گرنگ

بافڵ تاڵەبانی لەبەردەم بۆمبی گۆڕانکارییەکانی ناو یەکێتی


 

بافڵ تاڵەبانی لەململانێی نەیارەکانییەوە بۆ ململانێی یارەکانی

بوارنیوز، تایبەت
هەنگاوی یەکەمی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی بۆ لێسەندنەوەی دەسەڵاتەکان لە لاهور شێخ جەنگی‌و دوورخستنەوەی لەحیزبەکەش، سەرەڕای بەرزی‌و نزمی زۆر تاڕادەیەک سەرکەوتوو بوو.
ئێستا بافڵ تاڵەبانی لەچوارچێوەی ئەوەی خۆی ناوی ناوە "راستکردنەوەی رێڕەو" دەیەوێت هەنگاوی دووەم بنێت، بەڵام پێناچێت ئەم هەنگاوەی بەئاسانی بنێت‌و رەنگە رووبەڕووی بۆمبێک ببێتەوە، لەهەر دەقەیەک ئەگەری تەقینەوەی لێبکرێت.
بافڵ تاڵەبانی لە 8ی تەموزی رابردووەوە، دەستی بەگۆڕانکاری‌و هەنگاوەکانی لەناو یەکێتی کردووە، کە سەرەتا تەواوی دەسەڵاتەکانی لەلاهور شێخ جەنگی وەک هاوسەرۆک سەندەوەو دواتر بە بڕیارێک لەریزەکانی یەکێتی "دەریکرد"، کە ئەمە ململانێی‌و بەرزوو نزمی زۆری لەناوخۆی یەکێتی دروست کرد.

ئەم هەنگاوەی بافڵ تاڵەبانی بیانووەکەی ئەوە بوو، کە گوایە لاهور شێخ جەنگی هەوڵی ژەهرخواردکردنیداوەو دەسەڵاتەکانی بۆ بەرژەوەندی کەسی بەکارهێناوە، لەبەرانبەردا لاهور شێخ ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوەو باس لەوە دەکات لەناوخۆی یەکێتی بە پشتگیری لایەنی تر "کودەتا"ی لەدژ کراوەو بڕیاری "دەرکردن"یشی بە ناپەیڕەوی وەسف دەکات.

