گرنگ

حکومەتی هەرێم بڕیاریدا بە وەرگرتنی 5%ی باج لەسەرجەم نەخۆشخانە تایبەتەکان


 

حکومەتی هەرێم بڕیاریدا بە وەرگرتنی 5%ی باج لەسەرجەم نەخۆشخانە تایبەتەکان

بوار نیوز، تایبەت
دوای چوار مانگ لە ڕاگرتنی، دواجار حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە وەرگرتنی 5%ی باج لەسەرجەم نەخۆشخانە تایبەتەکان و پێکهاتەی نەخۆشخانە تایبەتەکان وەربگرێت، بەو مەرجەی وەرگرتنی ئەو باجە "لەسەر گیرفانی هاوڵاتیان نەبێت" پەرلەمانتارانیش دەڵێن: "وەرگرتنی ئەو باجە، هیچ لەو نرخانەی کەمناکاتەوە کە نەخۆشخانە تایبەتەکان بەسەر هاوڵاتیاندا سەپاندویانە".
بەپێی ڕێنمایی ژمارە (10)ی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە دەقەکەی لە ژمارە (269)ی ڕۆژنامەی وەیقایعی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، وەزارەتی دارایی پاڵپشت بە بڕیاری ژمارە (4242)ی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە 5%ی باج لەسەرجەم نەخۆشخانە تایبەتەکان و پێکهاتەکانیان وەکو (نرخی تاقیگەو سۆنارو هەر خزمەتگوزارییەکی دیکەیان) وەربگرێت.
بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 21ی نیسانی ئەمساڵ دەرچوە، بەڵام بڕیاری جێبەجێکردنەکەی لەرۆژی (سێشەممە 7ی ئەیلولی 2021) دەستیپێکردوە.
بەپێی بڕیارەکە، مانگانە ڕاستەوخۆ ئەو بڕە باجە لە نەخۆشخانە تایبەتەکان وەردەگیرێت، بەڵام لە حاڵەتی خۆدزینەوەی نەخۆشخانەکان لە نەدانی باج، ئەوا سزاکەیان "بە وەرگرتنی 10%ی باج زیاد دەبێت، هەروەها سووی بانکی بە ڕێژەی (1.5%) دەکەوێتە سەر نەخۆشخانەکان".
لەگەڵ ئەوەی پەرلەمانتاران بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە "گرنگ و پێویست" دەزانن، بەڵام پێیانوایە ئەو بڕیارە نابێتە هۆکارێک بۆ کەمکردنەوەی نرخەکان لەنەخۆشخانە تایبەتەکان "بەوپێیەی نرخی نەخۆشخانەکان، خەیاڵین".
لوقمان وەردی، ئەندامی لێژنەی تەندروستی پەرلەمانی کوردستان بە بوارنیوزی ڕاگەیاند: "بەداخەوە زۆربەی نەخۆشخانە تایبەتەکان نرخەکانیان ئەوەندە بەرزە هاوڵاتیانی ئاسایی ناتوانن سودی لێ‌ وەربگرن، بەتایبەت لە نەخۆشخانەکان نەشتەرگەری بە نرخی پێنج هێندە تاوەکو دە هێندەی نەخۆشخانە حکومییەکان بۆ ھاڵاتیان دەکەن".
گوتیشی: "لە تاقیگەکانی پشکنینی نەخۆشخانەی تایبەت ھەندێک جۆری پشکنین بەنرخی دە هێندە بۆ ھاوڵاتیان دەکرێت، بۆ نمونە پشکنینی CBC خۆی بە دوو ھەزار دینار ئەنجامدەدرێت، بەڵام لە نەخۆشخانە تایبەتەکان بە 15 تاوەکو 20 هەزار دەکرێت. ئەمە جگە لەوەی دەرمانی خراپ و بێ‌ کوالێتی بە نرخی پێنج تاوەکو شەش هێندە بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێت".
هێڤیدار ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە بوار نیوزی ڕاگەیاند: "بڕیارەکە گرنگە، بەڵام لەهەمانکاتدا دەبێت سنورێک بۆ نرخی نەخۆشخانە تایبەتەکان دابندرێت".
دەشڵێت: "نەخۆشخانە تایبەتەکان بە ئارەزوی خۆیان بەربونەتە گیانی هاوڵاتیان، تەنانەت بەشێک لە پزیشک و خاوەنی دەرمانخانەو تاقیگەکان بونەتە هاوبەش بۆ ڕوتانەوەی هاوڵاتیان و یاریکردن بە نرخەکان".

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color