گرنگ

باشترین دەرمان بۆ چارەسەری نەخۆشی شەکرە چییە؟


 

 

دکتۆر عارف گۆران
پسپۆڕی ڕاوێژکاری نەخۆشییەکانی ھەناو
پسپۆڕی وورد لە نەخۆشییەکانی شەکرەو ھۆرمۆنات
لەندەن

وەك ئاشکرایە تاکە رێگای چارەسەری نەخۆشی شەکرەی جۆری یەک تەنھا ئەنسولینە . ئێمە لەو نووسینە باسی جۆری دووی نەخۆشی شەکرە دەکەین، کە نزیکەی ٩٥٪‏ ی نەخۆشانی شەکرە دەگرێتەوە . کێشەی سەرەکی شەکرەی دوو بە تایبەت لە قۆناغی سەرەتایی نەخۆشیەکە کەمی ڕێژەی ئەنسولین نیە ، بەلکو لەشی مرۆڤ بەرگری بەرامبەر ئەنسولین درووست دەکات .سالانێکی زۆر بۆ چارەسەری نەخۆشی شەکرە لە سێ گروپی دەرمان زیاتر لەبەردەستدا نەبوو بەلام لەو چەند سالانەی دوایی کۆمەلێک گرووپی دەرمانی تر پەیدابوون ، كە بەشێک لەو دەرمانانە گران بەھان . مەبەستی من لەو پۆستە ئەوەیە مەرج نیە ھەموو دەرمانێکی گران بەھا باش بێت و ھەر یەکێک لەو دەرمانانە لە قۆناغێکی دیاریکراو بەکار دەھێنرێت .
میتفۆرمین ( Metformin ) یەکێکە لەو دەرمانانەی ماوەیەکی زۆرە بۆ چارەسەری نەخۆشی شەکرە بەکاردەھێنرێت و نرخەکەشی گونجاوە ، ھەموو لێکۆلینەوەکان وا دەردەخەن دەرمانێکی کاریگەرە بۆ کۆنترۆلکردنی شەکرە . ھەموو ناوەندە زانستیەکانی پەیوەست بە نەخۆشی شەکرە کۆکن لەسەر ئەوەی ئەگەر کەسێکی تووشبوو بە شەکرە نەیتوانی بە پارێز شەکرە کۆنترۆل بکات ، ئەوا مێتفۆرمین دەبێت وەک یەکەمین دەرمان بەکاربھێنرێت . دەتوانین بەشێک لە تایبەتمەندتەکانی مێتفۆرمین لەو چەند خالە کورت بکەینەوەیە :
1-میکانیزمی کارکردنی مێتفۆرمین رێک لە کێشەی سەرەکی شەکرە کەمدەکاتەوە ، دەبێتە ھۆی ئەوەی کە ئەو بڕە ئەنسولێنەی لە لەشی مرۆڤ ھەیە باشتر کاربکات .
2-مێتفۆرمین پێچەوانەی بەشێکی زۆری دەرمانەکانی تری شەکرە نابێتە ھۆی زیادبوونی کێشی نەخۆش کە یەکێکە لە گرفتەکانی بەشێکی زۆری نەخۆشەکانی شەکرە ، تەنانەت بەکارھێنانی مێتفۆرمین لە ھەندێک نەخۆش دەبێتە ھۆی دابەزینی کێش .
3-مێتفۆرمین نابێتە ھۆی دابەزاندنی رێژەی شەکر بە شێوەیەکی زۆر ( Hypoglycaemia ) ، دیارە ئەو حالەتە لە بەشێک دەرمانەکانی شەکرە درووست دەبێت و نەخۆش نارەحەت دەبێت و تەنانەت لە ھەندێک حالەت ژیانی نەخۆش دەکەوێتە مەترسی ئەگەر شتێکێ شیرین نەخوات.
4-میتفۆرمین بە شێوەیەکی گشتی دەرمانێکی سەلامەتە ، تەنھا لەو نەخۆشانەی کە تووشی پەک کەوتنی گورچیلە بوونە نابێت بەکاربھێنرێت ، ھەر بۆیە پێش ئەوەی ھەر نەخۆشێک ئەو دەرمانە بەکاربھێنێت دەبێت پشکنینی خوێنی بۆ بکرێت .
