گرنگ

بوار هۆکارەکانی زیادبوونی دەنگی سووتاو و پوچەڵ ئاشکرا دەکات


 
بوار نیوز، تایبەت
بۆ ئەوەی خۆیان لە سزادانیان لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بپارێزن، بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەنگەکانی خۆیان سووتاندن و پوچەڵ کردەوە.
دوێنی هەینی 8ی تشرینی یەکەمی 2021، دەنگدانی تایبەت بۆ هێزەکانی ئەمنییەکان و ئاوارەکان و بەشێکی پزیشکییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو؛ لە هەرێمی کوردستان 331 هەزارو 600 دەنگدەر مافی بەشداریکردنیان لە دەنگدانی تایبەت هەبوو، لەو ژمارەیە 225 هەزارو 851 کەس لە هێزە ئەمنییەکان و 105 هەزارو 754 کەسیشیان لە ئاوارەکانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق بوون کە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.
فشارەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان وایکرد، هێزە ئەمنییەکان بە رێژەیەکی بەرچاو دەنگەکانی خۆیان بسووتێنن یاخود دەنگەکانیان پوچەڵ بکەنەوە.
بەپێی زانیارییەکانی بوار نیوز، لە رۆژی پێنجشەممە و رۆژی هەینی فشارەکانی بەرپرسانی پارتی و یەکێتی لە ناو هێزە ئەمنییەکان چڕکراوەتەوە بۆ ئەوەی ناچاریان بکەن تاوەکو دەنگ بەو کاندیدانەی بدەن کە بۆیان دیاریکردوون.
بەپێی زانیارییەکان، لە شەوی هەینیدا لەڕێگەی گروپەکانی ڤایبەرو وەتسئەپ "هەڕەشە لە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان کراوە، کە لەکاتی چوونیان بۆ بنکەکانی دەنگدان ناوی خۆیان لەلای بەرپرسە ئەمنییەکانیان تۆمار بکەن، بەپێچەوانەوە بە نەهاتوو بۆ دەنگدان هەژمار دەکرێن".
جگە لەو هەڕەشانە، پارتی و یەکێتی "هەڕەشەیان لە هێزە ئەمنییەکان کردووە، کە ئەوان دەزانن دەنگ بەکێ‌ دەدەن؟ بۆیە ئەگەر دەنگ بەو کاندیدانە نەدەن کە بۆیان دیاریکراوە ئەوا دواتر تووشی سزای توند دەبنەوە، هەروەها بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان ناچار کراون وێنەی دەنگدانەکەیان بگرن" بۆیە بەشێکیان دوای وێنەگرتنی دەنگدانیان، چەند مۆرێکی دیکەیان لەو فۆڕمەداوە کە پێیان دراوە بەمەش دەنگەکانیان بە چوپەڵ هەژمار کراوە.
سووتاندن و پوچەڵکردنەوەی دەنگی هێزە ئەمنییەکان، لەکاتێکدایە کە رێژەیەکی زۆری دەنگەکانیش بەهۆی "نەزانینی شێوازی دەنگدان و ئاشنا نەبوون بۆ فۆڕمەکانی دەنگدان" بووە، بەشێوەیەک لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا 18 هەزار دەنگ سووتاون.
جگە لە هەڕەشەکان، زیادبوونی رێژەی سووتاندن و پوچەڵکردنەوەی دەنگەکان بەلای چاودێرانەوە بۆ "ناعەدالەتی و نەبوونی خزمەتگوزاریی و ناشەفافیەت و ئەو ڕەوشە ئابوورییەی دەگەڕێتەوە کە پارتی و یەکێتی بەسەر خەڵکیان هێناوە، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە هاوڵاتیان متمانەی بە حزبەکان نەمێنێت".
لە هەڵبژاردنی 2013ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، زیاتر لە 500 کەس لە هێزە ئەمنییەکانەوە لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە بەهۆی دەنگدانیان بە حزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات سزای سیاسی دران، کە دواتر لەژێر فشاردا زۆرینەیان گەڕێندراونەوە سەر کارەکانیان.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color