گرنگ

لە کەرکوک پەرشوبڵاوترین پێکهاتە كوردە کە بە حەوت لیست و هاوپەیمانێتی بەشداری هەڵبژاردن دەكات


 

راپۆرتی شیكاری تایبەت

بۆ مسۆگەرکردنی دوانزە کورسی پارێزگای کەرکوک، 13 لیست و هاوپه‌یمانێتی‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ لەکێبڕکێدا دەبن. پەرشوبڵاوترین پێکهاتەی نەتەوەیی لەکەرکوک پێکهاتەی كوردە، چونکە بە حەوت لیست و هاوپەیمانێتی جیاواز بەشدارییان کردووە.
بۆ پەرلەمانی عێراق پارێزگای کەرکوک ١٣ کورسی هەیە، بەڵام یەکێک لە کورسییەکان بەر سیستمی کۆتا دەکەوێ بۆ کەمینەکان، بەمەش کێبڕکێی لایەنەکان لەسەر ١٢ کورسییەکەی ترە.
حزب و لایەنە کوردییەکان بە شەش لیست و هاوپه‌یمانییەك، حزب و لایەنە توركمانەکان بە یەك لیست و هاوپه‌یمانیەك‌، لایەنە عه‌ره‌بییەکان بە دوو لیست و هاوپه‌یمانێتییەوە دەچنە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ كێبركێ‌ كردن لەسەر بەدەست هێنانی 12 كورسیەكەی پارێزگای كەركوك.
بەپێی یاسای نوێ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پارێزگای كەركوك دابەشكراوە بەسەر (3) بازنەی هەڵبژاردندا، بازنەی یەك لە پێنج كورسی ( 4 پیاو و یەك ژن ) بازنەی دووەم 4 كورسی ( 3 پیاو و یەك ژن ) بازنەی سێیەم 3 كورسی ( 2 پیاو و یەك ژن) پێكهاتووە ، پشت بەستن بە ئەنجامی دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ئایاری ساڵی 2018 بوار میدیا شیكاری بۆ ئەنجامی كورسییەكانی پارێزگای كەركوك دەكات.

بازنەی یەك ( رۆژهەڵات)
بازنەی یەك (رۆژهەڵات) لە قەزای دبس و ناحیەكانی ئاڵتوون كۆپری و لەیلان و گەرەكە كوردییەكانی رەحیماواو عەرەفەو ئەڵماس و ئیسكان و راپەرین و شۆریجەو رزگاری و گەرەكێكی توركمان نشین بەناوی موسەڵڵا پێكهاتووە لەم بازنەیەدا پێنج كورسی بۆ دیاری كراوە و دەبێت چوار كاندیدی پیاو یەك كاندیدی ژن سەربكەوێت، پێكهاتەی عەرەب و توركمان ناتوانن لەم بازنەیەدا هیچ كورسیەك بەدەست بهێنن ، پێشبینی دەكرێت لەم بازنەیەدا كە هاوپەیمانی كوردستان كە لە یەكێتی و گۆران پێكهاتووە چوار كورسی ( سێ‌ كاندیدی پیاو و یەك كاندیدی ژن) مسۆگەر دەكات كە سەرجەم كاندیدە دەرچووەكان یەكێتی دەبن كە بەهێزترین كاندیدیش لەم بازنەیە ئاڵا تاڵەبانی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیە، تاكە كاندیدەكەی پارتی لەم بازنەیەدا دەردەچێت كە شاخەوان دەلۆ ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراقە، حزب و پارتە سیاسیەكانی دیكەی كورد ناتوانن كورسی لەم بازنەیەدا مسۆگەر بكەن كە ئەوانیش پێكهاتوون لەنەوەی نوێ‌ و بزوتنەوەی ئیسلامی و سۆشیالیست و زەحمەت كێشان و هاوپەیمانی نیشتمانی هەرچەندە سەرجەمیان سەروو یەك كاندیدیان لەم بازنەیە دیاریكردووە، هەرچەندە نەوەی نوێ‌ چاوی لەوەیە لەم بازنەیەدا ئومێد محەمەد پەیامنێری NRT لە بەغداد دەربچووێنێت بەڵام چانسی لاوازە.

