گرنگ

حەوت پێشنیازی گرنگ بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری


 

پرسیاری زۆربەمان ئەوەیە؛ هەندێ وەرز خەیار زۆرە و فڕێدەدرێت، ناکرێت کارگەی خوێکردنی خەیارمان هەبێت؟
تەماتە زۆرە و فڕێدەدرێت، ناکرێت چەند کارگەیەکی بەرهەمهێنانی دۆشاوی تەماتەمان هەبێت؟ خوری مەڕ و مووی بزن فڕێدەدرێت، ناکرێت کارگەیەکی بەرهەمهێنانی رستن و چنینمان هەبێت؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە و دەیانی دیکەش، توێژەرێکی کورد حەوت پێشنیازی گرنگ بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەخاتەڕوو. بە جێبەجێکردنی ئەم پێشنیازانە کوردستان دوای کۆرۆنا دەبووژێتەوە و لە داهاتوودا خۆی لە قەیرانی دارایی کەمەرشکێن دەپارێزێت.

پ.ی.د یوسف بەرزنجی لە دیداری ساڵانەی زانکۆی سۆران بە ناونیشانی (کوردستان دوای ڤایرۆسی کۆرۆنا؛ کاریگەری و لێکەوتەکانی) کە لە گەرمەی کۆرۆنادا بە شێوەی ئۆنڵاین بەڕێوەچوو، توێژینەوەیەکی لەبارەی کشتوکاڵسازی پێشکەشکرد.

لە سەرەتای قسەکانیدا د. یوسف گوتی: “مەبەستمان لە کشتوکاڵسازی ئەوەیە، کشتوکاڵ وابەستەی پیشەسازی بکرێت، چونکە ئەگەر وابەستەی پیشەسازی نەکرێت، هەم وەبەرهێن و هەم بەکاربەر لەڕووی ئابوورییەوە سوودێکی ئەوتۆی لێنابینین”.

بەگوتەی د. یوسف، کاتێک باسی کشتوکاڵ دەکرێت چەند سێکتەرێک دەگرێتەوە، لەوانە؛ سامانی ئاژەڵی، رەزگەری، بەروبوومی کێڵگەیی، پیشەسازی خۆراک، دارستان و سەرچاوە ئاوییەکان.

سامانی ئاژەڵی 60% بۆ 65%ی داهاتی ئابووری کشتوکاڵی پێکدەهێنێت. مەبەستمان بەخێوکردنی ئاژەڵ و پەلەوەر و ماسی و بەرووبوومەکانیانە. بەروبوومی کێڵگەیی؛ دانەوێڵە ستراتیژییەکانی وەکو برنج و گەنم و جۆ و گەنمەشامی و ئەوانی تر دەگرێتەوە.

رەزگەری؛ مەبەستمان لە سەوزە و میوە و باخ و باخاتە. دارستان؛ مەبەستمان لەتەختە و سەرجەم ئەو پێداویستییانەیە کە لە پیشەسازی بەکاردێن و پێکهاتەکەیان دارە.

ئەگەر ئەم چوار سێکتەرە پیشەسازییان لەگەڵ نەبێت، وەبەرهێن هەندێ کات تووشی زەرەر دەبێت، بۆنموونە کاتێک بەرهەمی زۆرە و نازانێت چی لێ بکات و پێی ساخنابێتەوە.

بەپێچەوانەشەوە کاتێک بەرهەم کەمە، بەکاربەر زەرەر دەکات و پێداویستی بەنرخێکی گران دەستدەکەوێت. لە هەردوو حاڵەتەکەشدا کێشە و گرفت و سەرێشە بۆحکومەت و کەرتی ئابووری دروست دەبێت. سەرجەم سێکتەرەکانیش پێویستیان بەئاو و سەرچاوەکانی ئاو دەبێت.

د. یوسف لە کۆنفرانسەکەدا ئاماژەی بە کۆمەڵێک داتای دەستەی ئاماری هەرێمی کو ردستانی کرد. سەرەتا لە بواری سامانی ئاژەڵیدا گوتی؛ لەڕووی ئابوورییەوە ئەم بوارە بە گرنگترین بواری کشتوکاڵ دادەنرێت و ئابووری کشتوکاڵی بە رێژەی 60-65٪ لەم کەرتە سەرچاوە دەگرێت. هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی لەبارە بۆ بەرهەمهێنانی پیشەسازی بەروبوومە ئاژەڵییەکان.

