گرنگ

سەمای_مارەکان


 
(65)
وەختەکی ئێکەک گۆتی: جەنازەکەی بینن، برایەکی مندارەکەی چوو جەنازەکەی بینی، نازە لەوسەریڕا هات و تووند خۆی بەسەر جەنازەکەی داداو گۆتی: وەڵلاهـ نایێلم لەبن خۆرێی بنێن! برایەکانی هەرکووی هەبوو مندارەکەیان لەبن دەستی دەریناو بردیانە کن قەبرەکەی، برایەکی چووە ناو قەبری و جەنازەکەی وەرگرت و درێژیکرد، پاشان خۆریان بەسەرداکرد، وەکی قەبرەکەیان ڕێکهێخست و بلۆکیان لەولاو لەولا دانا، مەلای گوندی هاتە لای قەبرەکەیی دەستی بە قسانکرد، گۆتی: بەخۆتان دەزانن ئەو سەبیلۆکە(منداڵۆکە)تەلقینی ناوێ و پاک و خاوینە، بەران ئەنگۆ پێویستتان بەتەلقینەو ئەمن تەلقینینگۆ دەدەم، گێبدەنەمن: وەڵلا وەبیللا هەتا ئەنگۆی خەڵکی گوندی ئەوهابن و خۆتان بێدەنگکەن، هەتا ئەنگۆ چەکی لۆ زاڵمی هەڵگری و شەڕی لۆبکا، هەتا ئەنگۆ ئێکدی بکوژن، هەتا ئەگۆ خینی ئێکدی بڕێژن، بەبێئەوەی بزانن لۆ ئێکدی دەکوژن و خینی ئێکدی لۆ دەڕێژن، وەزعتان هەر ئەوها دەبی، خۆشەویست فەرموویتی: ڕۆژەک دادێ خەڵک ئێکدی دەکوژی، بێئەوەی بزانن لۆ ئێکدی دەکوژن، وەڵلاهی ئەوە ئەو ڕۆژەیە تێیکەتینە، کورە بەسە بگەڕێنەوەو لەخوای بترسن، وەڵلاهی ئەوەی یەک قەترە خینی بە ناهەق بڕێژی هەتا هەتایێ لە جەهەنەمێ دەناڵێنی، یاڕەبی خوایە زاڵم و ستەمکاری لەناوببەی، خوایە ئەوەی منداڵی خەڵکی دەکوژی، بیکوژی، خوایە ئەوەی جەرگی خەڵکی دەسووتێنی، جەرگی بسووتێنی، خوایە ئەوەی سەبەبکاری ئەو شەڕەیە، ڕسوای دنیاو قیامەتی بکەی! کە مەلای گوندی ئەو قسانەی دەکرد، خەرك هەمووی چاوی زەق ببۆوە، تەماشا ئێکدیان دەکردو کەس قسەی نەدەکرد، حەسەنەفەندی لە تەنیشتەمنبوو، گۆتم: کوی تێدەگەی؟ گۆتی: ئاخیر تەلقینیتی دەیدا، یان دەیکوژن، یان دەیگرن، یان لە گوندی دەریدەکەن، ئەو دوو ئاغەیە هەر ئەوەندەیە مەلایان دەوێ کە لۆیان پینەبکاو بارکەڵلایان لۆبکا، هەر مەلایەک بەکەیفی وان نەبی نایێلن خوتبەی بخینتەوە، ئەوجە ئاخیری مامەستای خێربی!
مەلا قسەکانی تەواوکردو سەرو فاتیحەمان هەدیەکردو گەڕاینەوە لۆ ناو گوندی، ئەمە زۆربەمان بەڕێکەتین، بەران کەسوکاری مندارەکەی مانەوە، هەتا تەواوەک لە قەبرستانی دوورکەتینەوە، هەر گێم لە نارەو نزای نازەیبوو، نازە هەناوی ببووە تەندورەک و دەسووتا، لەگەر سووتانی ویش ئەمن سەت جار دەسووتام و دەبرژام. ئای برینی نازەی چەند قۆرە، خوای گەورە بە هانای بێ.
لەڕێیێ گۆتمە مام قەتۆی دەبی تازیەی دابنێن؟ گۆتی: تازیەی چ مامۆستا، لۆ کەسوکاری ئەو منداڵەی خواردن و خەویان هەیە، هەتا تازیەی دابنێن، بیست و چار سعات لە حەرەسیاتی دانەو تفەنگیان لەدوڕ دەستیدایە، گۆتم: کوو لە قسەکانی مەلای دەگەی؟ گۆتی: قسەی هەقیکردن و ئەو قسانەش سەری دەخوا، گۆتم: لۆ؟ گۆتی: بەلاشە قسەی لۆ ئەو خەڵکەی بکە، قسەی بە مەلای دەکەن و ناشیپارێزن، سبەینێ وەکی چشتەکی لێهات، دەڵێن کوو وەیلێنایێ، دەزانی قسەی کووی دەکرد!
گەیشتینە ماری مام قەتۆی، حەسەنەفەندی گۆتی: مام قەتۆ ئێستا دێم لەفاف و لۆکەکەی برینت دەگۆڕم، بەران زوو فریای خۆتکەوەو بەیانی زوو خۆت بگەینە شاری، با برینەکەت لێ پیس نەبی، مام قەتۆ گۆتی: خوا کەریمە هەرکووی هەبی عیلاجەکی خۆم دەکەم، چووینەوە ژۆرێ و حەسەنەفەندی برینەکەی تیمارکردو خواحافیزی کردو ڕۆیی، ئەمەش بەینەکی لەگەر مام قەتۆی دانیشتین و پاشان ڕوخسەتمان وەرگرت و چووینە ژۆرەکەی خۆمان، سعات دەوری دوازدەی شەوێبوو، لەگەر شکۆی تەکبیری ئەوەمانکرد هەرکووی هەیە خۆ وەگە مام قەتۆی بدەین و بڕۆینەوە شاری، کەلوپەلمان پێچاوەو جلکمان گۆڕی و لێمان پارداوە.
لەگەر دەنگی تەقەی بەخەبەرهاتین، قیتبوومەوەو دەرکەم کردەوە، دیتم مام قەتۆو مندارەکانی چەکیان پێیەو لەبن هەیوانێ ڕاوەستاینە، گۆتم: دەبی ئەو تەقوتۆقە چبی دیسان و بەسەر ماری کێیان دادابی؟ بایز گۆتی: سەتاسەت بەسەر ماری مەلای گوندیان دادایە، دەنگی تەقەکەی هەمووی لەوێدێ!
مایتی.
نووسینی: ئوسامە جەمیل عەلی.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color