ئێستا دوای ئەو بەرزی و نزمییە زۆرەی یەکێتی لەدوای رووداوەکانی 8ی تەمووز بەخۆیەوە بینی، بافڵ تاڵەبانی دەستی بەهەوڵی نوێ‌ کردووە، بۆ ئەوەی میکانزمێک بدۆزێتەوەو بەشێوەیەکی پەیڕەوی وەک سەرۆک، یان سکرتێری یەکێتی بناسێنرێت.
بۆ ئەم مەبەستە بافڵ تاڵەبانی لەماوەی مانگی تشرینی دووەم چەند جارێک هەوڵی رێکخستنی کۆبوونەوەی سەرکردایەتیدا، بەڵام سەرجەم هەوڵەکانی بێ‌ ئەنجامبوو، بۆیە ئێستا بەدوای میکانیزمێکی نوێ‌ دەگەڕێت، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی پەیڕەوی بەسەرۆک یان سکرتێری یەکێتی بناسرێت.
بەڵام پێناچێت لەم هەنگاوەشدا بافڵ تاڵەبانی سەرکەوتوو بێت، بەو پێیەی هیچ رێگەیەکی پەیڕەوی نییە بۆ ناساندنی کەسێک وەک کەسی یەکەمی یەکێتی، جگە لەگەڕانەوە بۆ سەرکردایەتی.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی، سەرکردایەتی ئەو حیزبە باڵاترین ئۆرگانی بڕیاردانی حیزبەکەیەو دەسەڵاتی دانانی سەرۆک‌و لادانی هەیە، کە لەئێستادا بەهۆی ئامادەنەبوونی بەشێک لەسەرکردایەتی یەکێتی بۆ بەشداری لەکۆبوونەوە، بافڵ تاڵەبانی کێشەی بۆ دروست بووە.
جگە لەناساندنی وەک سەرۆک یان سکرتێری یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت گۆڕانکاری لەپۆستە حیزبی‌و حکومییەکان، بەتایبەتی لەسنووری سەوز بکات.
بافڵ تاڵەبانی بەم هەنگاوەشی دەیەوێت بەتەواوی دەست‌و دەسەڵاتی لاهور شێخ جەنگی لەسنووری سەوز لەناو پۆستە حیزبی‌و حکومییەکاندا نەهێڵێت، بەڵام پێناچێت ئەم هەنگاوەش بۆ بافڵ تاڵەبانی ئاسان بێت‌و رەنگە لێرەدا بۆمبە تەوقیتکراوەکەی پێدا بتەقێتەوە، تا رادەی ئەوەی هەموو ریسەکەی لێبکاتەوە بەخوری، چونکە بافڵ تاڵەبانی پێشتر لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی نەیاری لەململانێدا بوو، بەڵام بۆ ئەم هەنگاوەی لەگەڵ یارەکانی دەکەوێتە ململانێوە.
بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت لەدوای ناساندنی وەک سەرۆک، یان سکرتێری یەکێتی، جێگرێک، یان دوو جێگری هەبێت، ئەوەش بەرێککەوتن لەگەڵ باڵ‌و ئاراستەکانی تری یەکێتی، کە رەنگە رێککەوتن لەسەر ئەم هەنگاوە قوورس بێت، بەو پێیەی ماڵی کۆسرەت رەسوڵ چاویان لەوەیە سەرۆکی یەکێتی یەک جێگری هەبێت‌و پۆستەکەش بەدەسەڵاتی تەواوەوە بۆ ئەوان بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش کەرکوکییەکانی ناو یەکێتی چاویان لەوەیە سەرۆک دوو جێگری هەبێت‌و یەکێک لەجێگرەکان بۆ کەرکوکییەک بێت.
هاوکات بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت لەناو دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیش گۆڕانکاری بکات‌و لێپرسراوی دەستەکەش بداتە شاناز ئیبراهیم ئەحمەدی پوری، کە رەنگە ئەمەش لەلایەن ئەندامانی تری دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رەتبکرێتەوەو ئەوانیش کار بۆ دەستخستنی ئەو پۆستە بکەن‌و ململانێی توندیشی لەسەر بکەن.
هەروەها دەنگۆ هەیە، بافڵ تاڵەبانی ژمارەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی زیاد بکات بۆ 16 کەس‌و باس لەوەش دەکرێت، دەیەوێت زۆرترین لەکەسە نزیکەکانی سەربخات بۆ مەکتەبەکە، کە ئەمەش بەدڵنیایی لەلایەن باڵ‌و ئاراستەکانی ترەوە رەتدەکرێتەوە، چونکە ئەوانیش دەیانەوێت پشکیان هەبێت لەو زیادکردنەی بڕیارە بۆ مەکتەبی سیاسی بکرێت.
هەرچی گۆڕانکارییەکانە لەئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی دەیەوێت ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە 124 کەسەوە بۆ نزیکەی 60 کەس کەمبکاتەوە، بۆیە پێشنیازکراوە ئەنجوومەنێک بەناوی ئەنجوومەنی چاودێری دروست بکرێت.
بافڵ تاڵەبانی بەم هەنگاوەی دەیەوێت ئەو ئەندام سەرکردایەتییانەی سەر بەلاهور شێخ جەنگی بوون، لەسەرکردایەتییەکە دووربخاتەوەو بیانخاتە ئەنجوومەنێکی نوێی بێ‌ دەسەڵات، کە قبووڵکردنی ئەمەش لەلایەن ئەو ئەندامانەی سەرکردایەتی یەکێتی تارادەیەک قوورس دەبێت‌و رەنگە پەسەندکردنی لەئەستەم نزیک بێتەوە.
هەوڵێکی تری بافڵ تاڵەبانی لەهەنگاوی دووەمی گۆڕانکارییە لەپۆستە حکومییەکانی سنووری ئیدارەی زۆنی سەوز، کە ئەم گۆڕانکارییانەش رەنگە بافڵ تاڵەبانی رووبەڕووی بەربەستی گەورە بکاتەوە.
بافڵ تاڵەبانی لەم هەنگاوەی دەیەوێت قوباد تاڵەبانی رۆڵی سەرەکی هەبێت‌و ئەو تەواوی گۆڕانکارییەکان بکات، بۆ ئەوەی بەخواستی خۆیان گۆڕانکارییەکان بکرێن، بۆ ئەو مەبەستەش قوباد تاڵەبانی وەک جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەیەکی ئامادەکردووە.
بەڵام لەمەشدا باڵ‌و ئاراستە جیاوازەکانی یەکێتی بێ‌ دەنگ نابن‌و بەدڵنیایی داوای پۆست‌و پشکی خۆیان دەکەن، کە لێرەشدا گرفتی گەورە بۆ بافڵ تاڵەبانی‌و قوبادی برای دروست دەبێت‌و رەنگە وەک هەوڵەکانی پێشووی نەگات بەو ئامانجەی مەبەستییەتی.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color