گورچیلەکان جووتێک ئەندامن لە لەشی مرۆڤ و ئاژەڵە بڕبڕەدارەکان، ئەگەرچی هەندێک کارى دیکەشیان هەیە، وەلێ کارى سەرەکییان پاڵاوتنى خوێن و هەڵدانە دەرەوەى ئەو پاشەڕۆیانە کە ئەندامەکانى لەش فڕێیان دەدەن ناو خوێنەوە. بەو جۆرە ئەگەر گورچیلەکان بە باشی کار نەکەن، ئەو ماددە زیانبەخشانە لەناو خوێندا دەمێننەوە و تەندروستى دەخەنە مەترسییەوە، بەوەش مانەوە لە ژیان مەحاڵ دەبێت.
هەندێک کەس بەهۆى هەندێک هۆى وەک: هەوکردنى خانەکانى گورچیلە، نەخۆشییە درێژخایەنەکان و داوودەرمانەوە گورچیلەکانیان لاواز دەبن و ناتوانن بە ئەرکەکانیان هەڵبسن، ئەگەرچی بەشێکیان گورچیلەکان بەکار دەکەونەوە، بەڵام ئەوانى تریان ڕۆژبەڕۆژ دۆخیان خراپتر دەبێت و گورچیلەیان پەکى دەکەوێت، بەوەش پێویستیان بە شوشتن (غەسلی)ى هەفتانە دەبێت.
غەسلی بەردەوامى گورچیلە تێچوون و ماندووبوون لێکەوتەى زۆرى هەیە، بۆیە هەوڵ دراوە بەدیلێکى بۆ بدۆزرێتەوە، ساڵى 1954 پزیشکێکى ئەمەریکى بەناوى (جۆسێف موڕاى) چاندنى گورچیلەى داهێنا و بەوەش ساڵى 1990 خەڵاتى نۆبڵی بەدەست هێنا. لەو ساوە ڕۆژبەڕۆژ گورچیلە لێنانەوە لە زیاد بووندایە و ئێستا ساڵانە نزیکەى 100 هەزار نەشتەرگەریی گورچیلە چاندن ئەنجام دەدرێت، کە زۆربەى ئەو گورچیلانە لە مردوو و نزیکەى سێیەکیشیان لە زیندووانەوە وەردەگیرێن. لاى ئێمە لەبەرئەوەى هێشتا بەخشینى ئەندامەکان لە کاتى مردن زۆر نەبووە بە باو، بۆیە هەر لە زیندووان دەردەهێنرێت، کە بەداخەوە هەندێک جار بەخشەرەکە تووشی کێشەى تەندروستى دەبێت.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دەستەیەک پزیشکى ئەمەریکى بە ڕابەرایەتیی دکتۆر (ڕۆبەرت مۆنتگۆمەری) توانییان گورچیلەیەک لە بەراز دەربهێنن و لە نێو جەستەى کەسێکدا بیچێنن، کەسەکە مێشکى مردبوو بەڵام ئەندامەکانى دیکەى جەستەى کاریان دەکرد (کە ئەم جۆرە کەسانەش لە زانستى پزیشکیدا بە مردووى تەواو دادەنرێن). ئەگەرچی ئەم کارە هێشتا لە سەرەتادایە و نازانرێت تا چەند سەرکەوتوو دەبێت، بەڵام تا ئێستا کارەکە بە باشی بەڕێوە دەچێت و جێى ئومێدە. ئەگەر بە تەواوى سەرکەوتن بەدەس بێنێت، کاریگەرییەکى زۆرى دەبێت، بەوەی چیتر پێویست بەوە ناکات ژیانى کەسێکى تەندروست بخرێتە مەترسییەوە بۆ ڕزگار کردنى نەخۆشێک، هەر وەک ژمارەى ئەو نەخۆشانەى لە چاوەڕوانیی بەخشەرێکدا گیان لەدەست دەدەن، کەم دەبێتەوە.
