گرنگ

نازم دەباغ: هەتا هێزە کوردییەکانی ئێران لەخاکی هەرێمدا بن هێرشەکانی ئێرانیش بەردەوام دەبن


 


"جۆرە هێرشانە سەد بارە دەبنەوە"

بوارنیوز، سلێمانی
نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران ئاماژە بەوە دەکات ئەو هەڕەشەکانی ئەمجارەی ئێران زۆر نەرمتربوون لەو هەڕەشانەی پێشتر دەیکردە سەرهەرێمی کوردستان لەبارەی بوونی بنکەو بارەگای هێزە کوردییەکانی ئێران لەخاکی هەرێم، بۆیە هەتا ئەو هێزە کوردیانە لە خاکی هەرێمی کوردستان بن و چالاکی لەدژی ئێران ئەنجام بدەن، هێرش و هەڕەشەکانی ئێرانیش بۆسەر هەرێمی کوردستان بەردەوامی دەبێت.

نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران بە بورانیوزی ڕاگەیاند: پێش ئەوەی ئەمڕۆ ئێران هێرش بکاتە سەر چەند ناوچەیەی سیدەکان و باڵەکایەتی، داوام لە حکومەتی هەرێمکرد کە ئەو هەڕەشانەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەجددی وەربگرێت، چونکە هێزە کوردییەکانی ئێران چ لەڕاگەیاندنەکانەوە یاخود لەو مەفرەزانەی ڕەوانەی شارەکانی ئێران دەکەن بۆ ئەنجامدانی چالاکی سەربازی لای ئێران قەبوڵکراو نییە و بەدڵنیایییەوە وەڵامی دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەوەتەی ئەو هێزە کوردییە ئێرانیانە لە هەرێمی کوردستان بنکەو بارەگایان هەیەو دێن لە ئێران چالاکی ئەنجام دەدەن، هەتا بەو شێوەیە بوونیان هەبێت لە هەرێمی کوردستان ئەوا ئێرانیش بەردەوام دەبێت لە هێرش و هەڕەشەکانی بۆسەر هەرێمی کوردستان، بۆیە ئەو هەڕەشانەی ئەم دواییەی بەرپرسانی سەربازی ئێران کردیانە سەر هەرێم بە بەراورد بە هەڕەشەکانی پێشووتر کەمێک نەرمتر بوو، چونکە لە ڕابردوودا بینیمان چۆن هێرشکرایە سەر قەڵای کۆمەڵە لە شاری کۆیە، بۆیە ئەو جۆرە هێرشانە سەد بارە دەبنەوە ئەگەر ئەو هێزە کوردیانەی بنکەیان لە هەرێمی کوردستان هەیە بێن لەخاکی ئێران چالاکی ئەنجام بدەن.

نوێنەرەکەی حکومەتی هەرێم لە تاران ئەوەشی خستەڕوو، دەبێت ئەو هێزە کوردیانەی لە هەرێمی کوردستان بنکەو بارەگایان هەیە لەوە تێبگەن چالاکییەکانیان لەناو خاکی ئێران و شارە کوردییەکان ڕابگرن، بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی هێرش دەبنەوە بۆیە واباشتر ئەو هێزە کوردیانە رێز لە سەروەرییەکانی خاکی هەرێم بگرن و نەبنە بیانوویەک بۆ ئەوەی ئێران هێرش بکاتە سەرخاکی هەرێمی کوردستان.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color