گرنگ

حکومەتی عێراق ڕازی نییە دەروازەی نوێی سنوریی لە هەرێمی کوردستان بکرێتەوە


 

حکومەتی عێراق ڕازی نییە دەروازەی نوێی سنوریی لە هەرێمی کوردستان بکرێتەوە

بوار نیوز، تایبەت
جگە لە ڕێکنەکەوتنی هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق بۆ شێوازی ئیدارەدانی دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان؛ بەغدا ڕازی نییە دەروازەی نوێی سنوریی لە هەرێمی کوردستان بکرێتەوە، هاوکات حکومەتی هەرێمیش ڕازی نییە دەروازە سنورییەکانی بخرێنەسەر دەستەی دەروازە سنورییەکانی بەغدا.
سەرەڕای ملنەدانی هەردو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی یەکتر؛ بەڵام زو زو حکومەتی عێڕاق بڕیارو مەرجی نوێ‌ بۆ ئیدارەدانی دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان دەردەکات.
بەپێی زانیارییەکانی بوار نیوز، ماوەی زیاتر لە چوار مانگە حکومەتی هەرێم داوای لە دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق کردوە، هاوشێوەی بەسراو موسەنناو واست، دەروازەییەکی دیکەی سنوریی لە پارێزگای هەڵەبجە بکاتەوە، بەڵام دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێڕاق ڕازی نییە.
هەر بەپێی زانیارییەکان، هۆکاری ڕازی نەبوونی حکومەتی عێراق بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، بەغدا پێیوایە هەرێمی کوردستان "بڕیاری ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠١٩ جێبەجێ نەکردووە، بۆیە تاوەکو بڕیارەکە جێبەجێ نەکات، ڕێگە نادرێت دەروازەی سنوریی بکرێتەوە"، بەپێی بڕیاری ژمارە 13ی ساڵی 2019، دەبێت دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان ببەسترێنەوە بە دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق.
لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 13ی دەستەی دەروازە سنورییەکان، ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرگ لە هەرێمی کوردستان بە بوارنیوزی ڕاگەیاند: "تیمی تایبەتی عێراق بەهاوبەشی هەموو وەزارەتەکان سەردانی دەروازە سنورییەکانیی هەرێمی کوردستانیان کردوەو ڕاپۆرتی خۆیان نووسیوە، بۆیە ئێستا ئێمە چاوەڕێی ئەوەین لەلایەن عێراقەوە ڕەزامەندیان بگەڕێتەوە".
گوتیشی: "بەشێکی زۆری یاسای ژمارە 13ی تایبەت بە باج و گومرگ دەقاودەق وەکو خۆی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێکراوەو هیچ کێشەیەکمان نەبوەو تەنانەت تەعریفەی گومرگیش یەکخراوە".
بەرپرسەکەی حکومەتی هەرێم، ئاماژەی بەوەشکرد: "بەغدا کردنەوەی دەروازەو دەروازەکانی پێشوویان بەستۆتەوە بەوەی دەبێت دەروازەکان بخرێنەوەسەر حکومەتی عێراق، بۆیە ئەو داواکارییەی عێراق لەسەر مێزی گفتوگۆیە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە".
لە هەرێمی کوردستاندا، 9 دەروازەی سنوریی هەیە کە دەروازەکانی (ئیبراهیم خەلیل، حاجی ئۆمەران، باشماخ) نێودەوڵەتین و 5 دیکەیان (پشتە، تەوێڵە، سەیرانبەن، کێلێ و فیشخاپور) نێودەوڵەتی نین و بەغدا بە دەروازەی "نافەرمی" ناویان دەبات.
بەڕێوبەری گشتیی گومرگ، دەڵێت: "سەرجەم دەروازە سنورییەکانی حکومەتی هەرێم فەرمین، بەڵام عێراق بە نافەرمی ناویان دەبات و دان بەبەشێکیان نانێت".
جگە لەکێشەو ناکۆکییەکانیان بۆ شێوازی بەڕێوەبردنی دەروازە سنورییەکان، بەغدا "بەبیانووی جێبەجێنەکردنی بڕیاری ژمارە 13" پشت نابەستێت بە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان وەک دەروازەیەک بۆ ترانزێت، لەبەرامبەردا ڕێڕەوە زەمینییەکانی "زەرباتیە، مونزرییە، تەریبیل، قائیم، عەرعەرو سەفوان"ی وەکو دەروازە ترانزێتییە فەرمییەکانی عێراق ناساندوە.
بەپێی بڕگەی سێیەم لە ماددەی ١١٠ی دەستووری عێراق، سیاسەتی گومرگیی هەرێمی کوردستان هەمان سیاسەتی گومرگیی عێراق دەبێت و سەرجەم وردەکارییەکانی پەیوەست بە "تەعریفەی گومرگی و یاساکانی گومرگ" بەپێی سیاسەتی فیدڕاڵیی جێبەجێ دەکرێن لە هەرێمی کوردستان .
لەگەڵ ئەوەی کێشەکانی نێوان بەغداو هەولێر بۆ ئیدارەدانی دەروازە سنورییەکان، دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان لە 25ی تەمموزی 2017 دروست بوو، بەڵام "ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای ژمارە (30)ی ساڵی 2016 بە ناوی دەستەی دەروازە سنوورییەکان بە زۆرینە تێپەڕاند، ئەمەش ترسی حکومەتی هەرێمی لێکەوتەوەو لەو کاتەوە، هەرێم بە چاوی ترسەوە تەماشای هەنگاوەکانی عێراق بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان دەکات".

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color