گرنگ

سەمای_مارەکان


 
(80)
گۆتم: وەڵلاهی چت لێبشارمەوە، ڕۆژەکی لەناو داروبارەکانی دەورەی گوندی پیاسەم دەکرد، وەختەکی گێم لە خشپەخشپ و هانەهانەکیبوو، وەکی نێزیکبوومەوە، دیتم ئەو کیژەو کوڕی قادراغەی وا تێکئاراینەو چووینە هەوای خۆیان! حەسەنەفەندی گۆتی: خۆ نەیاندیتی؟ گۆتم: ناوەڵلا، بەران هەستیانکرد ئێکەک لەوناوەیە، قیت بوونەوەو لەدوو من گەڕان، بەس باشبوو نەیاندیتم، بەران وەکی گەڕامەوە، سەلمانەشێتم دیت، ئەو گۆتی: چت دیت؟ دیاربوو ئەو ئاگاداری وەزعەکەیبوو، گۆتی: بەگێی من بکە، ئەتوو و مامۆستا شکۆ هەتا پێتان دەکرێ لەو ژنەی دووربن، ئەوە لەماڵی ئاغەی نێزیکە، بەینێدی ئێکەک دیتبووی چووبووە سەر کانی ژنان و دەنگی ژنانی بەدزی تەنزیل(تەسجیل، ڕیکۆردەر)کردبوو، کوڕی ئاغەی ئەو جیهازەی لۆ کڕیەو جاسووسی پێ لەسەر خەڵکی گوندی دەکا، کەس ناوێری لێی نێزیکبیتەوەو قسەی لەگەڵبکا، گۆتم: وەڵلاهی خەمی مامەستا شکۆمە، دوو سێ جار باسی ئەو کچەیکرد، وەکی برێی لۆی لێدرابی، گۆتی: با لەسەرخێران بەربی، ئەمن بەخۆم قسەی لەگەڵ دەکەم.
گەیشتینە ماری مام سوارۆی، لە دەرکەمانداو چووینەژۆرێ، دیاربوو مام سوارۆ و مندارەکانی دانیشتبوون و چاوەڕێی هیممەتی مام شێرۆی بووین لە ماری نادراغەی، لەدووریڕا لەبەرمان هەستانەوە، سەلاممان کرد و لەولاو ئەولای مام سوارۆی دانیشتین، پاش بەخێراتن و چاکوچۆنی، مام سوارۆ گۆتی: گێملێبووە، دەڵێن قەولە چەکدارەکانی قادراغەی مەتکەبی چۆڵکەن، ئەگەر وابی شتەکی باشەو منداڵ دێنەوە بەر خیندنێ، ئەمن و حەسەنەفەندی زۆر درمان خۆشبوو بەو قسەی، گۆتمان ئیشاڵلا ڕاستە، بەڕاستی خەبەرەکی خۆشه، بەس ئەتوو لەکێت گێ لێبووە؟ گۆتی: خزمەکم پیاوی قادراغەیە، ئەو گۆتی: قادراغە باسی کردیە، بەران کێشکەی خۆڕی ساردی کردیتەوە، گۆتیتی ئاغە لێمەگەڕێ مەتکەب ببتەوە، ئەو منداڵانە بچنە مەتکەبێ چاویان دەبیتەوەو هەموویان زددی توو ڕادەوەستن! حەسەنەفەندی گۆتی: ماشەڵلا کێشکە خۆڕیە، هەتا قسەی خراپ هەبی ئی چاک ناکا، مام سوارۆ گۆتی: مادام قادراغە ئەو قسەی کردیە، مەتکەبی هەر دەکاتەوە، ڕەنگە ئیشی بەکردنەوەی مەتکەبێبی، گۆتم: ئیشی چی پێیە؟ گۆتی: دەیەوێ تۆزەک سومعەی خۆی لەناو خەڵکی بینتەوە، ئێ مەتکەبی گوندەکانی دەوروبەرمان هەمووی هەیە، ناکرێ بەس گوندیمە نەیبی، حەسەنەفەندی گۆتی: وەڵلا پار جارەکی گازی منی کرد، گۆتی: پێمبڵێ ئەنگۆ چ دەرسەکی بەتەلەبان دەڵێن، گۆتم: مەخسەدت چییە؟ گۆتی: تەلەبەی فێرکەن، لەگێ و حەمدی سەرەوەی خۆیانبن و ئەو دەرسانەش تەرککەن کەباسی حاکمی زاڵم و ستەمکار دەکا، پێیان بڵێن ئاغە گەورەی گوندیەو دەبی هەموو خەڵک بەگێیبکا، هەرکەسەک ئەمری ئاغەی بشکێنی ئەمری خوای شکاندیە، گۆتم: ئاغە شتی وا کوودەبی؟ گۆتی: دەبی و تەواو، بە مەلای گوندیشم گۆتیە لە هەموو خوتبان دوعام لۆبکا، گۆتم: وەڵلا حەسەنەفەندی هەر ئەوەمابوو، گۆتی: ئەوجە ئەوەچییە، بەین بەین زەلامەکی دەنێری و دێ لەنا دەرسێ دادەنیشی، بزانی ئەمە باسی چدەکەین و چ بە تەلەبان دەڵێین، مام سوارۆ گۆتی: وەڵلا ئەو دوو ئاغە بەس مایە شەوێ بێن لەبەینی مەو ژنەکانمان بنوون، بزانن چدەکەین و چناکەین!
مایتی.
نووسینی: ئوسامە جەمیل عەلی.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color