گرنگ

بوار وادەی کشانەوەی گۆڕان لە کایبنەی نۆیەم و حکومەتی خۆجێیی سلێمانی و هەڵەبجە ئاشکرا دەکات


 

"گۆڕان بۆ موزایەدە ناکشێتەوە، بەڵکو بۆ بەخۆداچونەوەیەکی جددی دەیەوێت بکشێتەوە"

بوار نیوز، تایبەت
لەگەڵ ئەوەی بڕیاری کشانەوەی گۆڕان لەکابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەردوو حکومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە نەخراوەتەوە دەنگدانەوە، بەڵام ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی دەڵێت: "95%ی ئەندامان لەگەڵ کشانەوە دابوونە، بەڵام بۆ ئەوەی نەبێتە فەوزا بڕیاری کشانەوەی لە حکومەت و حکومەتە خۆجێییەکان راگیراوە".
رۆژی چوارشەممە 13ی تشرینی یەکەمی 2021، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ تاوتوێکردنی شکستی گۆڕان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەو بەپێی پێشنیازەکانی جڤاتی گشتی حزبەکە، پێویست بوو بڕیاری کشانەوەی گۆڕان لەکابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەردوو حکومەتی خۆجێیی سلێمانی و هەڵەبجە بدرێت.
لەبارەی ئەوەی بۆچی بڕیاری کشانەوەی حکومەت نەدرا؟ ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە بوارنیوزی راگەیاند: "مەسەلەی کشانەوە لە کابینەی نۆیەم و حکومەتی خۆجێیی سلێمانی و هەڵەبجە ئاسانە، بەڵام رێککارەکانی کشانەوە لە حکومەت و حکومەتی خۆجێیی هەنگاو بە هەنگاو دەکرێت؛ لە هەنگاوی یەکەمدا، دەستلەکارکێشانەوەی خانەی راپەڕاندن ئەنجام درا (ئەندامانی خانە خۆیان ئامادە بوون بۆ دەستلەکارکێشانەوە). ئێستا تەرکیزمان لەسەر ئەوەیە چۆن رێکخەرو خانەیەکی دیکەی نوێ‌ دروست بکرێتەوە، چونکە ئەوان سەرپەرشتی کۆنفراسەکانی گۆڕان دەکەن".
گوتیشی: "پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، قۆناغی یەکەمی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی گۆڕان تەواو کرا بوو، بەڵام بەهۆی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان راگیران، ئێستا قۆناغی دووەمی هەڵبژاردن تەواو دەکەین، لەو هەڵبژاردنانەدا جڤاتی نیشتمانی هەڵدەبژێردرێت جڤاتی نیشتمانیش رێکخەرو خانەی راپەڕاندن هەڵدەبژێرێت".
لە بەیانەکەی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان ئاماژە بەوەکراوە بۆ بەڕێوەبردنی گۆڕان، دەستەیەکی کاتی هەڵبژێردرێت، لەبارەی هەڵبژاردنی ئەو دەستەیە، ئەندامەکەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتی: "دەستەکەی گۆڕان لە (بەرەی رازی و ناڕازی گۆڕان) و ئەو کەسانە پێکدێت کە پشتیوانی گۆڕانیان کردووە، هاوکات راوێژ بە پسپۆڕان و مامۆستایانی زانکۆ دەکرێت بۆ ئەوەی کارەکانی داهاتوومان دیاری بکەین. لە هەفتەی داهاتوودا، لێژنەیەکی گۆڕان کارەکانی بۆ هەڵبژاردنی دەستەکە دەستپێدەکات، بەڵام سەرەتا پێشنیازەکان وەردەگیرێت".
ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی، ئاماژەی بەوەشکرد: "دوای هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن و رێکخەری گشتی، ئەوا بڕیاری کشانەوەی گۆڕان لەکابینەی نۆیەم و حکومەتە خۆجێییەکان دەدرێت، هەرچەندە دوێنی 95%ی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی لەگەڵ کشانەوە بوون، بەڵام بۆ ئەوەی نەبێتە فەوزاو شکستەکە گەورەتر نەبێت بڕیارەکە راگیرا".
ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی بۆ بوار، جەختی لەوە کردووە "هەموو رێککارەکانی گۆڕان بۆ کشانەوە لەحکومەت و دروستکردنەوەی گۆڕانێکی نوێ‌ لە پێش کۆتایی ئەمساڵ تەواو دەکرێن، بەڵام ئێستا بینای گۆڕان رووخاوەو دەبێت سەرەتا بیناکە دروست بکرێتەوە ئینجا بڕیار بدرێت".
بەوتەی ئەندامەکەی گۆڕان، بڕیاری کشانەوەی گۆڕان لە حکومەت بۆ "موزایەدە" نابێت، بەڵکو بۆ ئەوەیە "گۆڕان پێچوونەوەیەکی بنەڕەتی بکات و جەماوەرەکەی خۆی ئاشت بکاتەوە".

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color