گرنگ

یەكێتی‌و گۆڕان ئاڵوگۆڕ بەپۆستی پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجە دەكەن؟


 

 

عیزەت سابیر: تائێستا بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی هیچ شتێكم بەفەرمی پێنەوتراوە

بوارنیوز، تایبەت
یەكێتی نیشتمانی خواستی هەیە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان ئاڵوگۆڕ بەپۆستی پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجە بكات‌و ئەو كەسەشی ناوی وەك كاندید بۆ پۆستی پارێزگای سلێمانی دەهێنرێت دەڵێت: هیچ شتێكم بەفەرمی پێنەوتراوە.
چەند رۆژێكە دەنگۆ هەیە، كە هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی دەستلەكاردەكێشێتەوەو لەجێگەی ئەویش یەكێتی نیشتمانی پۆستی پارێزگاری سلێمانی وەردەگرێت، كە عیزەت سابیریش كاندیدە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.
لەو بارەوە بوارنیوز پەیوەندی كرد بەعیزەت سابیرو لەمیانی لێدوانێكی وتی: تائێستا لەبارەی وەرگرتنی پۆستی پاریزگاری سلێمانی هیچ شتێكی فەرمیم لەلایەن یەكێتییەوە پێنەوتراوە.
بوارنیوز بۆ زانیاری زیاتر لەبارەی دەنگۆی دەستلەكاركێشانەوەی هەڤاڵ ئەبوبەكرو وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی لەلایەن یەكێتییەوە بەدواداچوونی زیاتری كردو بەپێی زانیارییەكان، یەكێتی نیشتمانی بەنیازە لەداهاتوو لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان دەست بەگفتوگۆ بكات، بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕ بەپۆستی پارێزگاری سلێمانی‌و هەڵەبجە بكەن.
هەر بەپێی زانیارییەكان، یەكێتی دەیەوێت لەسەر بنەمای ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ گۆڕان هەیەتی پۆستی پارێزگاری سلێمانی وەربگرێت‌و لەبەرانبەر ئەوەدا دەستبەرداری پۆستی پارێزگاری هەڵەبجە ببێت بۆ كاندیدی بزووتنەوەی گۆڕان.
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، یەكێتی وەك ئاگاداركردنەوەیەك ئەو پەیامەی بەهەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی لەپشكی گۆڕان داوەو ناوبراویش ئامادەیی نیشانداوە بۆ دەستلەكاركێشانەوە، بەڵام بەمەرجی رێككەوتنی گۆڕان‌و یەكێتی لەسەر ئەو پرسە، نەك ئەوەی نامەی دەستلەكاركێشانەوەی نووسیبێت، وەك ئەو دەنگۆیانەی ئێستا لەو بارەوە باس دەكرێت.
گۆڕان‌و یەكێتی لەساڵی 2014 رێككەوتنێكیان لەسەر بنەمای ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان واژووكرد، كە بەپێی رێككەوتنەكە پۆستی پارێزگاری سلێمانی‌و هەڵەبجە بەشێوەی دوو ساڵ بەدوو ساڵ بەرێوەبەرن.
لەدوای ئەنجامدانی رێككەوتنەكە یەكێتی سەرەتا پۆستی پارێزگاری سلێمانی بۆ ماوەی دوو ساڵ وەرگرت‌و پۆستی پارێزگای هەڵەبجەی دایە بزووتنەوەی گۆڕان‌و دوای دوو ساڵ‌و لەساڵی 2016 ئاڵوگۆڕیان بەپۆستەكان كردەوەو لەو ساڵەوە پۆستی پارێزگاری سلێمانی لای كاندیدی گۆڕانەو پۆستی پارێزگای هەڵەبجەش لای یەكێتی نیشتمانییە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color