گرنگ

پارتی کورسی کۆتای مەسیحییەکانی هەولێری دۆڕاند


 

 

مەسیحییەکان، حەشدی شەعبی تۆمەتبار دەکەن بەکاندیدە دەرچووەکەی حیزبی شیوعی

بوار نیوز، تایبەت
سەرەڕای ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان پشگیری دوو کاندیدیان دەکرد بۆ بەدەست هێنانی کورسی کۆتای مەسیحییەکان لەهەولێر، بەڵام کاندیدەکانیان دەرنەچوون، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو کاندیدەی دەرچووە بە دەنگی "حەشدی شەعبی" بووە.
بۆ بەدەستهێنانی کورسی کۆتای مەسیحییەکانی هەولێر، پارتی دیموکراتی کوردستان پشگیری (سەنا یەعقووب فلو) لە هاوپەیمانی حامورابی بەسەرۆکایەتی ئانۆ جەوهەر کادیری پارتی و وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرد، هاوکات یەکێتی نیشتمانی کوردستان پشگیری کاندیدی سەربەخۆی مەسیحییەکان (هێلان عیسی کریم اسحق)ی دەکرد، بەڵام هەردوو کاندیدەکە دەرنەچوون.
هیلان عیسا، کاندیدی سەربەخۆی مەسیحییەکان بە بواری راگەیاند: "هەرچەندە من چوار هەزارو 495 دەنگم هێناوە، بەڵام دەرنەچووم چونکە دەنگەکانم فەوتاوە، ئێستا دەمەوێت سکاڵا تۆمار بکەم، بەڵام رێگەم پێنادەن" بەبێ‌ ئەوەی ناوی ئەو لایەنە ئاشکرا بکات کە رێگەی لێ دەگرن.
ئەو کاندیدەی دەرنەچووەی مەسیحییەکان، دەشڵێت: "یەکێتی پشگیری کردم بۆ ئەوەی خۆم کاندید بکەم، بەڵام لەبەر کاندیدەکانی خۆیان تەرکیزیان لەسەر من نەما".
هاوکات (سەنا یەعقووب فلو) تاکە کاندیدی هاوپەیمانێتی حامۆرابی بوو، دەرنەچووە. ئەو بە بواری گوت: "سەرەڕای ئەوەی پارتی پیشگیری کردم، بەڵام دەرنەچووم. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە دەنگەکانی من فەوتاوە، بۆیە سکاڵا تۆمار دەکەم".
گوتیشی: "لەسەرەتای راگەیاندنی ئەنجامەکانەوە، تەنیا لە سەنتەری هەولێر زیاتر لە سێ‌ هەزار دەنگم هێناوە، بەڵام ئێستا دەڵێن لەسەرجەم سنووری پارێزگای هەولێر دوو هەزارو 800 دەنگت هێناوە، ئەمەش مانای ئەوەیە ساختەکاری کراوە".
سەنا یەعقووب ئاماژە بەوەش دەکات لە "دەنگدانی تایبەتدا" ژمارەیەکی زۆری دەنگی هێناوە، کەچی ئەو دەنگانەشی دیارنەماوە لە دەنگدانی تایبەت هێناویەتی؟.
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن لە هەولێر (فاروق حەنا عەتو)، کاندیدی سەربەخۆی مەسیحییەکان لە هەولێر بە کۆکردنەوەی پێنج هەزارو 85 دەنگ توانیوویەتی کورسی کۆتای مەسیحییەکانی هەولێر بباتەوە، بەڵام بەشێک لەحزبەکانی مەسیحیی پێییانوایە ئەو کاندیدە بە "دەنگی حەشدی شەعبی" دەرچووە.
هیلان عیسا، دەڵێت: "بەپێی ئەو زانیاریانەی بە ئێمە دراوە، فاروق حەنا بە دەنگی حەشدی شەعبی دەرچووە".
فاروق حەنا عەتو بە بواری راگەیاند: "من تاکە کەسی چەپ و دیموکراسیخواز بوومە، خۆم کاندید کردووە بۆیە حزبی شیوعی کوردستان و بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی گوردستان و حزبی زەحمەتکێشان پشگیریان کردم".
لەبارەی بەدەستهێنانی دەنگ لە بەغداو ناوچەکانی دیکەی عێراق، فاروق حەنا گوتی: "هەموو کەس ئازادە دەنگ بە کێ‌ دەدات؟ من دیموکراتخوازم و نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان دەکەم، بەڵام ئەگەر حەشدی شەعبی یان هەرکەسێکی دیکە لە بەغدا یان لە پارێزگایەکی دیکەی عێراق دەنگی پێدابم ئەوا بە ئارەزووی خۆیان بووە، نەک رێککەوتن".
فاروق حەنا پێشمەرگەی حزبی شیوعی کوردستان بووەو لە راپەڕینی 1991ی کوردستان بەشداری کردووەو بریندار بووە؛ ئێستا نووسەرەو چەند بەرهەمێکی چاپکراوی هەیە.
بۆ هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەکەمی 2021ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێنج کورسی کۆتا لە پێکهاتەی مەسیحییەکان لە پارێزگاکانی (هەولێر، دهۆک، کەرکوک، نەینەواو بەغدا) دانرا.
جگە لە پەرلەمانی عێراق، لە پەرلەمانی کوردستان و هەردوو ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەولێرو دهۆک، کورسی کۆتا بۆ مەسیحییەکان دانراوە، بەڵام وەکو خۆیان باسی دەکەن حزبەکان "لەبەرژەوەندی خۆیان" کاندیدانی مەسیحییەکان یەکلایی دەکەنەوە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color