گرنگ

ئەحمەدى حاجى ڕەشید بۆچی لەهەڵەبجە شکستی هێنا؟


 
مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەری:
ئەو حیزبەی کاندیدەکەی لەهەڵەبجە دەرچووە، سەرکەوتوو بو لەوەی خەڵکى تێبگەیەنن ئەحمەدى حاجى ڕەشید دەرچووەو پێویست ناکات دەنگى پێبدرێت
بوارنیوز، سلێمانى
هەرچەندە مەکتەبى هەڵبژاردن و ئەندامانى سەرکردایەتى و مەکتەب سیاسى کۆمەڵى دادگەرى و تەنانەت هاووڵاتیان و دەنگەرانى حزب و لایەنە سیاسییەکانى دیکەش دڵنیابوون لەدەرچوونى (ئەحمەدى حاجى ڕەشید) بەربژێرى کۆمەڵى دادگەرى لە بازنەى سێى پارێزگای سلێمانى، بەڵام بەپێچەوانەى پێشبینییەکان کاندیدەکەى کۆمەڵ دەرنەچوو، بەرپرسى دەزگاى هەڵبژاردنى ئەو حزبەش هۆکارى شکستى کاندیدەکەیان بۆ بوارنیوز ئاشکرا دەکات.
بێستون حەمەساڵح، بەرپرسى مەکتەبى هەڵبژاردن و ئامارى کۆمەڵى دادگەرى بە بوارنیوزى ڕاگەیاند: دەرنەچوونى (ئەحمەدى حاجى ڕەشید) لە بازنەى سێى پارێزگاى سلێمانى کە سنورى پارێزگاى هەڵەبجەو قەزاکانى پێنجوێن و سەیدسادق و شارەزوور دەگرێتەوە بۆ ئێمە ڕووداوێکى چاوەڕواننەکراو بوو هۆکارى سەرەکى دەرنەچوونى ئەو کاندیدەشمان پەیوەندى بە ڕاگەیاندنى ئەنجامى دەنگدانى تایبەت هەبوو کە نەدەبوو کۆمیسیۆن ئەو ئەنجامانە ڕابگەیەنێت.
ئاماژەى بەوەشکرد، "هۆکارێکى دیکەى شکستى کاندیدەکەمان پەیوەندى بە سروشتى کۆمەڵى دادگەرییەوە هەیە کە بەرکەوتنى زۆرمان لەگەڵ هێزو لایەنەکانى دیکەى ئەو سنورەوە هەیە، لەگەڵ ئاشکراکردنى دەنگى تایبەت کە (ئەحمەدى حاجى ڕەشید) پلەى دووەمى هێناو بەڕێژەیەکى بەرچاو لە پێش کاندیدەکانى دیکەوە بوو، ئەمە واى لە حزبەکانى دیکە کرد کار لەسەر دەنگەرانى ئێمە بکەن و وا خەڵکى تێبگەیەنن کە (ئەحمەدى حاجى ڕەشید) دەرچووەو پێویست ناکات دەنگى پێبدرێت پێویستە دەنگ بە کاندیدێکى دیکە بدرێت بۆ ئەوەى دەربچێت، بۆیە ئەو حزبە لەو کارەیدا سەرکەوتوو بوو کاندیدەکەى ئەوان دەرچوو، بووە هۆى سەرنەکەوتنى کاندیدەکەى ئێمە".
بەرپرسى مەکتەبى هەڵبژاردن و ئامارى کۆمەڵى دادگەرى ئەوەشى خستەڕوو، ئێمە وەک کۆمەڵى دادگەرى نەمانویست بڕۆینە ناو مەعمەعەى هەڵبژاردنەوە، هاوکات ئێمە بانگەشەیەکى سپیمان کرد. لەناو بانگەشەکەماندا هیچ لایەنێکى سیاسیمان نەخستە ناو بازنەیەکى دیاریکراو لەوەش پەشیمان نین، بەڵام بەرانبەرەکانمان ئێمەیان خستە ناو بازنەیەکى دیاریکراوەوە و کاریان لەسەر دەنگەکانمان کرد.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color