گرنگ

سەمای_مارەکان


 
(79)
حەسەنەفەندی هاتە بەینی من و چەکدارەکان، گۆتی: وەرن ئەمن بگرن نەک مامۆستای، کێشکە عەیب ناکەی، وەتلێهات مامۆستای مەکتەبێ لەسەر قسەکی بگری، ئەوجە وەرن دەوی ئەو خەڵکە ببەستن و مێلن کەس زمانی بگەڕێ! کێشکە گۆتی: گێت لێنەبوو چیگۆ، بەمن دەڵێ چەلاوخۆر، عەیب ناکا؟ حەسەنەفەندی گۆتی: وەڵلا خەتای تووبوو، بشیگری دەچمە کن ئاغەیی و دەڵێم کێشکە بوویتە عەنتەر و بەڕاست و بەچەپ ئەزیەتی خەڵکی دەکا، دەڵێم وەڵلا ئاغە هەتا ئەتوو ساحێبی کێشکەی بی، کەس ئەتووی خۆشناوێ! کێشکە وەکی گێی لەو قسەیبوو، ساردبۆوەو گۆتیە چەکدارەکان: واز لە مامۆستای بینن، وەرن بابڕۆین، ئەو کێشە دەبی بگاتە ئاغەی، وەیە یان نا جەماعەت؟ چەکدارەکان گۆتیان: وەیەو تەواو! ئیدی کێشکەو چەکدارەکان ملی ڕێیان گرت و ڕۆیشتن، ئەمنیش باشبوو بە هیممەتی حەسەنەفەندی لە دەردو بەرای کێشکەی قورتاربووم، بەڕێکەتین و حەسەنەفەندی گۆتی: ماڵت خرانەبی مامۆستا، خەریکبوو تووشی بەڵای خۆتببی، گۆتم: چ بزانم کێشکە ئەوها خۆڕیە، وەڵلا لە قورپی گەڕامەوە، گۆتی: کاکە ئاگات لەخۆبی، وەڵلا ئێستا ئاغە بڵێ کێشکە بڕۆ مامۆستام لۆ بکوژە، ناپرسی لۆ بیکوژم، دێ هەتا گوللـە دەگری لە تەختی نیوچەوانت دەداو زۆر دڵیشی خۆشدەبی بەو ئیشەی، برام ئەوانە لەخوای ناترسێن نا! گۆتم: هەونکە کێوە بچین؟ گۆتی: دەچینە لای ماڵێ و چاوەڕێی هیممەتی مام سوارۆ و مام شێرۆی دەکەین، گۆتم: وەڵلاهی مامەستا شکۆ گوناحە، یەک عەیبی هەیە، گێ ناداتە قسەی کەس، چی بچیتە مێشکی دەکا، زۆر دەترسێم خۆی بە فەتارەت بدا، حەسەنەفەندی گۆتی: خوا دەیپارێزی ئیشاڵلا، بەشکو ئەو گیرانە لۆی ببیتە دەرس.
دوو سێ ڕۆژ تێپەڕی و هیچ دەنگ و باس نەبوو، ئەو جەماعەتەی چووبوونە لای قادراغەش لۆ بەردانی مەلای، هیچیان پێنەکرابوو، قادراغە پێی گۆتبوون؛ بەخۆم مەلایەکی دەبینمەوەو لەجێی ئەوەی دادەنێم لۆ خوتبەی، ئەوجە ئەو مەلایەی بەردەدەم، نابی خوتبەش بخینتەوەو دەبی بەس پێشنوێژی بکا، ئەمن و حەسەنەفەندی زۆرمان خەمی شکۆیبوو، وەختەکی ئێك لە کوڕەکانی مام سوارۆی هات و گۆتی: مام شێرۆ گەیشتە گوندی و چووە ماڵی نادراغەی، درمان خۆشبوو، گۆتمان ئیشاڵلا چارەی وەزعەکەی دەکاو هەردووکان بەردەدا، حەسەنەفەندی گۆتی: هەستە بابچینە ماڵی مام سوارۆی و لەوێ چاوەڕێی خەبەرەکەی بکەین، گۆتم: بابچین.
بەڕێکەتین لۆ ماری مام سوارۆی، کە گەیشتینە لای کانی گوندی، ژنەک بەرامبەرمان دەهات، دیقەتم دایێ هەر ئەو ژنەبوو کە چەند ڕۆژەك پێش ئێستا لەگەر مامەستا شکۆی بینم، دیسان مێشکم ڕۆیی و گۆتم: خوایە ئەو ژنەم لەکێ دیتیە؟ لەو خەیارانە دابووم، گەیشتە من و حەسەنەفەندی، بەلاچاوەکی تەماشایەکی منی کردو زەردەخەنەکی لۆ کردم و چاوەکی لێقووچاندم و تێپەڕی! سۆر هەرگەڕام، یەکەمجارمبوو کچ چاوم لێبووقچێنی، ئاخر هەر کوڕ چاوی لە کچان دەقووچێنی، لۆیێ گۆتمە حەسەنەفەندی: ئەرێ ئەو کیژە کێبوو؟ حەسەنەفەندی بڕەک تەماشایکردم و گۆتی: وریای خۆتبە، نەکەی لێی نێزیکبیەوە و نێڵی لێت نێزیک بیتەوە، گۆتم: لۆ؟ گۆتی: زۆر پەسند نییەو قسە هەیە کەین و بەینەکی لەگەڵ کوڕی ئاغەی هەبی، کە حەسەنەفەندی ئەو قسەیکرد یەکسەر بەبیرم هاتەوە ئەو کچە ئەوەبوو کە لەناو داروبارەکان دیتم، وەکی لەگەر کوڕی قادراغەی لێكئارابوون، گۆتم: ئێ ئێ، دەی دەی، ئێستا تێگەیشتم، حەسەنەفەندی گۆتی: لەچ گەیشتی؟ گۆتم: لە هیچ شتەکی وانییە، گۆتی: قسەی لەمن دەشاریەوە، پێمبڵێ بزانم لەچ گەیشتی!
مایتی.
نووسینی: ئوسامە جەمیل عەلی.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color