گرنگ

دوو مانگە داهاتى گومرگى مەرزەکانى پەروێزخان و باشماخ بۆ لە %50 دابەزیوە


 

بوارنیوز، سلێمانى
بەرێوەبەرى گشتى گومرگى هەرێم ئاماژە بەوەدەکات بەهۆى ئەو گەندەڵى و بێسەرو بەرییەى کە لە مەرزەکانى ژێر دەستەڵاتى حکومەتى عێراق دەگوزەرێت جموجۆڵى بازرگانى لە مەرزى باشماخ و پەروێزخان زۆر کەمیکردووە، بەو هۆیەوە ماوەى دوو مانگە داهاتى گومرگ لەو دوو مەرزە بۆ ڕێژەى لە %50 کەمیکردووە، بەڵام ئێمەش دەمانەوێت ئاسانکارى بۆ بازرگانان بکەین.

ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەرى گشتى گومرگى هەرێم بە بوارنیوزى ڕاگەیاند: بەهۆى ئەوەى لە ئێستادا ئاسانکارییەکى زۆر بۆ بازرگانان دەکرێت بۆ هاوردەکردنى کاڵاو شمەکەکانیان لە مەرزەکانى ژێر دەستەڵاتى حکومەتى عێراق بەتایبەت مەرزى (مونزیرییە) بووەتە هۆى ئەوەى جموجوڵى بازرگانى لە مەرزەکانى باشماخ و پەروێزخان تەواو ڕوو لە کەمى بکات، چونکە بازرگانەکان بەدواى دەروازیەکدا دەگەڕێن کەمترین باجیان لەسەر دانێن و تەعریفەى گومرگیان لەسەر جێبەجێ نەکرێت ئەوەش لە مەرزەکانى عێراق جێبەجێ ناکرێت.

ئاماژەى بەوەشکرد، بەهۆى کەبوونەوەى جموجوڵى بازرگانى لە هەردوو مەرزى باشماخ و پەروێزخان ماوەى دوو مانگە داهاتى گومرگیش لەو دوو مەرزە بۆ رێژەى لە %40 تا لە %50 کەمیکردووە، بێگومان ئەوەش کاریگەرى خراپى دەبێت لەسەر کەمبوونەوەى داهاتى ناوخۆ و ئەگەریش حکومەتى عێراق 200 ملیار دینارەکە نەنێرێت زیاتر کاریگەرى ئەو کەمبوونەوەى داهاتى گومرگە دەردەکەوێت.

بەڕێوەبەرى گشتى گومرگى هەرێم ئەوەشى خستەڕوو، ئێمەش بە نیازین پێداچوونەوە بەکارەنماندا بکەین لەو دوو مەرزە بۆ ئەوەى بتوانین جارێکى دیکە بازرگانان ڕابکێشینەوە کاڵاو شمەکەکانیان لەمەرزەکانى باشماخ و پەروێزخان هاوردە بکەن، بەڵام بەمەرجێک یاساو ڕێنماییەکان پێشێل نەکەین، بەڵکو لەڕووى تەکنیکییەوە کارئاسانیان بۆ بکەین و بە خێرایى بەدەم کێشەو گرفتەکانیانەوە بچین و نەهیڵین لەهاوردەکردنى کاڵاو شمەک زۆر دوابکەون و خێرا کارەکانیان بۆ ڕایی بکرێت.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color