دواى بڵاوبوونەوەى ئەو هەواڵە، لەنێو جیهانى ئیسلامیدا مشتومڕێک پەیدا بوو لەسەر ئەوەى تا چەند شەریعەتى ئیسلام ڕێگە بەو کارە دەدات، چونکە ڕوونە خواردنى گۆشتى بەراز لە ئاینەکەدا بە شێوەیەکى بنبڕ ڕێگەپێنەدراوە. شەریعەتزانان کەوتوونەتە وەڵام دانەوەى ئەو پرسیارە، لەبەر ئەوەى باسەکە نوێیە، هێشتا ماویەتى دامەزراوە فیقهییە موعتەبەرەکان فەتواى خۆیانى لەبارەوە بڵاو بکەنەوە، بەڵام هەندێک زاناى ئاینى ڕاى خۆیان دەربڕیوە، لەوانە دکتۆر (نەسڕ فەرید واسڵ)ى کە پێشتر موفتیی میسر بووە، پوختەى ڕاکەى ئەمەیە: " لەنێو فیقهزاناندا ڕاجیایی هەیە دەربارەى چارە کردن بە شتە حەرامکراوەکان و لەنێویاندا پێکهاتەکانى بەراز، هەیانە بە حەرامى دادەنێت و هەشیانە بە حەڵاڵ، ئەوانەى بە حەڵاڵى دادەنێن، دوو مەرجیان هەیە، دەبێت پزیشکێکى موسڵمانى شارەزا لە پزیشکى و ناسراو بە ڕاستگۆیی و دەستپاکى و دیندارى ئەو بڕیارە بدات، ئینجا چارەیەک جگە لەو چارەیە نەبێت و مەبەستى لێى بەزاندنى سنوورەکانى شەرع نەبێت و زیاد لە پێویست بەکار نەهێنرێت، لەبەر ئەوەى هۆى ڕێگەپێدانەکە ناچارییە. بۆیە هیچ ڕێگرییەک لە ڕووى شەرعییەوە لەمەدا نابینین، مادام پێویستییەکى زۆر هەبێت پێی و بەدیلێکیشى نەبێت، ئەوەیش کە بڕیار لەمە دەدات پسپۆڕە جێمتمانەکانى بوارەکەن. لە بارەى چاندنى ئەندامیش، ئەوە زۆربەى فیقهزانان ڕایان وایە کە دەکرێت ئەندام لە مردوو یان ئاژەڵەوە بگوازرێتەوە بۆ مرۆڤێکى زیندوو، ئەگەر ئەو گواستنەوەیە ببێتە هۆى سوود بۆ مرۆڤەکە و بەدیلێکیشی نەبێت. خۆ ئەگەر ڕۆژێکیش دەربکەوێت کە دەکرێت ئەو ئەندام و خانانە لە ئاژەڵە پاکەکانى وەک مانگا وەربگیرێن، ئەوە ناکرێت لە ئاژەڵانى پیسی وەک بەراز وەربگیرێن، مەگەر لە ئەوپەڕی پێویستیدا بێت. ئینجا دەشوترێت کە بەراز پیس بێت، چۆن دەکرێت شتێکى پیس بخرێتە ناو جەستەى موسڵمانەوە؟ ئێمەش دەڵێین: ئەوەى لە ڕووى شەرعەوە قەدەغەیە، ئەوەیە کە پیسییەکە بە دەرەوەى لەشەوە بێت، هەرچی پیسی لەناو لەشدایە، ئەوە هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر ڕێپێنەدانى، هەر وەک ئەوەى پیسیی وەک میز و خوێن و پیساییى لەناو جەستەى موسڵماندا هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا نوێژ دەکات و قورئان دەخوێنێت و تەوافی ماڵى خوا دەکات، بەڵام ئەو شتانە لەسەر لاشەى بێت، نابێت".
د. زانا ئەحمەد
پزیشکی پسپۆڕی هەناو