بەپێی ئامارەکانی دەستەی ئامار، هەرێمی کوردستان خاوەنی چوار ملیۆن و 89 هەزار و 139سەر ئاژەڵی جۆراوجۆر، شەش ملیۆن و 936 هەزار و 770 دۆنم پاوانی سروشتی، 19 هەزار و 229 دۆنم پاوانی دەستکرد، 383 پرۆژەی بەخێوکردنی ماسی، هەزار و 431 پرۆژەی بەخێوکردنی مریشیکی گۆشت و هێلکە هەڵهێنەر، 183 کێڵگەی بەخێوکردنی مەڕ و ماڵات و رەشەوڵاخ، 25 کارگەی بەرهەمهێنانی ئالیک، 108 بنکەی تەندروستی ئاژەڵ و 58 هەزار و 84 ئاژەڵدارە.

ئەم ژمارانە هێمان بۆ ئەوەی دەکرێت ئەم کەرتە ببێتە هەوێنی پێشخستنی کەرتی ئابووری لە هەرێمی کوردستاندا.

ئاماژەی بە کۆمەڵێک داتای تریش کرد، لەوانە؛ رووبەری گشتی هەرێمی کوردستان 17 ملیۆن و 161 هەزار و 608 دۆنمە. بڕی شەش ملیۆن و 143 هەزار و 176 دۆنمی لەبار و گونجاوە بۆ کشتوکاڵکردن. نزیکەی پێنج ملیۆن و 473 هەزار و 552 دۆنم دێمییە و بۆ بەرهەمهێنانی گەنم و جۆ لەبارە. نزیکەی 669 هەزار و 624 دۆنمی بەراوە و دەکرێت لە بەرهەمهێنانی چەڵتوکدا بەکاربێت.

وەک د. یوسف باسی کرد، بەهۆی ئەوەی زۆربەی سەرچاوەکانی دیجلە بە هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕن، دەکرێت لقیان لێبکەینەوە و زەوییەکانی خۆمانی پێ بەراو بکەین. هەورەها هەرێمی کوردستان خاوەنی نزیکەی 16 هەزار و 592 تراکتۆر و هەزار و 251 دەراسەیە.

ناوبراو جەختیشی کردەوە کە ئەم داتایانەی سەرەوە هێمان بۆ ئەوەی لەڕووی دانەوێڵەوە دەکرێت بڕێکی باش لە پێداویستی نێوخۆ بەرهەمبهێنین کە پێویستمان بە هاوردەکردن زۆر کەمدەبێتەوە، جگە لەوەی بەرهەمێکی تەندروست و ساغڵەم بەدەستدێنین بۆ هاونیشتمانیانی خۆمان.

زیاتر گوتیشی؛ “بۆنموونە ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ وڵاتێکی وەکو ژاپۆن، رووبەری ئێمە زۆرترە، یان ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ وڵاتێکی وەکو نیوزلەند، تەنیا 9٪ی خاکی ئەو وڵاتە بۆ کشتوکاڵ بەکەڵک دێت”.

هەرێمی کوردستان لەبەر جیاوازی کەشوهەواکەی لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر دەیان جۆری داری میوەجاتی لێ دەڕوێنرێت. کۆی گشتی رووبەری لەبار بۆ باخچە دێمییەکان نزیکەی 140 هەزار و 327 دۆنمە. نزیکەی 116 هەزار و 597 دۆنم باخچەی بەراویشی هەیە. ئەم زەمینەسازییەی هەرێمی کوردستان و، بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێی چاندن و بەخێوکردن و چاکردنی میوەجات، بەرەو بەرهەمی زۆر و خۆماڵیکردنی ئەم کەرتە هانمان دەدات .

د. یوسف، پسپۆر لە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، باسی لەوە کرد کە چیا سەرکەشەکانی هەرێمی کوردستان بڕێکی بەرچاو دارستان لەخۆدەگرن و لەبەر جۆراوجۆری تۆپۆگرافیا و کەشوهەوای جیاواز، چەندین جۆری دارستانی لێ روواوە.

“نزیکەی 5 ملیۆن و 62 هەزار و 411 دۆنم دارستانی سرووشتیمان هەیە. نزیکەی 52 هەزار و 408 دۆنم دارسنای دەستکردمان هەیە. ئەم رێژەیەی دارستان دەکرێت زیادبکرێت و سوودی لیوەربگیرێت وەکو بەرهەمی خۆراک، بەدەستهێنانی رەژوو و تەختەی گونجاو بۆ پیشەسازی”.

