گرنگ

ساڵانه‌ بڕى 3 ملیار دۆلار پاره‌ى هاووڵاتیانى هەرێم بۆ چارەسەر‌ و كڕینی دەرمان‌ ده‌ڕوات


 

 

ساڵانه‌ قەبارەی هاوردەكردنی دەرمان بۆ هەرێمی كوردستان 1 ملیار دۆلاره

128 نەخۆشخانەی حكومی و 79 نەخۆشخانەی ئه‌هلى هه‌یه‌

هه‌ر 48 هەزار كەس یەك نەخۆشخانە و هه‌ر 10 هەزار كەسیش 11 پزیشكی به‌رده‌كه‌وێت

بوار نیوز، تایبه‌ت
كۆی ئەو پارەیەی لە 10 ساڵی رابردوودا حكومەتی هەرێم بۆ موچە و پێداویستیەكانی دیكەی وەزارەتی تەندروستی تەرخانی كردوە حەوت ملیار دۆلار بووه‌.
به‌پێى راپۆرتێكى رێكخراوێكى ناوخۆیى هه‌رێمى كوردستان به‌ پاڵپشتى رێكخراوێكى ئه‌مه‌ریكى، لە هەرێمی كوردستاندا ئامادەکراوە. (128) نەخۆشخانەی حكومی و (915) مەڵبەند‌ و بنكەی تەندروستی هەیە، هه‌ر (48 هەزار) كەسیش یەك نەخۆشخانەی بەردەكەوێت و هه‌ر (10 هەزار) كەسیش (11) پزیشكیان بەردەكەوێت و ژمارەی نەخۆشخانە ئەهلیەكانی هەرێمی كوردستانیش (79) نەخۆشخانەیە.

به‌پێى راپۆرته‌كه‌ى ئه‌و رێكخراوه‌، ئەو پارەیەی ساڵانە خەڵكی هەرێمی كوردستان دەیدەن بەچارەسەر‌و كرینی دەرمان‌ و نەشتەرگەریی لە دەرەوەی نەخۆشخانە حكومیەكان زیاتر لە (3 ملیار) دۆلارە.
له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، له‌سه‌دا سه‌دى پزیشكان كە لەكەرتی گشتیدا كار دەكەن و ئەوانەی پلەی پزیشكی راوێژكاریان هەیە دوو كار دەكەن كارێك لە كەرتی گشتی‌ و كارێك لە كەرتی تایبەت، له‌ كاتێدا بەپێی مەرجەكانی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان دەبێت پزیشكی راوێژكار (35) كاتژمێر لە یەك هەفتەدا كار بكات، به‌ڵام ژمارەیەك لە پزیشكانی راوێژكار رۆژانە لە كاتژمێر‌ و نێوێك تا دوو كاتژمێر كار دەكەن كە ئەمەش دەكاتە هەفتانە نزیكەی (10) كاتژمێر یان كەمتر.
له‌به‌شێكى راپۆرته‌كه‌، ئه‌وه‌ش روونكراوه‌ته‌وه‌، مانگانە بڕی (50,520,000,000) پەنجا ملیار‌و پێنجسەد‌ و بیست ملیۆن دینار و ساڵانەش (606,240,000,00) شەش سە د‌و شەش ملیار‌و دوسەد‌وچل ملیۆن دینار بۆ موچه‌ى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ده‌چێت و كۆی ئەو پارەیەی لە (10) ساڵی رابردوودا حكومەتی هەرێم بۆ موچە و پێداویستیەكانی دیكەی وەزارەتی تەندروستی تەرخانی كردوە حەوت ملیار دۆلار تێپەر دەكات، بۆ كەرتی تەندروستی خەرج كراوە.
به‌پێى به‌دواداچوونه‌كانى ئه‌و رێكخراوه‌، قەبارەی نرخی هاوردەكردنی دەرمان لە هەرێمی كوردستان كە لەلایەن كۆمپانیاكانی ئەو بوارەوە هاوردە دەكرێت بە ئامانجی فرۆشتنی بە خەڵك مانگانە (100,000,000) سەد ملیۆن دۆلار تێپەڕ دەكات، ئەمەش لەساڵێكدا دەكاتە (1,200,000,000) یەك ملیار‌و دوسەد ملیۆن دۆلار، كەئەمەش قەبارەی 25% ی كۆی دەرمانی هاوردەكراوی هەموو عێراقە، كە ساڵانە قەبارەی نرخی هاوردەكردنی دەرمان لەعێراقدا دەگاتە (5,000,000,000) پێنج ملیار دۆلار.
هه‌ربه‌پێى راپۆرته‌كه‌، ئەو پارەیەی ساڵانە خەڵكی هەرێمی كوردستان دەیدەن بەچارەسەر‌ و كرینی دەرمان‌ و نەشتەرگەریی لە دەرەوەی دامەزاروە تەندروستییە حكومیەكان زیاترە لە سێ ملیار دۆلار، كە بۆ نزیكەی (3000) پزیشك‌ و(79) نەخۆشخانەی ئەهلی‌ و نزیكەی (4300) نۆرینگە و چەند كۆمپانیایەكی هاوردەی دەرمان‌ و سێ كارگەی دروست كردنی دەرمان دەڕوات.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color