گرنگ

نزیکەی 350 هەزار تورکمان لەهەولێر دەژین


 

 

"رێککەوتنی پارتی و حزبە تورکمانییەکان لەهەولێر کێشەی بۆ کاندیدانی بەرەی تورکمانی دروست کرد"

بوار نیوز، تایبەت
بەرپرسێکی بەرەی تورکمانی رایدەگەیەنێت: "سەرنەکەوتنی کاندیدانی بەرەی تورکمانی عێراقی لەهەولێر بۆ رێککەوتنی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و 19 حزب و لایەنە تورکمانییەکە دەگەرێتەوە"، دەشڵێت:"نزیکەی 350 هەزار تورکمان لە هەولێر دەژین".
جگە لەبەرەی تورکمانی عێراقی، سەرجەم حزب و لایەنەکانی دیکەی تورکمانی لە هەرێمی کوردستان بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیان نەکردو چەند رۆژێک پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە، 19 حزب و لایەنی تورکمانی لە هەولێر بەرەسمی پیشگری خۆیان بە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاند.
لەبارەی کاریگەری رێککەوتنەکەی پارتی و حزبە تورکمانییەکان لەسەر دەرنەچوونی کاندیدانیان، بڕوا عومەر بەرپرسی رێکخراوە جەماوەریی و پیشەییەکانی بەرەی تورکمانی عێراقی بە بواری راگەیاند: "ئەو رێککەوتنە بەهۆکارێک دادەنرێت بۆ سەرنەکەوتنی کاندیدانمان لەهەولێر بۆ پەرلەمانی عێراق، جگە لەوە دەنگ نەدانی تورکمانەکان بە کاندیدانی تورکمان، یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکانی دەرنەچوونی کاندیدانمان".
بەرەی تورکمانی پێیوایە ژمارەی تورکمانەکان لە هەولێر نزیکەی 350 هەزار کەسە، بۆیە ئەگەر بە یاسا ئەو مەرجە دابندرێت "دەبێت هەر نەتەوەیەک تەنیا دەنگ بە کاندیدانی خۆی بدات، ئەوکات تورکمان لە هەولێر کێشەکانی چارەسەر دەکرێت و بەدەنگی خۆی دەتوانێت نوێنەرەکانی بنێرێتە پەرلەمان".
نەبوونی کاریزمای تورکمانی لە هەولێر، یەکێکی دیکەیە لەو گرفتانەی بەلای بەرەی تورکمانییەوە "وایکرد دەنگی پێویست نەهێنن".
بەرەی تورکمانی عێراقی وەکو تاکە حزبی تورکمانی لە هەولێر بە سێ‌ کاندید بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد، بەڵام بە هەرسێ‌ کاندیدەکە نەیانتوانی هەزارو 200 دەنگ بەدەست بهێنن.
تورکمانانی هەرێمی کوردستان بە سیستەمی کۆتا، پێنج کورسیان لە پەرلەمانی کوردستادا هەیە، هەر بە سیستەمی کۆتا، سێ‌ کورسیان لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێرو کورسییەکیشیان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیدا هەیە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color