گرنگ

هەڵبژاردن نەخشەی سیاسی عێراق دەگۆڕێت؟


 

بوار نیوز، بەغدا
٢٩ رۆژ ماوە بۆ بەڕێوە چوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، لایەنەکان سەرگەرمی بانگەشەن، لەولاوەش بەشێک لەو هێزانە ترسیان لە لەدەستدانی کورسیەکانیان هەیە.
پێشبینیەکان ئەوە دەردەخەن، رەوتی سەدر بە رێبەرایەتی موقتەدا سەدر، بەهۆی پێگە جەماوەرییە چەسپاوەکەی بەیەکەمی بمێنێتەوە، بەهۆی ئەوەی کە شێوازی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق لەبەرژەوەندی لیستە گەورەکاندایە.
عومەر فاروق لێکۆلەری سیاسی عێراق، پشتراستی زانیارییەکان بۆ بوار نیوز دەکاتەوەو دەڵێت، "رەوتی سەدر زۆرینەی کورسییەکان بەدەست دەهێنیت. بەهۆی کاریگەریەکەی".
هاوکات د. سەنگەر قادر توێژەر لەناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی ئیمارات، بۆ بوار نیوز وتی، "بەبۆچونی من لەدوای رەوتی سەدر، هاوپەیمانی فەتح دێت. پاشان هەردوو کوتلەی نەسر و حیکمە کە دەتوانن ببنە کوتلەی سێیەم و چوارەم".
بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بانگەشەی ئەوە دەکەن حیزبەکەیان ژمارەی کورسییەکانیان زیاد دەکات.
لەناو لیستە عێراقییەکان بەپێی شرۆڤەی لێکۆڵەران لەنێو هێزە شیعەکان هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نووری مالیکی، چاوەڕوان دەکرێت هێزی پێنجەم بێت لەسەر ئاستی کوتلە شیعەکان.
لەبارەی هێزە سوننەکانەوە چاوەڕوان دەکرێت هاوپەیمانی تەقەدوم بەسەرۆکایەتی محەمەد حەلبووسی زۆرینە کورسییەکانی سوننە ببات.
د.سەنگەر پێی وایە، "هاوپەیمانی بەرەی رزگاری بەسەرۆکایەتی ئوسامە نوجێفی دەبێتە هێزی دووەمی سوننەکان و هاوپەیمانی عەزم بەسەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر براوەی سێیەم دەبێت.
چاوەڕوان دەکرێت لەناو هێزە کوردییەکانیشدا پارتی دیموکراتی کوردستان پلەی یەکەم بەدەست بێنێت لەسەر ئاستی هێزە کوردییەکان و بەدوای پارتیشدا، هاوپەیمانی کوردستانی (یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان) چاوەڕوان دەکرێ هێزەی دوەم دەبن.
عومەر فارووق لەبارەی حزبە کوردستانییەکان رای دەگەیەنێت، "ئامانج و تێروانینیان رونە بەرانبەر بە بەغدا، دەیانەوێت وەک هەرێم دەستکەوتەکانیان بپارێزن".
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لە ١٠/١٠ ئەمساڵ بەرێوە دەچێ، ئەوانەی مافی بەبەشداریکردنیان هەیە، 24 ملیۆن و 907 هه‌زارو 679 ده‌نگده‌رە، تا ئێستە زیاتر لە ١٧ملیۆن دەنگدەر کارتەکانیان وەرگرتوەتەوە، 276 حزب و 44 هاوپه‌یمانی، تۆمارکراون بۆ بەشداری لەو هەڵبژاردنە.
لەپاڵ ئەمانە عبدولمنعم ئەلعسم چاودێری کاروباری عێراق، بۆ بوار نیوز وتی، "رێژەی بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنە لە ٪١٥ تێپەر ناکات، هێزە گەورەکان هەموو جۆرە ساختەکارییەک بەکار دەهێنن بۆ یەکلا کردنەوەی ئەنجامەکان، ئەستەمە بتوانرێت گەورەترین هێز دیاری بکرێت لەو هەڵبژاردنە".

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color