گرنگ

پەیوەندی نێوان لیکی مارمێلکەو چارەسەری نەخۆشی شەکرە!


 

 

دکتۆر عارف گۆران
پسپۆڕی ڕاوێژکاری نەخۆشییەکانی ھەناو
پسپۆڕی وورد لە نەخۆشییەکانی شەکرەو ھۆرمۆنات
لەندەن

گیلا جۆرێکی مارمیلۆکەیە کە لە بیابانەکانی ئەریزۆناو مەکسیک دەژیت . درێژی ئەو مارمێلکە نزیکەی ٥٠ سم دەبێت. گیلا گۆشتخۆرەو لەسەر مشک و بۆق و کرم دەژیت . ئەوەی زۆر جێگای سەرنج و تێرامانە گیلا دەتوانێت بۆ چەند مانگێک بژیت بێ ئەوەی ھیچ شتێک بخوات ، بە تایبەت لە وەرزی زستان خۆی لە ژێر زەوی دەشارێتەوە. ئەو سیفەتەی گیلا وای لە زانایان کرد کە لێکۆلینەی زیاتر لەسەر ئەو مارمێلکە بکەن . زانایان جۆرە مادەیەکیان لە لیکی ئەو مارمێلکە دۆزیەوە کە لە زنجیرە پرۆتین (Exendin-4) پێکھاتووە، ئەوەی جێگای سەرنجی زانایانی ئەو بوارە بوو ئەو پرۆتینەی لە لیکی گیلا ھەیە زۆر لە ھۆرمۆنێک دەچێت، کە لە مرۆڤیشدا ھەیە و پێی دەووترێت گی ئێل پی وەن (GLP-1 ) ، کاتێک مرۆڤ کاربۆھێدرات دەخوات ریخۆلە ئەو هۆرمۆنە دەردەكات و کار دەکاتە سەر پەنکریاس بۆ ئەوەی ئەنسولین دەربکات و رێژەی شەکر لە خوێن رێک بخات . لە تووشبوانی جۆری دووی نەخۆشی شەکرەی ئەو ھۆرمۆنە وەک پێویست ئەو کاریگەریەی نیە ،ئەمەش بیرۆکەی پێدانی GLP-1 لای بەشێک لە پسپۆرانی بواری شەکرە درووستکرد ، بەلام زوو تێبینی ئەوەکرا، کە GLP-1 كاریگەرییەكەی بەخێرایی نامێنێت و بە ھۆی ئەنزیمێکەوە ( DPP-4 ) تێکدەشکێت. پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیای پزیشکی وایكرد گۆڕانکاری لە چەند پرۆتینێک بکرێت و دەرمانێک درووست بکرێت( GLP-1 Analogue)، کە ھەمان کاریگەری ھەبێت و بەلام بەرگەی تێکشان بگرێت. ئەو دەرمانە بە شێوەی دەرزی ژێر پێست بە نەخۆش دەدرێت وەک ئەنسولینە، بەلام زۆر جیاوازە لە ئەنسولین . لە ئێستادا کۆمەلێک لەو دەرزیانە لەبەردەستن . بەشێک لەو دەرمانانە دەبێت رۆژانە و ھەندێکی تر لە ھەفتەی تەنیا یەکجار بەكار بهێنرێت. کۆمپنیایەکی تر کار لە سەر دەرمانێک دەکات، کە یەک دەرزی بۆ ماوەی یەک مانگ کاریگەری دەمێنێت. دیارە بەشێک لەو دەرزیانە لە کوردستان بەردەستەو لە لایەن ھەندێک تووشبوانی شەکرە بەکاردەھێنرێت، بۆیە حەز دەکەم لەم چەند خالە باسی ئەو جۆرە دەرمانە بکەم:
1-لە رابردوو بەشێکی تووشبوانی شەکرە ، کاتێک کە بە حەب نەدەتوانرا شەکرە تەواو کۆنترۆل بکرێت ، پەنا بەرەو ئەنسولین دەبردرا ، لە کاتی ئێستا بە ھۆی ھەبوونی کۆمەلێک حەبی نوێ و ئەو دەرزیەی باسی دەکەین ، نەخۆش بە رێژەیەکی کەمتر پێویستی بە ئەنسولین دەبێت .
2-ئەو دەرزیە جگە لەوەی شەکری نەخۆش رێکدەخات دەبێتە ھۆی دابەزاندنی کێشی مرۆڤ ،کە یەکێکە لە گرفتەکانی بەشێکی زۆری تووشبوانی شەکرە . ھەر لەبەر ئەو ھۆکارە دەکرێت ئەو دەرزیە بۆ چارەسەری قەلەویش بەکاربھێنرێت ، تەنانەت ئەگەر کەسەکە نەخۆشی شەکرەشی نەبێت.
3-ئەو دەرزیە ھیچ ڕۆلێکی نیە لە چارەسەری نەخۆشانی شەکرەی جۆری یەک ، کە تاکە رێگای چارەسەری تەنھا بەکارھێنانی ئەنسولینە.
4-لە سەرەتای بەکارھێنانی ئەو دەرزیە بۆی ھەیە نەخۆش تووشی دل تێکچوون و رشانەوە بێت ، بەلام لە زۆربەی ھەرەزۆری حالەتەکان دوای چەند ھەفتەیەک لە بەکارھێنان ئەو کێشەیە نامێنێت .
5-بە داخەوە ئەو دەرمانە لە سەنتەرەکانی شەکرەی کوردستان بوونی نیە ، لەبەر ئەوەی نرخی گرانە . یەکێک لەو دەرزیانەی کە لە کوردستان بەردەستە مانگانە نرخەکەی نزیکەی دەگاتە دوو سەد دۆلار ، ھەر لەبەر ئەو ھۆکارە بەشێکی زۆری تووشبوانی شەکرە ناتوانن سوود لەو دەرزیە وەربگرن . ھیوادرم حکومەت خەمێک لە دابینکردنی ئەو دەرمانە بخوات، بە تایبەت بۆ ئەو نەخۆشانەی شەکرە، کە زۆر قەلەون .

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color