستییەکانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان بە بڕی 10% تاوەکو 50% گرانکراوە، بەڵام وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان ڕەتیدەکاتەوە نرخەکان بەمشێوەیە گرانکرابێت، دەشڵێن: "ناتوانین کۆنتڕۆڵی نرخەکان بکەین".
بەپێی ئەو بەدواداچونەی کە پەرلەمانتار عومەر عەبدوڵا ئەنجامیداوە، دەرکەوتوە بەراورد بە ساڵی ڕابردو، نرخی هەندێک پێداویستی‌ سەرەکی‌ ڕۆژانەی‌ هاوڵاتیان بە بڕی‌ "١٠% تاوەکو ٥٠% گرانکراوە".
"ـ نرخی یەک لیتر ڕۆنی‌ زەیت لەهەزار و 500 دینارەوە بۆ دو هەزار و 750 دینار بەرزبۆتەوە.
ـ نرخی یەک قوتوی‌ ٩٠٠ گرام ڕۆنی‌ خەست لە دو هەزارو 500 دینارەوە (٢٥٠٠ ) دینار بۆ سێ‌ هەزار و 750 دینار بەرزبۆتەوە.
ـ نرخی یەک قوتوی‌ ٨٣٠ گرامی‌ دۆشاو لە دو هەزار دینارەوە بۆ دو هەزار و 250 دینار بەرزبۆتەوە.
ـ نرخی یەک کیسی‌ ٣٥٠ گرامی‌ شیر لە سێ‌ هەزارو 500 دینار بۆ چوار هەزار دینار بەرزبۆتەوە.
ـ نرخی یەک قوتوی‌ ٤٠٠ گرامی‌ لە هەندێک جۆری‌ شیری‌ منداڵ لە شەش هەزارو 750 دینار بۆ هەشت هەزارو 250 دینار بەرزبۆتەوە.
ـ نرخی یەک پاکەتی‌ ٤٥٠ گرامی‌ هەندێک جۆری‌ چای‌ لە چوار هەزارو 500 دینارەوە بۆ پێنج هەزار دینار بەرزبۆتەوە.
ـ نرخی هەندێک جۆری‌ پەنیر لە هەزار دینارەوە بۆ هەزارو 250 دینار بەرزبۆتەوە.
ـ نرخی هەندێک جۆری‌ دایبی‌ منداڵ لە شەش هەزار دینارەوە بۆ حەوت هەزارو 250 دینار بەرزبۆتەوە.
ـ نرخی هەندێک جۆری‌ سابون لە هەزارو 500 دینارەوە بۆ هەزارو 750 دینار بەرزبۆتەوە".
ئەو پەرلەمانتارە، دەشڵێت: "جگە لەو نرخانە، نرخی پێداویستی‌ دەرمان و کەمالیات و سوتەمەنی‌ و کرێ خانو لە 5% تاوەکو 50% بەرزبۆتەوە".
لەبارەی ئەو هۆکارانەی وایکردوە نرخەکان بەمشێوەیە بەرز ببنەوە، عومەر عەبدوڵا بە بوارنیوزی ڕاگەیاند: "دابەزاندنی‌ بەهای‌ دیناری‌ عێراقی‌ بەرانبەر بەدۆلاری‌ ئەمریکی‌ لەلایەن بانکی‌ ناوەندی‌ عێراقەوە، نەبونی‌ کێبڕکێی‌ ڕاستەقینە لەبازاڕو قۆرخکاری‌ ژمارەیەک لە کۆمپانیای‌ حزبەکانی‌ دەسەڵات لەگەڵ نەبونی‌ بەرنامەو پلانی‌ حکومەت لە ڕێکخستنی‌ ئەرێنیانەی‌ بازاڕ بەتایبەت بەشداری‌ لە کێبڕکێی‌ دابەزاندنی‌ نرخی‌ شمەک لە ڕێگەی‌ بازاڕی‌ هاوبەش یان بازاڕی‌ پاڵپشتیکراوی‌ حکومی‌؛ لە هۆکارەکانی بەرزبونەوەی نرخەکانن".

پسپۆڕێکی ئابوری: بازاڕ مۆنۆپۆڵ کراوە
دکتۆر ئەیوب سماقەیی، پسپۆڕی ئابوری بە بوارنیوزی ڕاگەیاند: "ڕاستە بەشێکی بەرزبونەوەی نرخەکان پەیوەندی بە خواست و خستنەڕوەوە هەیە، بەڵام بەرزبونەوە بەمشێوەیە مانایەکی دیکەی هەیە".
گوتیشی: "حکومەتی هەرێم بەهەردو شێوەیی (یاسایی و نایاسایی) بازاڕی مۆنۆپۆڵ کردوە، بۆیە ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی نرخ بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزببێتەوە".

وەزارەتی بازرگانی: بازاڕی کوردستان بەمشێوەیەش ڕەشبین کە باسدەکرێت
نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بوارنیوزی ڕاگەیاند: "بەرزبونەوەی نرخەکان بۆ ڕێژەی 50% ڕاست نییە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بازاڕ لەسەر خواست و خستنەڕو وەستاوە، بۆیە هەر کاڵایەک کەمبێت ئەوا خواستنی زیاتری لەسەر دەبێت".
گوتیشی: "دەروازەکانی هەرێمی کوردستان بە بەشەکانی دیکەی عێراق گرێدراوە، بۆیە زۆرجار بازرگانان کاڵاکانیان بۆ بەشەکانی دیکەی عێراق دەبەن ئەمەش وادەکات کاڵاو شتومەک کەمبێت و نرخەکەشی بەرزببێتەوە، بەڵام ئەو بەرزبونەوەیە کاریگەری گەورەیان نییەو بەخستنەڕوی کاڵاکان، نرخەکانیان دێتە خوارەوە، واتە بازاڕی کوردستان بەمشێوەیە ڕەشبینی نییە کە باسی دەکەن".
نەوزاد کامیل، ئاماژەی بەوەشکرد: "بازاڕی کوردستان ئازادەو ناتوانین کۆنتڕۆڵی تەواوی نرخ بکەین، چونکە بەرزی و نزمی نرخەکان لەسەر کرێ‌ و ژمارەی دەستی کارو بڕی تێچوی هێنانی ئەو کەلوپەلانە وەستاوە کە بازرگانان دەیهێنن، بەڵام توانیومانە ڕێگە نەدەین نرخەکان بەخواستی بازرگانانی بێ‌ ویژان بەرزببێتەوە".
لەبارەی ئەو ڕێککارانەی بۆ ڕێگریی لە بەرزبونەوە نرخەکان گیراوەتەبەر، نەوزاد کامیل گوتی: "بەهۆی بەرزبونەوەی نرخ و خۆراکی بەسەرچو لە شەش مانگی ڕابردودا، بە بڕی 130 ملیۆن دینار خاوەن مارکێت و دوکاندارەکانمان سزا داوە، هەروەها ژمارەیەکی زۆریشمان بۆ ماوەی هەفتەیەک داخستوەو ژمارەیەکیشیان ڕەوانەی دادگا کراون".

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color