گرنگ

وەزیری دارایی بۆ کازمی: دژی ناردنی 200 ملیار دیناری مانگانەم بۆ هەرێم


 

وەزیری دارایی بۆ کازمی: دژی ناردنی 200 ملیار دیناری مانگانەم بۆ هەرێم

بوار نیوز، بەغدا
عەلی عەلاوی وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی عێراقی لەدواین کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا وتویەتی بەهەمو شێوەیەک دژی ناردنی 200 ملیار دیناری مانگانەم بۆ هەرێم، چونکە هەرێم پابەندی هیچ رێککەوتنێک نابێت لەگەڵ بەغدا. لەبەرامبەردا مستەفا کازمی وتویەتی ناردنی ئەو بڕە پارەیە یارمەتییە بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەبێ ئەوەی یەک دینار رادەستی حکومەتی ناوەند بکات، مانگانە ٢٠٠ملیار دیناری لە بەغداوە بۆ دێت.
بەپێی بەدواداچونەکانی بوار نیوز، وەزیری دارایی حکومەتی عێراق بەئاشکرا بە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی گوتوە "دژی ناردی ئەو ٢٠٠ ملیار دینارەیە کە بۆ هەرێمی کوردستان دەڕوات بەبێ پابەند بونی هەولێر بە رێککەوتنەکان".
بەپێی رێککەوتنی بودجەی ٢٠٢١ی عێراق، لەنێوان هەولێرو بەغدا، لەمادەی ١١ هاتوە، هەرێمی کوردستان، رۆژانە ٢٥٠هەزار بەرمیل نەوت بەنرخی سۆمۆ و نیوەی داهاتی نانەوتی دەبێ رادەستی بەغدا، بکات.
لەبەرانبەردا پشکی هەرێم بە ٪١٣ هەژمار کراوە. کە زیاترە لە ١١ ترلیۆن دینار.
لەوبارەیەوە د.جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بەبوار نیوزی، گوت، "ئێمە نازانین داهاتی ناوخۆ چەندەو بەهای ٢٥٠هەزار بەرمیل نەوت بەنرخی سۆمۆ چەندە".
ئەوەیشی گوت، "دیار نییە عێراق پارەی نەوت بۆ هەر بەرمیل نەوتێک بەنرخی سۆمۆی ٤٥ دۆلار یان نرخی رۆژ، پارە بۆ پارێزگاکان تەرخان دەکات".
هاوکات مستەفا ئەلحنتوش ئابوریناس، لەبەغداوە بە بوار نیوزی گوت، "ئەو پارەیەی ئێستە بۆ هەرێمی کوردستان دێت، کەمکردنەوەیە لە پشکی هەرێم لەبودجەی ٢٠٢١ی عێراق، ئەوەش نە یاساییە نە لەناو بودجە هاتوە".

ئەو ئابوریناسە رونی کردەوە، "ئەگەر هەرێمی کوردستان بیەوێت پشکی خۆی هەمو وەرگرێت ئەوا دەبێ هەمو دۆسییەکانی بەرانبەر بەغدا، ئاشکرا بکات، ئەوەیش ئەستەمەو پەیوەندی بە دۆسیەی ئابوری و پابەندییەوە نییە، بەڵکو هۆکاری ترن هەن".
حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام گوتویەتی، ئێمە پابەندین بەرێککەوتنەکانەوە، بەڵام هەردو حکومەت بێ دەنگیان لە شێوازی رێککەوتنەکە کردوە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color