گرنگ

بڕیارى پێدانى باج لە هەرێمى کوردستان زیاتر لە 3 هەزار شوێن دەگرێتەوە


 

بڕیارى پێدانى باج لە هەرێمى کوردستان زیاتر لە 3 هەزار شوێن دەگرێتەوە

بوار نیوز، سلێمانی

حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ڕێگاى وەزارەتى دارایەوە باجى خستۆتە سەر ئوتێل و ڕێستۆرانت و کافتریا چوار ئەستێرەو پێنج ئەستێرەکان، بڕیارەکە لە 1ى تەموزی ئەمساڵەوە خراوەتە بوارى جێبەجێ کردنەوە.
بڕیارەکە بەو جۆرەیە، هەر میوانێک یان گەشتیارێک بچێتە ئەو شوێنانە دەبێت لە 10%باج بدات، ئەم بڕیارە ناڕەزایەتى خاوەن ڕێستۆرانت و هۆتێل و مۆتێلەکانى لێکەوتۆتەوە.
هۆشیار محەمەد، خاوەنى یەکێک لەهۆتێلە پێنج ئەستێرەکانى سلێمانیەو بە بوارنیوزی ڕاگەیاند "ئەم بڕیارە لەبنەڕەتدا هەڵەیەو وەکو خۆم ئامادەنیم جێبەجێی بکەم، چونکە میوانێک دێتە شوێنەکەمان سەرەڕاى پارەى مانەوەکەى دەبێت لە 10%ى لێ وەربگرم. ئەمە گەشتیاران دەتۆرێنێت و بە دڵنیایەوە ئامادەنیە ئەو بڕە پارەیە بدات".
وتیشى "هەرێمى کوردستان خاوەن سیستمى بانکى نیە بۆیە جێبەجێکردنى بڕیارەکە قورسە، چونکە ئەو شوێنانەى بڕیارى پێدانى باج دەیانگرێتەوە دەتوانێت ئامارو ژمارەى سەردانیکەرانى نەداتە ئەو لیژنەیەى کە دێن بۆ وەرگرتنى باجەکە".
هاوکات ئاماژەى بەوەش کرد "لە ئێستادا وەکو خاوەنى هۆتێلێکى پێنج ئەستێرە داوامان پێشکەشى بەڕێوبەرایەتى گەشتوگوزار کردوە بۆ ئەوەى ژمارەى ئەستێرەکانمان دابەزێنین بۆ ئەوەى بڕیارى پێدانى باج نەمان گرێتەوە".

مەحموود تۆفیق، سەرۆکى کۆمەڵەى چێشتخانەو میوانخانەکانى سلێمانى بە بوارنیوزی ڕاگەیاند "هەمو ڕۆژێک خاوەنى ئەو شێونانەى باج دەیانگرێتەوە دێنە کۆمەڵەکەمان و ناڕازایەتى دەردەبڕن تاوەکو ئەو ئاستەى هەڕەشەى داخستن و دابەزاندنى ئەستێرەکانیان دەکەن، ئەمەش بە هۆى وەرگرتنى باج لەو گەشتیارانەى دێنە شوێنە پێنج ئەستێرەو چوار ئەستێرەکان".

وتیشى "دەبو لە کاتى دەرکرنى ئەو بڕیارەدا ڕەچاوى ئەوە بکرایە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکى دیکە بەپێى شوێن و پێگەکەى باج دابنرایە بۆ نمونە هەولێر پایتەختەو زۆرترین جوڵەو گەشتیارى بیانى ڕوى تێدەکات دەکرێت تا رادەیەک ئەوە ئاساى بێت باجیان لێ وەربگیرێت، بەڵام شوێنێکى وەکو سلێمانى نە کۆمپانیاى گەورەو قونسڵخانەو دیبلۆماتەکانى لێیە نە گەشتیارێکى زۆریش ڕووى تێدەکات، زیاتر لە 60%ى ئەو شوێنانەى بڕیارى پێدانى باج دەیانگرێتەوە شوێنەکانیان کرێیە کە گەشتیار بێتە شوێنەکەى و باجى لێ وەربگرێت بۆ جارى دووەم ڕووى تێ ناکات".

ئەمەل جەلال، سەرۆکى دەستەى گەشتوگوزار بە بوارنیوزی ڕاگەیاند "ئەم بڕیارە بۆ ئەوەیە هاوڵاتیان زیاتر پابەندى پێدانى باج بن، چونکە لە هەرێمى کوردستان تا ڕاددەیەک دەکرێت بڵێن هاوڵاتیان خۆیان لە پێدانى باج دەدزنەوەو پێدانى باج نەبوە بە کلتور".

وتیشى "سیستمى پێدانى باج لە ڕێستۆرانت و هۆتێلەکان لەجیهاندا پەیڕەو دەکرێت و شتێکى نامۆ نیە، بەڵام ئەوەیە لە هەرێمى کوردستان بڕیارەکە شپرزەى پێوە دیارە بۆیە لە ئێستا لیژنەیەک پێکهێنراوەو نوێنەرى دەستەى گەشتوگوزاریشى تێدا دەبێت بۆ ئەوەى میکانیزمێکى نوێ دابڕێژرێتەوە تاوەکو پێدانى باج هەموو شوێنەکان بگرێتەوە تەنها لە پێنج ئەستێرەو چوار ئەستێرەکاندا نەمێنێتەوە".
سەبارەت بەداواکاری دابەزاندنی ئەستێرەکان، سەرۆکی دەستەی گەشت و گوزار وتی "بە هیچ جۆرێک قایل نابین بە داواى دابەزاندنى ئەستێرەکان، چونکە دەمانەوێت زیاتر ژمارەى ئەستێرەکان و خزمەتگوزارییەکان بەرز بکەینەوە نەوەک بەهۆى وەرگرتنى باجێکى کەمەوە ئاستى خزمەتگوزارى و ئەستێرەکان دابەزێنین".

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color