گرنگ

هەوڵەكان بۆ كۆبوونەوەی هاوسەرۆكی یەكێتی بێ‌ ئەنجامە


 

 

بافڵ تاڵەبانی ئامادە نییە گفتوگۆو دانیشتن لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی بكات

بوار نیوز، سلێمانی

تا ئێستا هیچكام لەو هەوڵانە ئەنجامیان نەبووە، كە دەدرێن بۆ ئەوەی هەردوو هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی بافڵ تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی كۆبوونەوە بكەن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی سەركردایەتی یەكێتی دراوە بەبوارنیوز، لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، كە لە 10ی تشرینی یەكەمی رابردوو بەرێوەچوو، چەند سەركردەیەكی یەكێتی هەوڵیانداوە، بۆ ئەوەی هاوسەرۆكایەتی یەكێتی رازی بكەن بۆ دانیشتن‌و گفتوگۆكردن.

هەر بەپێی زانیارییەكان سەرچاوەكە، تائێستا هەوڵەكانی ئەو سەركردانەی یەكێتی بێ‌ ئەنجامبوون، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بافڵ تاڵەبانی ئامادەنییە دانیشت‌و گفتوگۆ لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی ئەنجامبدات.

كێشەكانی لاهور شێخ جەنگی‌و بافڵ تاڵەبانی لە 8ی تەمووزی رابردووەوە تەقیوەتەوە، كە بافڵ تاڵەبانی لاهور شێخ جەنگی تۆمەتباردەكات، بەوەی هەوڵیداوە ژەهرخواردی بكات‌و دەسەڵاتەكانی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكارهێناوە.

لەبەرانبەریشدا لاهور شێخ جەنگی ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوەو باس لەوە دەكات، لەناوخۆی یەكێتی‌و بە پاڵپشتی دەستی هەرێمیی‌و نێودەوڵەتی كودەتای لەدژ كراوە.

سەرچاوەكەی سەركردایەتی یەكێتی باسی لەوەش كرد، سەرەڕای بێ‌ ئەنجامی هەوڵەكانی رابردوو، چەند سەركردەیەكی یەكێتی لەهەوڵەكانیان بەردەوامن، بۆ ئەوەی هاوسەرۆكانی یەكێتی دابنیشن‌و گفتوگۆ لەبارەی كێشەكانیانەوە بكەن.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color