گرنگ

کەم خەوی، پەتای سەردەم


 
کەم خەوی، پەتای سەردەم
نەخەوتن تەنها بۆ یەک شەو دەبێتە هۆی کەمبونەوەی خانەی بەرگری لە لەشدا بەڕێژەی لە 70%
دکتۆر خالس ئەحمەد
پزیشکی شارەزای هەناو و ڕاوێژکاری تەندروستی پەرلەمان
بوار، تایبەت
خەوتن پڕۆسەیەکی ناچاڵاکی ژیاری و گرنگە . نزیکەی سێ یەکی ژیانی مرۆڤ پێک دێنێت .
هەر خەوتنێک مردنێکی سوکە و مرۆڤ لە کاتی نوستندا ۳ تا ٤ جار ، تەواوی جەستەی ئفلیج دەبێت تاوەکو لەکاتی خەوبینین توشی گرفتی خۆ ئازاردان یان ئازاردانی کەسانی نزیکی نەبێت .
دەرئەنجامی توێژینەوەکان پێمان دەڵێن ئەگەر مرۆڤ بۆ چەند شەوێک نەخەوێت ،دەمرێت .
کەم خەوی دەبێتە هۆی نەخۆشیەکانی :
دڵ و شەکرە و بەرزە فشاری خوێن و نەخۆشیە دەرونیەکان .
مرۆڤی گەورە پێویستی بە ۷ -۹ کاتژمێر خەوی هەیە بۆ دەروون و جەستەیەکی دروست .
نوستن بۆچی گرنگە ؟
٭ بۆ یادەوری ( زاکیرە) گرنکە .
لەکاتی خەودا ، زانیاری وەرگیراو ڕێکدەخرێتەوە و چارەسەر دەکرێت و دەگوازرێتەوە بۆ بەشی یادەوەری لەمێشک .
٭ لەکاتی خەودا، سیستەمی بەرگری دەماری چاڵاک دەبێت و مێشک ڕزگاردەکات لەو ماددە ژەهراویانەی(بێتا ئەمایڵۆید) ڕۆژانە لە مێشک دروست دەبێت ودەبێتە هۆی نەخۆشیە دەماریەکانی وەک ئەلزهایمەر و خەلەفان و هی تر .
٭ خەوتن گرنگە بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری لەش .
دەرکەوتووە کە تەنها یەک شەو نەخەوتن دەبێتە هۆی کەمبونەوەی خانەی بەرگری natural killer cell لە لەشدا بەڕێژەی لە ۷۰٪ .
لەبەر ئەوە، دوای کەم خەوی زیاتر توشی هەڵامەت و نەخۆشیە میکرۆبیەکان دەبین.
بەهۆی گۆڕانکاری لەشێوازی ژیان و پێشکەوتنە تەکنەلۆجیەکان ،ئێستا زۆرینەی خەڵک بەبڕی پێویست ناخەون ،بەتایبەتی گەنجان ئەمەش کاریگەری زۆری هەیە لەسەر توانای فیربوون و زیرەکی و تەندروستی و توانای بەرهەمهێنان لەتاک و کۆمەڵ
سەرەڕای زیانە دەروونی و تەندروستیەکان .
ئێستا لەووڵاتان بۆ بەرەنگاری پەتای کەم خەوی هەفتەی نیشتمانی هۆشیاری خەوتن ڕێکدەخرێت بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵ لەگرنگی و پێویستی و زیانەکانی کەم خەوتن .
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color