گرنگ

بۆ لابردنی هێڵی سوری ئێران لەسەر موسەننا ئەمین، وەفدێکی یەکگرتوو سەردانی ئەو وڵاتە دەکات


 

 

بوار نیوز، تایبەت

وەفدێکی باڵای یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان بەسەرۆکایەتی سەڵاحەددین محەمەد بەهاددین ئەمینداری ئەو حیزبە لەچەند رۆژی رابردودا سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان کردوە.
بەپێی زانیارییەکانی بوار نیوز، یەکێک لەهۆکارەکانی سەردانەکەی وەفدی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، لابردنی هێڵی سوری ئێرانە لەسەر موسەننا ئەمین، کاندیدی یەکگرتوو لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەسەردانی ئەو وەفدە بەبوار نیوزی راگەیاند "وەفدەکەی یەکگرتووی ئیسلامی پێکهاتبو لەسەلاحەددین محەمەد بەهاددین و سەمیر سەلیم و محەمەد هاودیانی ئەندامانی سەرکردایەتی یەکگرتو لەگەڵ ئەمجەد بابەحاجی نوێنەری یەکگرتو لەتاران".
لەبارەی هۆکاری سەردانی وەفدی یەکگرتو لەم کاتەدا بۆ وڵاتی ئێران، ئەو سەرچاوەیە وتی "هۆکاری سەرەکی بۆ سەردانەکەی ئەو وەفدەی یەکگرتو، بینینی کۆمەڵێک کاربەدەستی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکانی ئەو وەفدەش لەگەڵ بەرپرسانی ئێران باسکردنی هەڵبژاردنە پێش وەختەکەی عێراق بوە".
ئەو سەرچاوەیە وتیشی "یەکگرتوو ترسی هەیە لەوەی لەبازنەی پارێزگای هەڵەبجە موسەننا ئەمین بتوانێت سەرکەوتن بەدەست بێنێت، بەرپرسانی یەکگرتو لەشکست پێهێنانی موسەننا ئەمین بەرپرسانی ئێران بەهۆکار دەزانن و بەئاشکرا وەفدەکەی یەکگرتوو داوای رونکردنەوەیان لەبەرپرسانی ئێران کردوە لەبارەی بوونی هێڵی سور لەسەر موسەننا ئەمین".
بەپێی زانیارییەکانی بوار نیوز، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران، موسەننا ئەمین لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق زۆرترین لێدوانی دژی بەرژەوەندییەکانی ئێران داوە لەعێراق. لەو ڕوەوە بەرپرسانی ئێران قسەکانیان بەرامبەر یەکگرتوو توند بوەو پێیان وابوە هیچ کات یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان لەسەر هێڵی ئێران نەبوە لەشێوازی کارکردنیدا.
ئەو وەفدەی یەکگرتوو بەبێ بەدەستهێنانێکی هیچ پشتیوانییەکی ئێرانییەکان بۆ موسەننا ئەمین گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color