هەر پەیوەست بەم بابەتە ناوبراو چەند پرسیارێکی وروژاندن؛ لە هەندێ وەرزخەیار زۆرە و فڕێدەدرێت، ناکرێت کارگەی خوێکردنی خەیارمان هەبێت؟ تەماتەزۆرە و فڕێدەدرێت، ناکرێت چەند کارگەیەکی بەرهەمهێنانی دۆشاوی تەماتەمانهەبێت؟ خوری مەڕ و مووی بزن فڕێدەدرێت، ناکرێت کارگەیەکی بەرهەمهێنانیرستن و چنینمان هەبێت؟

ئەو وەک نموونە باسی ژمارەی کارگەکانی کوردستانی کرد و وتی، نزیکەی 27 پڕۆژەی کشتوکاڵی گەورە، نزیکەی 88 پڕۆژەی مامناوەند و نزیکەی دوو هەزار و 358 پرۆژەی بچووکی پیشەسازی کشتوکاڵی هەن، کەواتە ئەگەر بە بەرنامە کاربکرێت و ژمارەیان زۆر بکرێت، ئەوا سەرکەوتوو دەبن.

د. یوسف کە مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدینە و خاوەنی چەندین توێژینەوەی بڵاوکراوەیە لە گۆڤارە نێودەوڵەتییەکان، زیاتر باسی لە سامانی ئاژەڵی کرد و گوتی: پێشتر هەر وا باس دەکرا کە کوردستان خاوەنی دوو جۆر بزنە، یەکەم بزنە رەشە کێوییەکە، دووەم بزنی مەرەز، بەڵام ئێمە هاتین توێژینەوەمان کرد و بۆمان دەرکەوت کە جوار جۆری تری بزنمان هەیە؛ هەروەها حەوت جۆر رەنگی بزنمان هەیە. هەندێ جۆری مووی بزن هەیە لەوانە مەرەز، لە وڵاتان بە گرام دەفرۆشرێ و کیلۆی 120 دۆلار دەکات. کەچی لای خۆمان فڕێدەدرێت. بەداخەوە بزنی مەرەز سامانێکی نیشتیمانی گرانبەهای فەرامۆشکراوە”.

جەختیشی کردەوە کە بەپیی توێژینەوە سەلمێنراوەکانیان، ئەگەر بەشێوەیەکی ستاندارد بەخێوبکرێت، هەر بزنێک لە هەرێمی کوردستان ساڵانە داهاتی 280 دۆلار دەبێت جگە لە شیرەکەی.

باسی پەلەوەریشی کرد و قەلی بە نموونە هێنایەوە و گوتی؛ “هەموومان دەزانین سەرچاوەی قەل ئەمریکایە، بەڵام خێرە قەلی ئەوان گەورە دەبێت و هی ئێمە بەساڵێک لە چوار بۆ پێنج کیلۆ زیاتر گەورە نابێت. ئێمە توێژینەوەیەکمان ئەنجامدا ولە زانکۆی یو کەی ئێمی مالیزیا بڵاومانکردەوە و 30 جیناتمان وەرگرت، بۆمان دەرکەوت 86٪ی جیناتی قەلەکانی خۆمان و ئەمریکا وەکو یەکە. بەمپێیە بۆمان دەرکەوت ئێمە بە تەکنەلۆژیای نوێ و بە کشتوکاڵسازی و ئالیکی باش قەل پەروەردە ناکەین”.

د یوسف بەرزنجی لە کۆتایی قسەکانیدا چەند پێشنازێکی خستنەڕوو بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەدوای ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریان لەسەر بکات، گرنگترینیان؛

هەبوون و کردنەوەی سەنتەری توێژینەوەی زانستی کشتوکاڵی لەسەر ئاستی قەزاکان.
- کردنەوەی تاقیگەی سەردەمییانە لە گشت سەنتەرەکانی سەر بە وەزارەتە وابەستەکانی ئەم سێکتەرە.
دانانی جین بانکی نیشتمانی بۆ داتاکردنی سەرجەم زانیارییەکانی ئەم سێکتەرە، وەک مەرجەعێکی زانستی داتابەیس و کۆگای هەڵگرتن و وەبەرهێنانی بنەتۆی نیشتمانی
زیادکردنی بڕی تەرخانکراوی ساڵانەی بودجە بۆ ئەم سێکتەرە لە بودجەی گشتی.
بڕی وەبەرهێنان لەم سێکتەرە لە 20٪ کەمتر نەبێت.
دروستکردنی ناوچەی پیشەسازی کشتوکاڵی تەواوکاری لەسەر ئاستی پارێزگاکان و کارکردنیان لەژێر سیستەمەکانی سەلامەتی خۆراکی جیهانی.
دەبێت کشتوکاڵ و پیشەسازییە وابەستەکانی، وەک سێکتەرێکی سیادی سەیربکرێت.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color