گرنگ

سەمای_مارەکان


 
(31)
نووسینی: ئوسامە جەمیل عەلی.
تایبەت بە بوار
ئەمن و یەك دووەکیدی چووینە ژۆرێ، دیتم ئاغە گۆپارەکی پێیەو لەبن هەیوانێ دێ و دەچی، ئاگری لە نیوچەوانی دەباری، بەوەیڕا دیاربوو مشەوەش بوو، شەش مەخزەنی بەستبوو، دوو لە کوڕەکانیشی سەرو کلاشینکۆفیان پێبوو، لەگە بابیان ڕاوەستابوون، چووینە پێش و سەلاممان کرد، ئەو دوو زەلامەی لەگەرم دابوون، زەندەقیان چووبوو، فەقیرانە قوڕگیان هیشك ببوو، لە ڕۆیشتن و ڕاوەستانێ لاقیان دەلەرزی، ئەمن کە ئاغەم دیت ئەوها توڕەیەو ئەو دوو زەلامەی لەگەریشم وەها هەناویان پسایە، ورەم دابەزی و ترسەک هەموو قالبی داپۆشیم، گۆتم: سەتا هەزار هەر بگەینە پێش ئاغەی دەمانداتە بەر گۆپاران، بەس خوا ڕەحمیکرد ئاغە دەستی نەوەشاند، بێئەوەی سەلامیمە وەرام بداتەوە، گۆتی: دیارە ئەو گوندە پیاوی تێدا نەمایە، ژن هاتینە پێش دەرکەیان لەمن گرتیە! گۆتم: وەڵلا ئاغە پیاو هاتن بەران جەنابت نووستبوویی و کەس نەوێرا خەبەرت بکاتەوە، ئاغە ئاوڕەکی لای کوڕەکانی داوەو گۆتی: وەیە؟ کوڕەکی سەری لەقاندو گۆتی: بەرێ بابە، قسەکەی وەیە، ئاغە بەینەکی تەماشای منی کردو ئەوجە گۆتی: باشە ئەتوو هاتی مامەستایی بکەیی و دەرسێ بە منداڵان بڵێی، یان هاتی کێشەو دۆخەی لەو گوندەی دروستکەی؟ گۆتم: ئاغە کێشەو دۆخەی چ، بڕوابکە خەرکی گوندی لەدوو منیان ناردیە، دەنا ئەمن تێکەری ئەو وەزعەی نەدەەبووم، ئەسلەن ئەگەر ئەو شەڕە ڕووینەدابا، ئەمە ئەوڕۆ کتێبمان دابەش دەکردو سبەی دوو سبەی دەستمان بە دەوامێ دەکرد، گۆتی: وەتێدەگەی ئەمن خەبەرم لۆ نەهاتییە خڕبوونەوەی ئەو ژنانە، بە تەکبیری جەنابتە! وەکی ئاغە ئەو قسەی کرد بەتەواوی ساردبووم، چونکە لۆم بەدەرکەت، هەر لەناو مزگەفتێ جاسووس هەبووینەو هەرچی گۆترایەو کرایە لۆ ئاغەیان نەقر کردیە! ئێك لە کوڕەکانی ئاغەی بێدەنگییەکەی شکاندو گۆتیە بابی: لێمگەڕێ با گوللـەکی لە تەختی نیوچەوانی دەم و وەکی سەی بیتۆپێنم! لە دری خۆم گۆتم: ئەی قوڕم بەسەری، ئاغە لەچاو کوڕی پەپولەیە، خۆ کوڕەکەی دەیەوێ لەو گۆڕەی بمکوژی! باشبوو ئاغە گۆتی: جارێ وەختی نییە، هەونکە بیکوژن، قادراغە دۆرمان لەدوو لێدەداو دەرێ: نادرۆك مامەستایەکی نەکووشت، بەڵکو زانست و زانیاری کووشت! کوڕەکەی ڕووی لەمن کردو گۆتی: زوو ببڕێنەوەو پێمانبرێ ئەو هەموو هەیتەتان لۆ هینایتە پێش دەرکەی؟ گۆتم: داوا دەکەن مەیتی چەکدارەکانی قادراغەی بدەنەوە، هەتا ئەویش مەیتی چەکدارینگۆ بداتەوەو ژنەکان مەیتەکان وەرگرنەوەو بیانشارنەوە، نادراغە گۆتی: هەر ئێستا پەرتەی بەو ژنانە دەکەی، پێشیان بڵێ ئەگەر قادرۆك مەیتەکانی مە بنێرتەوە، ئەمەش ئیوان دەدەینەوە! گۆتم: زۆر باشە دەستەکانت خۆشبی ئاغە، دوو زەلامەکەی لەگەرمبوون، غاریاندا دەستی ئاغەیان ماچکردو گۆتیان: خوا پایەدارتکا ئاغە، ئەوجە پشتاوپشت کشانەوە، ئیدی ئەمە چووینە دەرێ.
ژنەکان وەکی ئەمەیان دیت هاتینە دەرێ، هەموو بەرەو ڕووی مە هاتن، گۆتیان: چتانکردو ئاغە چیگۆ؟ گۆتم: بەرەو چارەسەری دەڕوا، یاڵلا بابڕۆینەوە لای مزگەفتێ، ئیدی ژنەکان بەدوومان کەتن و گەڕاینەوە لای مزگەفتێ، ئەمە گەیشتینەوێ، وەفدی ماری قادراغەش هاتنەوە، سەلامیان کردو گۆتمە مەلای گوندی: مامەستا چتانکرد؟ گۆتی: وەڵلا قادراغە دەرێ، هەتا نادراغە مەیتەکانم لۆ نەنێرتەوە ئەمن ئیوی نانێرمەوە! گۆتم: وابزانم ئەوەش دەبتە کێشە، زەحمەتە نادراغە بەو بڕیارەی ڕازیبی، مامەستا گۆتی: کاکە با ڕازیان کەین، مەیتەکان بیننە جێیەکی و لەوێ بیانگۆڕینەوە، گۆتم: ئەوجە کێندەر باشە؟ گۆتی: باشترین جێ، کەندە گووە، ئەو کەندە گووە کەتیتە بەینی هەردووکان، با هەر ئاغەی بینیتە وێندەرێ، گۆتم: باشە جێیەکی لەوێ باشتر نەبوو، یەعنی مەیتی ئینسانی ئەوەندە بێ قیمەتە لە گووخانەی بگۆڕدرێتەوە؟ مامەستا سەری لەبن گێی نام و گۆتی: ئەوەی بەو نەوعەی بچی، بەس لۆ گووخانەی باشە!
مایتی.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color