گرنگ

وەزارەتی دارایی، بڕیارێک لەبەرژەوەندی ئەوانە دەردەکات کە دو موچەیان لەحکومەت هەیە


 

"بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی پێچەوانەی سێ یاسای پەرلەمانی کوردستانە"
بوار نیوز، تایبەت
پێچەوانەوەی بڕیارو ڕێنماییەکانی دیکەی، وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێنمایی نوێ‌ بۆ شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ موچەخۆران و فەرمانبەران دەردەکات، پسپۆڕێکی کارگێڕیی دەڵێت: "تەنیا ڕێنمایی ژمارە (13)ی وەزارەتی دارایی بۆ وەرنەگرتنەوەی موچە، دژی سێ‌ یاسای دیکەیە".
بەپێی ڕێنمایی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم ژمارە (13)ی ساڵی 2021، کە لە 6ی ئەیلولی 2021 دەرچوە، تێیدا شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو موچەخۆرانە ڕێکخراوە کە زیاتر لە موچەیەکیان وەرگرتوە، لە خاڵی یەکەمیدا ئاماژەی بەوە کراوە، کە "ئەوانەی پێش 1ی تەمموزی ساڵی ڕابردو، زیاتر لە موچەیەکیان هەبووە ئەوا لێیان وەرناگیرێتەوە".
بەپێی خاڵی دووەمی ڕێنماییەکە، ئەوانەی "لە پاش 1ی تەمموزی 2020، زیاتر لە موچەیەکیان وەرگرتووە ئەوا تەنیا ئەو موچەیە وەردەگرێت، کە خۆی هەڵیبژاردوەو ئەوەی زیاتر لەوەیان وەرگرتوە یەک لەسەر پێنجی موچەکەی لێ وەردەگرێتەوە".
عەبدولقادر ساڵح، پسپۆڕی کارگێڕیی و مامۆستای زانکۆ بە بوار نیوزی ڕاگەیاند: "خاڵی دووەمی ڕێنمایی وەزارەتی دارایی، پێچەوانەی ماددەی (14/یەکەم)ی یاسای دەسپاکی لە هەرێمی کوردستانە کەبەیاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2011ی هەموارکراو دەناسرێت، کە هەموو جۆرە داهاتێکی فەرمانبەر یان هێزەکانی پۆلیس و هێزە چەکدارەکانی بە داهاتی ناڕەوا داناوە، ئەگەر بەپێچەوانەی دەقێکی یاساییەوە بەدەستهاتبو، بۆ ئەم تاوانەش لەماددەی (15) یاساکەدا سزای قوڕسی زیندانیکردن و غەرامەکردن و لێ وەرگرتنەوەی بڕی پارەکەی هێناوە، بێگومان ئەوانەی لەپاش 1ی تەمموزی ساڵی ڕابردو، دوو موچەیان هەبوە بە پێچەوانەی یاساوە وەریانگرتوەو بە داهاتی ناڕەوا دادەنرێت".
گوتیشی: "خاڵی دووەمی ڕێنماییەکە، سەرپێچی ڕاشکاوانەی ماددەی (14/یەکەم)ی یاسای چاکسازیی ژمارە (2)ی ساڵی 2020، باس لەوە دەکات ئەوانەی پێش 1ی تەمموزی 2020، زیاتر لە موچەیەکیان وەرگرتوە ڕێککاریی دارایی و دادوەرییان بەرامبەر ناگیرێتەبەر، نەک ئەوانەی دوای 1ی تەمموزی 2020، بەداخەوە لە پێشەکی ئەم ڕێنماییەدا، وەزارەتی دارایی پشتی بەو ماددەیە بەستوە".
ئەو پسپۆڕە کارگێڕییە، پێیوایە خاڵی دووەمی ڕێنماییەکە "سەرپێچی ماددەی (53)یە لە یاسای ڕاژەی شارستانی ژمارە (24)ی ساڵی 1960 و حوکمەکانی یاسای بەرزەفتەکردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت ژمارە (14)ی ساڵی 1991ی هەموارکراوە".
ئاماژە بەوەش دەدات "وەزیری دارایی دەسەڵاتی نییە تەنیا بە لێوەرگرتنەوەی ئەو بڕە موچەی لەلایەن ئەو کەسانەی بە زیاد وەریان گرتوە لە پاش 1ی تەمموزی 2020، دەربازیان بکات لە لێپرسینەوەو سزادان، بۆیە ئەم ڕێنماییە ناکۆکە لەگەڵ ئەو سێ‌ یاسایەی باسکراوەو دەبێت هەڵبوەشێندرێتەوە" .
هاوکات عەباس محەمەد، جێگری سەرۆکی لێژنەی یاسایی لەپەرلەمانی کوردستان بە بوار نیوزی ڕاگەیاند: "حکومەتی هەرێمی کوردستان بەئارەزوی خۆی بڕیار دەردەکات؛ جارێک بڕیاری گەڕانەوەی موچەی زیادەی نایاسایی لە فەرمانبەران و موچەخۆران دەردەکات و جارێکی دیکەش لێیان خۆش دەبێت، بەداخەوە بارودۆخێک لە کوردستان دروستکراوە بەهۆی دو ئیدارەییەوە دروستبوە، ناتواندرێت بڕیاری دروستی یاسایی بدرێت".
گوتیشی: "هەرگیز وەزیرێک یان بەرپرسێکی حکومەتی هەرێم ڕۆژێک پەیوەندی نەکردوە بۆ رونکردنەوەی یاسایی لەسەر بڕیارێک، بۆیە زۆرجار بڕیاری دژ دەردەکرێن".

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color