بازنەی دوو ( قەزای ناوەند)
بازنەی دووەمی پارێزگای كەركوك كە كۆمیسۆن بە بازنەی قەزای ناوەند دیاریكردووە پێكهاتووە لەتسعین یەك ‌و دوو، قۆریە، قەزای داقوق، رێگای بەغدا، واستی، راپەرین 2، ناحیەكانی تازە - رشاد 1، ناوەندەكانی 2 و 3 ی موسەڵڵا، حەی عەسكەری، خاسە، سەورە، ناحیەكانی ریاز – 3 و یایچی – 1 و 2 ) ململانێ‌ی پێكهاتەكان لەم بازنەیە لەهەموو بازنەكانی تر گەمتر دەبێت كە كورد بە تایبەت (یەكێتی و پارتی) دەیانەوێت دەنگی كاكەكییەكان بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن، عەرەب و توركمانی كەركوكیش دەیانەوێت پارێزگاری لەژمارەی كورسییەكانیان بكەن.
بەپێ‌ی بەدواداچوونی بوار نیوز، هاوپەیمانی بەرەی توركمانی عێراق بەهێزترین هاوپەیمانیە ئەم بازنەیە كە پێشبینی دەكرێت ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی پێشووی بەرەی توركمانی عێراق و سەوسەن جدوع كورسی پەرلەمانی مسۆگەر بكەن، هەر لەم بازنەیەدا پێشبینی دەكرێت گردبونەوەی عەرەبی بەسەرۆكایەتی راكان سەعید جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك كورسیەك مسۆگەر بكات، ئەوەی دەمێنێتەوە كورسی چوارەمی ئەم بازنەیە كە كێبركێ‌ی هەڵبژاردنی كەركوك گەرمدەكات كە یەكێتی چاوی لەوەیە لەرێگەی ئەو كورسیەوە ژمارەی كورسیەكانی بكات بە 5 كورسی و پارتی دەیەوێت ژمارەی كورسیەكانی بكات بە دوو كورسی و هاوپەیمانی بەرەی توركمانی عێراقیش كە ژمارەی كاندیدەكانی لەم بازنەیە چوار كاندیدە دەیەوێت دەرچوونی پیاوێكی دیكە لە كاندیدەكان دەربچووێنێت، هەرچی هاوپەیمانی گردبونەوەی عەرەبی كەركوك بەهۆی ئەگەری لەدەستچوونی كورسیەكی لە بازنەی سێیەم بەهۆی بەهێزی هێزە شیعەكان دەیەوێت لەم بازنەیە دوو كورسی بەدەست بهێنێت و قەرەبووی كورسیە لەدەستچووەكەی بازنەی سێ‌ لەم بازنەیە بكاتەوە.

بازنەی سێ‌ (حەویجە و ریاز )
ئەم بازنەیە كە بە بازنەی حەویجە و ریاز لەلایەن كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ناوهێنراوە لە قەزای حەویجە 1 و 2 ، ناحیەی تازە، ناحیەی رەشاد 2، ناحیەی عەباسی، ناحیەی ریاز 1 و 2، ناحیەی زاب 1، 2، قەزای دبس 2 پێكهاتووە، لەم بازنەیە كورد هیچ كورسییەك بەدەست ناهێنێت و هاوپەیمانی عەرەبی كەركوك بە مسۆگەری دوو كورسی بەدەست دەهێنێت و هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆكایەتی هادی عامری بەهۆی بوونی رێكخراوی بەدرو لیوای 56ی حەشدی شەعبی ئەگەری هەیە كورسییەك هاوشێوەی هەڵبژاردنی پێشوو بۆ پەرلەمانی عێراق بەدەست بهێنێت.

دەرنجام
بەپێ‌ی ئەو بەدواداچوونەی بوار میدیا پشت بەستن بە ژمارە و كورسی هاوپەیمانی و لیستەكانی دیكە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەوەی بۆ دەركەوتووە، لە ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لەمانگی ئۆكتۆبەری 2021، هاوپەیمانی كوردستان لەناویدا یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەگەری بەدەستهێنانی 5 كورسی هەیە و پارتی 1 كورسی و هاوپەیمانی عەرەبی كەركوك 3 كورسی و هاوپەیمانی بەرەی توركمانی 2 كورسی و هاوپەیمانی فەتح ئەگەری بەدەستهێنانی یەك كورسی هەیە كە ئەویش كاندێكی توركمانی شیعە مەزهەبی پارێزگای كەركوك دەبێت.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color