گرنگ

شکانی ئێسکی کەسانی بەتەمەن لەوە بڵاوترە کە بیری لێدەکەیتەوە! کەسانی بەتەمەن چۆن بپارێزین لە شکانی ئێسک؟


 

 

د. سەروەر سالار چوچانی
پزیشکی پسپۆڕی جومگە و ڕۆماتیزم و فەقەرات

بەپێی ئامارە برواپێکراوە جیهانییەکان، لە سەرووی پەنجا ساڵییەوە یەک لە سێی ژنان و یەک لە پێنجی پیاوان تووشی شکانی ئێسک دەبن بەهۆی فشەڵبوونی ئێسکەوە!

زۆرترین شکانی ئێسک لە کەسانی سەروو تەمەنی پەنجا ساڵی لە سێ شوێنی جەستەدایە: حەوز (ملی ئێسکی ڕان)، بڕبڕەی پشت، و مەچەک.

لە هەموویان پەکخەرتر شکانی حەوزە، کە ئازار و پەککەوتەییەکی زۆر دروستدەکات و بەهۆی فشاڵیی ئێسکی کەسەکەوە جارەسەری ئاسان نییە!

بەشێکی بەرچاوی خەڵکی نازانن ئێسکیان فشەڵە تاوەکوو ئێسکیان دەشکێت، بەشێکی دیکە تەنانەت دوای شکانەکەش حالەتی فشەڵییەکەیان بەهەند وەرناگیرێت و تەنیا بیر لە چارەی بەشە شکاوەکە دەکرێتەوە، نەوەک بیر لە بەشە بەشکاوەکانیش بکرێتەوە و هەنگاوی پێویست بگیرێتە بەر بۆ پاراستنیان لە شکان.

بۆیە گرنگە کەسانی سەروو تەمەنی پەنجا ساڵ سەردانی پزیشکی ئێسک و جومگە بکەن و دڵنیایی وەربگرن لەبارەی هێزی ئێسکەکانیان، بە تایبەت خانمان، بەر لەوەی تووشی شکان ببن!

هەندێک هەنگاوی سادە و کرداری دەکرێت کەسانی سەروو پەنجا ساڵ بپارێزێت لە شکانی ئێسک:

1- بڕی پێویستی کالسیۆم و ڤیتامین دی وەربگیرێت. سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی کالسیۆم بریتین لە: شیرەمەنییەکان، پاقلەمەنییەکان، چەرەسەکان و پاشان ماسی و بەشێک لە سەوزە و میوەکان و گۆشت. ڤیتامین دی بە بەرکەوتنی هەتاو بە پیست دروستدەبێت و بە بڕیکی سنوورداریش هەیە لە قارچک و هێلکە و ماسی و بەشیکی دیکە لە خواردەمەنییەکان
2- وەرزشی ڕۆژانە، وەکوو پیادەڕەوی و ڕاکردن و شاخەوانی و وەرزشەکانی دیکە کە دەبنەهۆی پتەو مانەوەی ئیسکەکان
3- با لەسەر ئەرزەی ناوماڵ و سەر قادرمەکان شتی ئەوتۆ نەبێت کە پێی لێ هەڵبکەوێت، وەکوو وایەر و کەرەستەی ئەوتۆ ببنە هۆی کەوتنی ئەندامانی خێزان
4- ڕووناکی پێویست هەبێت شەوان کاتێک کەسی بەتەمەن هەڵدەستێتەوە بۆ نوێژکردن یان توالێت کردن
5- کومبار و فەرش با چەسپ بن بە کاشیی ماڵەکەوە، نەک بخزێن و ببنە هۆی کەوتن
6- بەکارنەهێنانی کورسی و پەیژەی لاواز و لەرزۆک
7- پارچە کومباری بەردەم توالیت و حەمام چەسپ بکرێت و خلیسک نەبێت
8- کاشیی توالێت و گەرماو زۆر خلیسک نەبێت
9- وازهێنان لە جگەرەکێشان
10- زیادەڕەوی نەکردن لە خواردنەوە کحولییەکان
11- ساڵانە سەردانی پزیشکی چاو بکرێت و کزیی چاو چارەسەر بکرێت، نەوەک خراپیی بینایی وابکات کەسەکە زوو زوو قاچی لە کەرەستەی ناوماڵ هەڵبکەوێت و بکەوێت و ئێسکی بشکێت
12- ئەو دەرمانانە بە ڕێک و پێکی بخورێت کە پزیشکی ئێسک و جومگە بۆ کەسەکەی دادەنێت بە مەبەستی بەهێزبووونەوەی ئێسک

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color