5-بەشێکی ئەو نەخۆشانەی کە مێتفۆرمین بەکاردەھێنن تووشی ئیسھالی و زگ ئێشان و دل تێکچوون و ڕشانەوە دەبن . بۆ ئەوەی کە نەخۆش تووشی ئەو حالەتە نەبێت دەبێت سەرەتا تەنھا یەک حەب لەگەل خواردن بەکاربھێنێت و لە ماوەی چەند ھەفتەیەک ژەمی مێتفۆرمین دەکرێت زیاد بکرێت بۆ دوو جار یاخود سێ جار بە گوێرەی پێویستی نەخۆشەکەو لەژێر رێنمایی دکتۆر . ئەگەر ھەر ئیسھالی بەردەوام بوو ئەوکاتە دەکرێت Metformin SR بەکاربھێنرێت و چونکە ئەو جۆرەی مێتۆرمین بە شێوەیەکی لەسەرخۆ لە کۆئەندامی ھەرسی مرۆڤ دەتوێتەوەو کێشەی ئیسھالی و دل تێک چوون زۆر کەمترە ، دەبێت ئەوە بوترێت کە ئەمجۆرەی مێتفۆرمین ھەندێک گرانترە .
6-حەبی مێتفۆرمین بە جورعەی جیاواز بەردەستە بۆ نموونە ٥٠٠ ملگم ، ٨٥٠ ملگم ، ١٠٠٠ ملگم . بۆی ھەیە مێتۆرمین لەگەڵ دەرمانی تری شەکرە تێکەل بکرێت و بە یەک حەب بە نەخۆش بدرێت . مێتفۆرمین دەتوانرێت بە بری ٨٥٠ ملگم سێ جار لە رۆژێک بەکاربھێنرێت.
7-دیارە ئەگەر کەسێک بری تەواوی مێتفۆرمینی بەکارھێنا بەلام ھێشتا شەکرەی باش کۆنترۆل نەبوو ، دەبێت دەرمانێکی تری بۆ زیاد بکرێت . زۆر گرنگە کە نەخۆش بەلایەنی کەم شەش مانگ جارێک پشکنینی کۆنترۆل بکات کە لە کوردستان بە فەحسی تەراکومی یاخود سێ مانگە دەناسرێت ( HbA1c ) .
8-مێتفۆرمین دەرمانێکی سەلامەتە بۆ ئافرەتانی دووگیان ، تەنانەت بۆ چارەسەری ئەو جۆرەی شەکرە بەکاردەھێنرێت کە لە بەشێکی ئافرەتانی دووگیان دەردەکەوێت( Gestational Diabetes ).
9-ھیچ لێکۆلینەوەیەکی زانستی ئەوە دەرناخات کە مێتۆرمێن ببێتە ھۆکاری شێرپەنجە ، بە پێچەوانەوە ھەندێک لێکۆلینەوە وا دەردەخەن کە مێتفۆرمین ئەگەر تووشبوون بە ھەندێک شێرپەنجە ، وەک شێرپەنجەی قۆلۆن و پەنکریاس کەم دەکاتەوە.
10-دەکرێت مێتفۆرمین بدرێت بەو کەسانەی کە قۆناغی پێش شەکرەیان ھەیە ، بە تایبەت ئەگەر نەتوانرا لە رێگای پارێزو وەرزش کردن و کێش دابەزاندن حالەتەکە کۆنترۆل بکرێت . لێکۆلینەوەکان وا دەردەخەن کە بەکارھێنانی مێتفۆرمین لەو گروپە وا دەکات کە نەیەلی تووشی شەکرە ببن یاخود سەرھەلدانی شەکرە دوابخات .
خوێنەری بەرێز مێتفۆرمین دەرمانێکە بۆ پتر لە حەفتا سال دەبئت بۆ چارەسەری شەکرە بەکاردەھێنرێت . دەرمانێکی بەردەست و نرخ گونجاوە . ھەموو لێکۆلینەوەکان وا دەردەخەن کە باشترین و کاریگەرترین دەرمانە بۆ ئەو نەخۆشانەی شەکرە کە ناتوانرێت لە رێگای پارێزکردن کۆنترۆل بکرێت . دیارە بەکارھێنانی ھەر دەرمانێک دەبێت لەژێر چاودێری دکتۆری پسپۆر بێت.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color