گرنگ

دەکرێت مارەیی ئافرەت، جگە لە زێڕ و زیوو شتێکی تر بێت؟


 

پارێزەر ڤێنــا بەکر
مارەیی وەک لەیاسای باری کەسی ژمارە (١٨٨)ی ساڵی ١٩٥٩ دا ھاتووە، ئەو بڕە ماڵـە دەگرێتەوە کـە پیاو لە کاتی گرێبەستی ھاوسەرگیری دەیدات بە ژن. بە پێی ڕێکەوتنی ھەردووکیان بڕەکەی دیاری دەکرێت. ئیتر لە پێش گواستنەوە بێ یان دوای گواستنەوە بێ، ئەوە دیاری نەکراوە.
لـەکۆنەوە تا ئێستاش مارەیی ماڵ بووە، واتە شتێک بووە قیمەتی مادی ھەبووە، وەک زێڕو زیوو، بەڵام بەم دوایانـە ھەندێ شت جگە لە ماڵ دائەنرێ وەک مارەیی بە پێی بیروباوەڕی ئەو دوو کـەسە ئەویش وەک (گوڵ، گۆرانی، پارچە شیعرێک، حەج، عومرە، قورئان).
ئەمانـەو چەندین شتی تریش وەک مارەیی دادەنرێت، ھیچ ڕێگرییەک نییە لەوەی ھەر شتێک وەک مارەیی دابنرێ، بەڵام وەک زانایانی ئیسلام ڕای خۆیان وتووە لەسەر ئەم بابەتە باشترە ماڵ بێت.
بەڵام سەبارەت بە قورئان مەزھەبەکان ڕای جیاوازیان ھەیە بەشێوەیەک حەنبەلییەکان دەڵێن ناکرێ کڕین و فرۆشتن بە قورئانەوە بکرێ دروست نییە، بەڵام ھەندێکی تریش وەک شافیعی و مالیکی و حەنەفیەکان ئەڵێن دروستە قورئان بێت.
لە یاسای باری کـەسیش ماڵ وەک مارەیی دانراوە، ئەگـەر ئافرەتێک مارەیی دانەنا یاخود گوڵ یان شتێکـی تری دانا، بەڵام دواتر پەشیمـان بوویەوە ئەوا ئەو ئافرەتە شایستەی مارەیی دەبێت ئەویش مارەیی ھاوشێوەی پێ دەوترێت، واتە سەرەڕای دیاری نەکردن و ناو نەھێنانی لە گرێبەستی ھاوسەرگیریەکەدا ئافرەت مافی داواکردنی مارەیی ھاوتای ھەیە لەبەردەم دادگادا، مارەیی ھاوتای ژن دەخەمڵێنرێت وەک مارەیی ژنێکی تر لە خزم و کەسوکاری باوکی ژنەکە، بارو گوزەران و ژیانی ھاوشێوە یان وەک یەک یان نزیک لەیەک بێ، واتە ئافرەتێک لە باوکەوە خزمی ژنەکە بێ، وەک خوشکی باوکی یان خوشکەزاو برازای باوکی. ئەگەر خزمی باوکی نەبوو ھاوشێوەی ئەم ژنە بێ ئەچین بۆ بێگانە ھەر ئافرەتێک بێ لە باری گوزەران و جوانی و تەمەن و ئیشدا ھاوشێوە بن ئەو چەندی بۆ کرا بێت، ئەوەندەش بۆ ئەو دەکرێت.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color